كورد دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقی جێ هێشت

:: PM:12:10:24/07/2017 ‌

سەرجەم ئەندامانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كشانەوە، ئەگەری وەستانی دانیشتنەكان هەیە بەهۆی تەواو نەبوونی ژمارەی یاسایی.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی تەمووز، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارمان داوە سەرجەم پەرلەمانتارە كوردەكان نەچینە دانیشتنەكانی ئەنجوومەن بەهەر پێنج فڕاكسیۆنەكە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت، ئێمە دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران دڵنیاییمان پێ بدات لە پێدانی پارەی گەنمی جووتیاران و پێدانی بەشە دەرمانی هەرێمی كوردستان، ئینجا دەچینە دانیشتنەكان.

جاف زیاتر گوتی، بە بایكۆتی هەموو كورد ئەوە ڕوون دەبێتەوە، كورد چیتر ئەم غەدرە قبووڵ ناكات وەك نەتەوە یەك هەڵوێستمان هەبێت و بڵێن ئێمەین داكۆكی لە مافەكانمان دەكەین وەك سوننە لەماوەی ڕابردوو كردیان و ئەنجامێكی باشیان هەبوو.

دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پرسی بودجە و دیاریكردنی پشكەكانی شارەكانە بەشێوەیەكی گشتی، لە دوایین كۆبوونەوەی نوێنەرانی كورد لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێی ڕاگەیاندبوون بە قاچاخ مامەڵە بەدەرمان دەكەن.



وشە - رامیار جەواد