عەبادی بە داواكارییەكانی كورد ڕازی بوو

:: PM:02:08:24/07/2017 ‌

چوار ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ بوونەوە بەمەبەستی ڕەتكردنەوەی ئەو تانانەی عەبادی لەسەر موستەحەقاتی جووتیاران و پارەی دەرمانی كوردستان نووسیبووی، عەبادیش بە داواكەیان ڕازی بوو.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی تەمووز، زانا ڕۆستایی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چوار ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی، ئەمڕۆ لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ بوونەوە بەمەبەستی پەشیمانكردنەوەی لەسەر ئەو تانانەی لە بودجەی تەواوكاری نووسیبووی.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، عەبادی بە داواكەی كورد ڕازی بووە و بڕیاری كشاندنەوەی سەرجەم تانەكانی داوە كە 19 تانەی دابوو كە بەشێكی پێوەندی بەپارەی دەرمانی هەرێمی كوردستان و پارەی گەنمی جووتیاران و پارەی موستەحەقاتی پێشمەرگە هەبوو.

بودجەی تەواوكاری كە بڕەكەی حەوت ترلیۆن دینارە، نزیكەی سێ ترلیۆنی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی كە حكوومەتی عێراق لە بودجەی 2017 نرخی بەرمیلێك نەوتی بە 42 دۆلار مەزندە كردووە، كەچی لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەگوێرەی راپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی، عێراق بەرمیلێك نەوتی بە 44 دۆلار و نیو فرۆشتووە، ئەو سێ ترلیۆن دینارەش دەرئەنجامی جیاوازی نرخی خەمڵاندن و نرخی فرۆشتنە.



وشە - رامیار جەواد