ڕووداوێكی هاتوچۆ شەش قوربانی لێ كەوتەوە

:: PM:02:29:24/07/2017 ‌

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم لە ڕێی هەولێر- دهۆك لە سنووری شارۆكەی بەردەڕەش، ڕووداوێكی هاتوچۆ بووە هۆی گیان لەدەستدانی كەسێك و برینداربوونی پێنجی تر، ئەمە وێڕای زیانی زۆری مادی كە بەر هەردوو ئۆتۆمبێلەكە كەوت.

ئازاد تەها بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕووداوێكی هاتوچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پیكاب لە ڕێی خێرایی دهۆك- هەولێر لە سنووری شارۆكەی بەردەڕەش ڕووی دا.

هەروەها گوتی، بەهۆی ڕووداوەكەوە كەسێك گیانی لە دەست دا و پێنجی تریش بریندار بوون، تیمەكانی فریاگوزاری بەخێرایی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و بریندارەكان گەیەنرانە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ئاكرێ.

ئاماژەی دا، ڕووداوەكە ڕێك لە نێوان گوندی چەمە و شارەدێی ڕووڤیای 15 كیلۆمەتر ڕۆژهەڵاتی شارۆكەی بەردەڕەش ڕووی داوە، هۆكارەكەیشی بۆ خێرا لێخوڕینی شوفێری هەردوو ئۆتۆمۆبێلەكە دەگەڕێتەوە، لێكۆڵینەوەی زیاتریش لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆی شارۆكەی بەردەڕەش دەستی پێ كردووە.

بەگوێرەی ئامارێكی فەرمی كە دەست "وشە" كەوتووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە 547 ڕووداوی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای دهۆك ڕووی داوە و لە ئەنجامدا 109 كەس گیانیان لە دەست داوە و 519 كەسی تریش بریندار بوون، نزیكەی هەزار ئۆتۆمبێلیش زیانی زۆری مادییان بەركەوتووە و بە تەواوی تێكشكاون.

بەردەڕەش/ نەوزاد هلۆری.





وشە - باز ئه‌حمه‌د