خێرایی لێخوڕین لە شەقامەكانی هەولێر كەم دەكرێتەوە

:: PM:04:54:31/10/2016 ‌

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر پێشنیازی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگەی شاری هەولێر كردووە كە خێرایی لێخوڕین لە چەند شەقامێكی هەولێر كەم بكرێتەوە، وردەكارییەكانی بەمشێوەیەی خوارەوە.

بەگوێرەی نووسراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، سبەی سێشەم یەكی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا پرسی كەم كردنەوەی خێرایی لێخوڕین لە چەند شەقامێكی هەولێر تاوتوێ دەكرێ، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێرەوە بۆ ئەنجوومەن پێشنیاز كراوە.

سەوری عیسمەت ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر داوای كردووە لە ژێر بەرز پردی كاكە زیادی كۆیە تا كەسنەزان، خێرایی لەو شەقامە كەم بكرێتەوە بۆ 60 و هەروەها لە شەقامی پیرمام خێرایی لێخورین لە 80 ەوە زیاد بكرێ بۆ 100 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا.

هەروەها گوتی، پێشنیازەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر سبەی سێشەم لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەخرێنە ڕوو و گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.

جێی باسە خەڵكی هەولێر و كوردستان بەگشتی ناڕەزایی و نیگەرانی زۆریان لە خراپی سیستەمی هاتوچۆی كوردستان و پۆلیسی هاتوچۆ و دانانی كامێرای هاتوچۆ هەیە، چونكە بەگوێرەی ستاندارە جیهانییەكان هەر وڵاتێك شەقامی خێرا "ئۆتۆبان"ی هەبێ، ئەوكات دەتوانێ لە شەقامەكانی تر كامێرای هاتوچۆ دابنێت.




وشە - رامیار جەواد