توێژینەوەیەكی ئیتاڵی: رووەكی سەوسەنی كوردستان خانەكانی شێرپەنجە لەناو دەبات

:: AM:09:11:25/07/2017 ‌

هەوراز ئیبراهیم هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە پسپۆڕی وردی كیمیایی ئەندامی و لێكۆڵەر لە شیكردنەوەی پێكهاتەی كیمیایی بەرهەمە سروشتییەكان بە هاوبەشی زانكۆی "پاڤیا"ی ئیتاڵی و زانكۆی سەڵاحەدین لە كوردستان، لە توێژینەوەیەكی زانستیدا وەك بەشێك لە نامەی دكتۆرا بە مەبەستی پشكنین و دەرخستنی بەهای زانستی پێكهاتەكانی رووەكی سەوسەن لەژێر ناوی زانستی (Iris persica L.) لە چیاكانی كۆڕەك و هەڵگورد لە كوردستان كە بەشێوەیەكی ‌خۆڕسك گەشە دەكەن، بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بۆ هەریەك لە (گوڵ و گەڵا و سەلك و رایزۆم)ی ئەم رووەكە ئەنجام دراوە لە دۆزینەوە و بەدەستهێنانی زانیاریی ورد لەسەر بنەمایەكی زانستی لە ‌‌‌چارەسەرەكردنی هەوكردن و لەناوبردنی خانەی شێرپەنجەیی، دەگەن بە دۆزینەوەی چەند ئەنجامێكی زانستیی دڵخۆشكەر.

توێژینەوەكانی هەوراز ئیبراهیم مامۆستا لە فاكەڵتی زانستی زانكۆی سەڵاحەدین بەشی كیمیا، دەگەن بە ئەنجامی گرنگ لە داهاتووی بەرهەمهێنانی دەرمانی سروشتی لە رووەكی سەوسەن دژ بە گەشەی هەڕەمەكی خانەكانی شێرپەنجەیی و بەكتریا و كەڕوو و دژە ئۆكسان كە بەهۆی سەرهەڵدانی نەخۆشییە مەترسیدارە سەردەمییەكان هەژمار دەكرێن بۆ تەندروستی مرۆڤ لە سەرانسەری دنیادا.
دەستپێكی كارەكانی هەوراز ئیبراهیم، بە كۆكردنەوەی نموونەی زانستی بەرچاو لە رووەكی سەوسەن بوو لە بەشەكانی (گوڵ و گەڵا و سەلك و رایزۆم) كە پێشتر لەلایەن هاووڵاتییانی ناوچەكە بەمەبەستی چارەسەری هەوكردنی برین و لابردنی گرێ بەكار هاتوون، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و دوور لە بنەمای زانستی و بێگوێدانە هەر ئەگەرێك كە لێكەوتی خراپی بۆ جەستەی مرۆڤ و ئەندامەكانی لەشی هەبێت. دواتر گواستنەوە و پرۆسەی شیكردنەوەی كیمیایی پێكهاتەكانی رووەكی سەوسەن دەست پێ دەكات لە تاقیگە پێشكەوتووەكانی زانكۆیی پاڤیای ئیتاڵیا كە خاوەن مێژوویەكی كۆن و خزمەتێكی بەرچاوی زانستییە و ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە دۆزینەوە زانستییەكان. 
هەوراز لەژێر چاودێریی پڕۆفیسۆر (جیۆڤانی ڤێداری) لە زانكۆیی ئیتاڵییەكە و پڕۆفیسۆر (فایەق حمەسەعید) لە زانكۆی سەڵاحەدین كە خاوەنی ژمارەیەكی بەرچاو لە بڵاوكراوەی زانستی و بەشداریین لە چەندان كۆنفرانسی نێودەوڵەتی و سەرپەریشتیاری چەندان قوتابیی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكاندا، دەستی بەكار كرد. 
بەشە جیاوازەكانی رووەكی سەوسەن بە پرۆسەی وشكردنەوە و هاڕیندا تێپەڕێنرا و دواتر لەسەر شێوەی پاودەر یا هاڕاوە، خرایە ژێر هۆكارەكانی یەكخستنی پێوانەیی جیا، وەك لێكۆڵینەوەی كیمیایی، فیزیكی و ناوەڕۆكی شێ، پاشان تەكنیكی (ICP-AES/ICP-MS) بەكار هات بەمەبەستی شیكردنەوە و پوختكردنی 65 جۆر توخم لە بەشە هەوایییەكان و ڕەگی رووەكی سەوسەن.
پوختەی زۆر لە (گوڵ و گەڵا و سەلك و رایزۆم) بە ڕێوشوێنی جۆراوجۆری كرۆماتۆگرافی جیا كرانەوە و شیكردنەوەیان بۆ كرا، ئەنجامەكان ئەوەیان دەرخست كە ئەم بەشانەی رووەكی سەوسەن پێكهاتەی زۆری تێدا بەدی دەكرێت، هەر لەبەر ئەو هۆكارە، وردتر هەوڵی جیاكردنەوەی ئاوێتە زیندە چالاكەكان و هەڵسەنگاندنی تایبەتمەندییەكانی كرا وەك دژە بەكتریا و دژە ئۆكسان و ئاستی ژەهراویبوون، لەڕێی ئەنجامدانی تەكنیكی جۆراوجۆر لە پارچەكردن و پاككردنەوە بە بەكارهێنانی كرۆماتۆگرافی شل بە پەستانی مامناوەند  (MPLC)، پوختەكردنی دۆخی رەقی (SPE)، پوختەكردنی دۆخی شلی  (LCC)، كرۆماتۆگرافی چینی تەنك  (TLC)، كرۆماتۆگرافی ستوونی (CC) و تەكنیكی شەبەنگی ناسراو بە (IR, UV, NMR and MS) وەك ئامێری جیا كەرەوە.
لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەیەكی ورد لە كۆكردنەوە و وشكردنەوە و هاڕین و شیكردنەوەی پێكهاتەكانی رووەكی سەوسەن، ئەنجامەكانی توێژینەوەكە گەیشتن بوو بە "دۆزینەوە و پوختەكردنی پێكهاتێكی نوێ" بۆ یەكەم جار لە گوڵ و گەڵاكانی رووەكی سەوسەن لەژێر ناو و پێكهاتەی كیمیایی تایبەت:
apigenin 7,4'-dimethyl ether 6-C-glycoside-2"-O-rhamnoside (-)-
پاشان بەمەبەستی ئەنجامدانی تاقیكردنەوە زانستییەكان و دەرخستنی ڕۆڵی ئەو پێكهاتە نوێیەی رووەكی سەوسەن كە ئاخۆ چ ڕۆڵ و كاریگەرییەكی سروشتی دەبێت وەك (دژە ئۆكسان، ژەهراویبوونی خانەیی، دژەبەكتریا و دژەكەڕوو). هەر بەو هۆیەوە پشكنینی (MTT assay) بەكار هێنرا بەمەبەستی دەرخستنی چالاكی ژەهراویبوونی ئەو پێكهاتانە بەرامبەر شەش جۆر لە خانەی شێرپەنجەیی مرۆڤ كە بریتی بوون لە خانە شێرپەنجەیییەكانی مەمك (MCF7 and SkBr3)، منداڵدان  (Ishikawa)، هێلكەدان  (BG-1)، سییەكان (IST-MES1) و (A549). وەك یەكێك لە ئەنجامە دڵخۆشكەرەكانی كاریگەریی ئەم پێكهاتەیە، ئەوەبوو كە توانی ڕێگر بێت لە گەشەی هەڕەمەكی خانە شێرپەنجەیییەكان، تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ پێكهاتەی دژە شێرپەنجەی باوی  (cisplatin)، ئەم پێكهاتە نوێیە چالاكتر دەركەوت دژ بە خانە شێرپەنجەیییەكانی بەكارهاتوو لە توێژینەوەیەكدا.
بەو پێیە دەكرێت رووەكی سەوسەن و پێكهاتە دژە شێرپەنجەیییەكەی لە داهاتوودا زیاتر توێژینەوەی لەسەر ئەنجام بدرێت، بە تایبەت دژ بە خانە شێرپەنجەیییەكان، هاوكات وەك دەرمانێكی سروشتی لە رووەكدا بەرهەم بهێنرێت بە شێوازێكی زانستی و كوردستان وەك سەرچاوەی گرنگی ئەم رووەكە و سەدان رووەكی تری دەوڵەمەند بە پێكهاتەی نوێ كە تا ئێستە بە كەمیی یەكجار كەم توێژینەوەی زانستییان لەسەر ئەنجام دراوە‌.
ئەم توێژینەوەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڵاو كراوەتەوە.

 ئیتاڵیا / تۆڵە فەرەج







وشە - تایبه‌ت