هوشیار زێباری:
دەبێ كورد خۆی بۆ قوناغی دوای ریفراندۆم رێك بخات

:: PM:02:07:25/07/2017 ‌


 

پێش نیوەڕۆی ئەمرۆ سێشەمە سەرۆكایەتی زانكۆی پولیتەكنیكی دهۆك و پەیمانگەی تەكنیكی ئامێدی، لە ژێر ناوی "ریفراندۆم خواستی نەتەوە سەربەخوخوازەكانە" دیدارێكی زانستی لەبارەی پرسی ریفراندۆم بو چەند سیاسییەكی كوردستان لە شارۆكەی ئامێدی رێكخست و تیایدا چەندین تەوەر و بابەتی گرنگ گفتوگوی لەسەر کرا.

محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستی كوردستان رای گەیاند، ریفراندۆم و سەربەخۆیی مافێكی رەوا و سەرەتایی هەموو گەلێكی دنیایە و گەلی كوردیش دەبێت بەو مافە بگات. ئەو گوتی" پێشمەرگە قارەمانەكان و گەلی كورد بە درێژایی مێژوو دەیان قوربانی و شەهیدیان داوە بو ئەوەی رۆژێك لە رۆژان بە مافە رەواكانی بگات، كە گرنگترینیان مافی سەربەخۆییە، بە تایبەتی لەم قوناغەدا كە كوردستان چەندین قوناغی گرنگی بڕیوە ."

ئەو گوتیشی "داعش دەوڵەتی تایبەت بەخۆی دامەزراند و نەوتی فروشت لە پێناو سڕینەوەی مرۆڤایەتی، چون ئەو بتوانێت بە مافەكانی خۆی بگات، بەڵام كورد بە مافەكانی خۆی نەگات، بۆ لەناوبردنی داعش، شەڕی جیهانیی سێیەم روویداوە، بەڵام تەنیا ناوەكەی نەبووەتە شەڕی جیهانیی سێیەم، ئەگینا هەموو دنیا بەشداری لەناوبردنی داعشی كردووە و هەر هەموویان لەسەر خاكی كوردستان شەڕیانی كردووە و كوردیش بەشێكی زۆری خاكەكەی گەڕاندەوە، لەبەر ئەوە ئێستە كاتێكی زۆر گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان. گەلی كورد دەبێت بریاری خۆی بدات و هەموو لایەنە سیاسیەكانیش دەبێت رێز لە ئیرادەی گەلی كورد بگرن و پشتیوانی بە ئەنجامگەیشتنی ریفراندۆم بكەن.

لەلایەكی ترەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارەكەدا رای گەیاند، هیچ لایەنێكی سیاسی كوردستان دژی ریفراندۆم نییە بەڵكوو تەنیا تێبینییان هەیە و پێویستە زەمینەسازی بۆ فەراهم بكرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەنە ئەنجام. ئێمە لە هەرێمی كوردستان تەنیا كێشەی سیاسیمان هەیە و دەبێت هەموو لایەنێكی سیاسی ریفراندۆم بە موڵكی خۆی نەزانێت و هەمووان پێكەوە كار بو ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بکەن."

 

لەلایەكی ترەوە دكتور قاسم ئەحمەد ماموستای زانكۆ گوتی لەرووی دەستووری و یاساییەوە، هیچ كێشەیەك و هیچ تێكستێك نییە مافی ریفراندۆم لە گەلی كورد قەدەخە بكات. ئەو روونی کردەوە "ریفراندۆم واتە گەڕانەوەیە بۆ گەل  بۆ ئەوەی خۆی بریار لەسەر چارەنووسی بدات. بەشێكی زوری رێكارەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم پێشتر و لەكاتی سەرهەڵدانی گەلی كورد جێبەجێ‌ كراون.

لە كوتایی دیدارەكەدا هوشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند، كە تەنیا دوو مانگ لەبەردەم گەلی كورد ماوە بو بڕیاردان لەسەر پرسێكی چارەنووسساز و تاقیكردنەوەیەكی زۆر گەورەی مافی گەلی كورد. ئەو گوتی گەلی كورد پێشتر هەموو ئەزموونێكی لەگەڵ عیراق تاقیكردەوە بەڵام بە ئەنجام نەگەیشتووە، سوپاس بۆ خوا تا ئێستە هیچ وڵاتێكی دنیا بە رسمی دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی گەلی كورد نییە، بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم هەموو ئامادەكارییەك كراوە و لەكاتی خۆی ئەنجام دەدرێت تەنانەت ئەگەر ئەنجامێكی نەرێنیش هەبێت و دەنگی پێویست نەهێنێت و دەمانەوێت ئەوە بسەلمنینین كە گەلی كورد چی دەوێت ، ئەوەی گرنگە ئەوەیە دەبێت بە چاوێكی كوردستانییەوە سەیری پروسەی ریفراندۆم بكەین.

ئەو دەڵێت "ریفراندۆم هەر دەكرێت ، بەڵام دەمەوێت ئەوەش بڵێم كە لە پرۆسەی ریفراندۆمدا سەیری ئەوە ناكرێت چۆن كراوە بەڵكوو سەیری ئەوە دەكرێت دواتر گەلی كورد چ بریارێك دەدات و ئامانج لەو ریفراندۆمە چی بووە. لەبەر ئەوە گرنگە گەلی كورد بو قوناغی دوای ریفراندۆم خۆی رێكبخات.

ئامێدی / نەوزاد هلۆری:



وشە - سلێمان تاشان