کەرکووک:
هێرش دەکرێتە سەر خێزانێک و دوو برا دەبنە قوربانی

:: PM:02:41:25/07/2017 ‌


چەند چەكدارێكی نەناسراو بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری تەكسی تەقە لە ماڵی خێزانێكی پارتی دەكەن و لە ئەنجامدا كورێكیان شەهید دەبێت و كوڕێكی تریشیان بە سەختی بریندار دەبێت، هێزە تەناهییەکانیش دەستیان كردووە بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی تاوانبارەكان.

ئەمڕۆ سێشەم 25ی تەمووز، ئەفراسیاو كامیل بەرێوەبەری راگەیاندی پۆلیسی كەركووك بۆ "وشە" ئاشکرای کرد، دەستمان كردووە بە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە و توانیومانە چەند زانیارییەكی سەرەتایی دەست بخەین.

زیاتر روونی دەکاتەوە، تا ئێستا ڕوون نەبۆتەوە هۆكاری تیرۆركردن و هێرشكردنە سەر ئەو خێزانە چییە، بەڵام بەپێی گوتەی کەسوکاری قوربانییەکان ئەو خێزانە هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ کەس نەبووە، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت دەستی تیرۆر بێت .

"بە پێ زانیارییە سەرەتاییەكان ئۆتۆمبێلێكی جۆری "تۆیۆتا یارس"ی تەكسی كە رەنگی زەرد بووە، چەند چەكدارێكی نەناسراوی تێدابووە و هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ماڵە و لە ئەنجامدا ریاز خورشید شەهید بووە و ئازاد خورشیدی برای بریندار بووە کە ئێستا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری وردی پزیشکییە و تەندروسی ناجێگیرە" ئەفراسیاو کامیل وای گوت.

فەرهاد حەمە عەلی بەرپرسی هۆبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركووك بە "وشە"ی راگەیان، هێزەكانمان دەستیان كردووە بە لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاری ورد لە رووداوەکە.

دووپاتی دەکاتەوە، برایەكی ئەو دوو قوربانییە كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکووکە و خیزانێكی پارتین، لیكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە و دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی ئەو كردەوەیە.

کەرکووک/ئارام شێركۆ



وشە - هیدایه‌ت جان