بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، كەناڵی جەزیرە بە هاندانی توندوتیژی لە بەیتولموقەدەس تۆمەتبار دەكات و داوا دەكات نووسینگەی كەناڵەكە لە ئیسرائیل دابخرێت.
پرسی توندوتۆڵكردنی تەناهیی دەروازەكانی بەیتولموقەدەس و پشكنینی ئەلیكترۆنیكی، تووڕەبوونی فەلەستینییەكانی لێ كەوتووەتەوە و لەوە نیگەرانن ئەو هەنگاوانەی ئیسرائیل رێگەخۆشكەر بێت بۆ رێگریكردنی لە هاتنی فەلەستینییەكان بۆ شوێنە پیرۆزەكانیان.
دوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكان، حكوومەتی ئیسرائیل بڵاوی كردەوە كە ئامێرە ئەلیكترۆنیكییەكان كۆ دەكاتەوە و لە جێی ئەو، رێوشوێنی تر بۆ پاراستنی تەناهی وەردەگرێت.
بەگوێرەی "بی بی سی" سینیكۆلای میدادنۆف نوێنەری تایبەتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای لە ئیسرائیل و فەلەستینییەكان كرد هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە بدەن.
ئیسرائیل دوای كوژرانی دوو لە پۆلیسەكانی لە دەوروبەری بەیتولموقەدەس، رێوشوێنە تەناهییەكانی توندوتۆڵتر كردووە و پێی وایە دەبێت رێگە لە دزەكردنی هەر جۆرە چەكێك بۆ شوێنە پیرۆزەكان بگیرێت.
پێویستە بگوترێت دوو مانگە كەناڵی جەزیرە لە لایەن وڵاتانی عەرەبیش دژایەتی دەكرێت و لەو وڵاتانەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاندبوو، نووسینگەكانی جەزیرەشیان داخستبوو و تەنانەت سعوودیە كردییە یەكێك لە مەرجەكانی ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانیان و داوای لە قەتەڕ كرد بە یەكجاریی جەزیرە دابخات.