"ترازانی سیاسیی پارتەكانی عێراق فێلێكە بۆ هەڵبژاردنەوەی دەموچاوە كۆنەكان"

:: PM:08:14:10/08/2017 ‌

بەمدواییە عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی "شیعە" و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق جیابوونەوەی لە ئەنجوومەنەكە و پێكهێنانی بارستەیەكی نوێی سیاسی بەناوی "رەوتی حیكمەی نیشتمانی" راگەیاند ئەو لە گوتاری راگەیاندنەكەدا ئاماژەی كرد كە پێویستیان بە رەوتێكی نوێیە كە پڕۆژەی نیشتمانیی پێشكەش بكات، هەروەها دەبێت لە عێراق كۆتایی بە گەندەڵی بهێندرێت و سامانی عێراق بە شێوەیەكی یەكسان دابەش بكرێت. 

چی بەسەر ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و بارستە پەرلەمانییەكەی دێت؟.

دۆستە كۆنەكانی ناو ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق كۆبوونەوە و هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر دۆخی نوێی ناو ئەنجوومەنەكە و جیابوونەوەی سەرۆكەكەیان راگەیاند و دەستەیەكی نوێی سەركردایەتیان بەسەرۆكایەتیی شێخ هەمام حەموودی یەكەم جێگری سەرۆكی پەرلەمانی پێك هێنا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەند سەركردە و كەسایەتی دیاری ناو ئەنجوومەنەكە وازهێنانیان راگەیاند وەك عادڵ عەبدولمەهدی و باقر زوبێدی و جەلالەدین سەغیر و حامد خزەری و هیتریش، ئەوەش دوای سەردانێكیان بۆ تاران و بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە حەكیم.

هەرچی بارستەی پەرلەمانی ئەنجوومەنی باڵایە كە لە 30 پەرلەمانتار پێك هاتووە، ئەوانیش كۆبوونەوە و بەیاننامەیەكیان دەركرد و تیایدا رایان گەیاند كە ئەوان بابەتەكەیان تاوتوێ كردووە و زۆرینەیان بڕیاریان داوە كە بچنە ناو رەوتی حیكمەی نیشتیمانی و بارستەیەكی نوێی پەرلەمانی دروست بكەن بەناوی "بارستەی حیكمەی نیشتیمانی" كە لە هەموو ئەندامانی بارستەی پێشووی مواتن پێك هاتووە جیا لە پێنج ئەندام كە ماونەتەوە.

كاریگەریی جیابوونەوەی حەكیم لەسەر ناوماڵی شیعە چییە؟.

جاسم محەمەد جەعفەر پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لەو بارەوە دەڵێت، جیابوونەوەی حەكیم لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی هیچ كاریگەرییەكی بۆسەر كارەكانی هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) و قورساییە سیاسییەكەی لە عێراقدا نییە، ئاماژەشی كرد كە رەوتە نوێیەكەی حەكیم بە هەمان شێوە لەژێر چەتری هاوپەیمانیەتییەكە كار دەكات، واتە پێشتر حەوت گرووپ بوونە و ئێستە بوونەتە هەشت.

زیاتر گوتی، سەرۆكایەتیی حەكیم بۆ هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) لە یەكی ئەیلوولی داهاتوو كۆتایی دێت و كەسێكی تر بۆ پۆستەكە دیاری دەكرێت لە دوای سازان و تەوافوق لە نێزان هێزە شیعەكان، كە پێشتر حەكیم دووپاتی لەوە كردبووەوە كە خۆی بۆ پۆستەكە كاندید ناكاتەوە، كە ماوەی ساڵێكە.

رەوتە نوێیەكەی حەكیم لە كێ پێك هاتووە و چەندی میراتی ئەنجوومەنی باڵا بردووە؟.

سەڵاح عەرەباوی سەركردە لە رەوتی حیكمە لەو بارەوە دەڵێ كە جیابوونەوەی رەوتەكەیان لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لەبەر چەند هۆكارێك بووە، لەوانە دید و بۆچوون و ئامانجی جیاواز هەوڵەكانی كرانەوە بە رووی هەموو جوگرافیای عێراق و دووركەوتنەوە لە ناكڕەوی و لاگیری.

دووپاتی كردەوە كە رەوتەكەیان بەشێكی زۆری جەماوەری ئەنجوومەنی پێشووی بۆخۆی راكێشاوە كە زیاتر لە 90%ی لە جەماوەر و كادیرانی سیاسی بەبێ هیچ پاڵەسەتۆیەك هاتوونەتە ریزەكانی رەوتەكە و بۆ بارەگە و موڵك و ماڵی ئەنجوومەنەكەش، دوو لیژنە پێك هاتووە بۆ دابەشكردن و جیاكردنەوەیان، بۆ نموونە موڵك و ماڵی رەوتی شەهیدی میحراب و بزووەتنەوەی ئەمەل و رێكخستنەكانی تر لە پارێزگاكان بۆ رەوتی حیكمە دەبن و ئەوانەی ئەنجوومەنی باڵاش بۆخۆیان دەمێنێتەوە.

بێجگە لە عەمار حەكیم كە سەرۆكی رەوتەكەیە، مەكتەبی سیاسی رەوتی حیكمەی نیشتیمانی لە 20 كەسایەتی پێك هاتووە كە پێكهاتووە لە حەمید مەعەلە و موحسین حەكیم و رەزا جەواد تەقی و ئیحسان فەزلی و عەزیز كازم و عەلوان محەمەد لەكاش و فالح ساری و عوبدولحوسێن عەباتان و حەبیب تەرفی و و ئەحمەد فەتلاوی و عەباس عیساوی و لەیلا خەفاجی و ئەحلام حوسێنی و محەمەد شمەری و سەڵاح عەرەباوی و عەلی موئەیەد و عەلا مووسەوی و حەسەن خەڵاتی و بەلیغ ئەبوكەلەل و رەعەد حەیدەری.  

بەر لە راگەیاندنی ترازانەكە لە تاران چی رووی داوە؟.

ماجد غەماس سەرۆكی نووسینگەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی لە تاران رای گەیاند كە هۆكاری وازهێنانی عەمار حەكیم لە ئەنجوومەنەكە بۆ جیاوازی بۆچوون لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنەكە و بۆچوونی سیاسییەكەیەتی بۆ پرسەكانی عێراق و سوودوەرگرتن لە گەنجەكانی ئەو وڵاتە و توێژەكانی تریش. 

ئەو بە ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی گوت، ئەو ناكۆكییانە بوون كە بوونە هۆی خستنە رووی دیدێكی نوێ لەسەر بنەمای رێگەدان بە سەرانی تر بۆ دەست بەكاربوون بۆ بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بە رێگەی خۆیان، هەروەها عەمار حەكیم هێزێكی نوێ دامەزرێنێت بۆ ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنەكان جموجۆڵی هەبێت لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسییەوە و هەر ئەوەش هۆكاری دروستبوونی رەوتی حیمەی نیشتیمانی بوو، ئەو دووپاتی كردەوە كە بۆ ئەو بابەتەش وەك چۆن راوێژی سەربازی بە ئێران دەكرێت، راوێژی سیاسی پێ كراوە و ئەو هەنگاوە هاوێشتراوە.

"گۆرینی ناوی پارتە ئاینییەكان بۆ پارتی مەدەنی پێكەنینە بە گەل".

ئەسیل نوجێف پارێزگاری پێشووی مووسڵ لەبارەی گۆڕینی ناوی پارتە ئیسلامییەكانەوە و دامەزراندنی پارتی مەدەنی لەلایەن سەرانی پارتە ئاینییەكانی وەك ئەوەی عەمار حەكیم كردی دەڵێ، ئەو كارانەی ئەوان بە بێ ئاگەداركردنەوەی جەماوەریان بە گۆڕینی رەوتی هزریان كە باوەڕیان پێی هەیە دەیكەن، ئەو پرسیارە دێنێتە ئاراوە كە ئاخۆ ئەوان هێشتا باوەڕیان بە ویلایەتی فەقێكان ماوە یان وازیان لێی هێناوە؟، ئاخۆ هێشتە ئەوان دەیانەوێ تێمان بگەیەنن كە ئەوان میراتگری پێغەمبەرانن و كلیلی بەهەشتیان لایە؟. 

لای خۆیەوە نەهلە هەبابی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لەو بارەوە گوتی، ئەو ترازانە سیاسییەی ناو پارت و هاوپەیمانییەكان كە روو دەدات تەنیا فێڵكردنە لەگەل بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەموچاوە كۆنەكان كە دەیانەوێ وا لە رای گشتی بگەیەنن كە گۆڕانكاری ریشەییان ئەنجام داوە، ئەوەش دوای فەشەلهێنانی بارستە سیاسییەكان لە بەڕێوەبەردنی وڵات.

دووپاتی كردەوە كە ئەو پارت و بارستانە ناو بەشێك لە كەسایەتییەكان و دروشمەكانیان دەگۆڕن، بەڵام كار و كردەوەكانیان ناگۆڕن و لە گەندەڵی و فەرامۆشكردن بەردەوام دەبن كە ئێستە پارتە سەرەكییەكان كۆنترۆڵی داهات و ئاتبووری وڵاتیان كردووە و ناتوانرێت بە ئاسانی لابدرێن.

سەرچاوە: بەغداد تودەی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل