ڤیتامین B3 لەبارچوونی كۆرپە ناهێڵیت

:: AM:11:48:13/08/2017 ‌

توێژەران و پسپۆڕانی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون لە ئینیستیتوتی ڤیكتۆر چانگ لە وڵاتی ئوستراڵیا، دۆزینەوەیەكی زانستی پڕ بایەخ‌ دەخەنە بەردەستی زانستخوازان لە ڕێی بەكارهێنانی ڤیتامین B3 (هەروەها بە Niacin دەناسرێت) وەك ڕێگری لە كێشەی لەبارچوونی كۆرپە لە خانمان و هاوكات لە نەهێشتنی گرفتی ناتەواوی كۆرپە، ئەمەش لە كاتێكدایە ساڵانە 9.7 ملیۆن كۆرپە بە ناتەواوی لە دایك دەبن لە سەرتاسەری دنیادا.

توێژینەوەكە لە ڕێی شیكردنەوەی سیفەتە بۆماوەیییەكانەوە بووە كە لەسەر چوار خانەوادە ئەنجام دراوە كە بە ڕێژەیەكی یەكجار بەرز دووچاری كێشەی لەبارچوونی كۆرپە یاخود ناتەواوی جۆراوجۆر لە خودی كۆرپە بەدی كراوە، لە دوای لە دایكبوون وەك گرفتە تەندروستییەكان لە دڵ و گورچیلە و بڕبڕە و لێوی كەروێشكی، هاوكات درێژەی توێژینەوەكان وردتر لەسەر ئاژەڵی تاقیگەیی مشك بە ئەنجام گەیەنراوە.

لە كاتێكدا ڤیتامین B3 بەرپرسە لە پێدانی وزەی دەستكەوتوو كە لە ڕێی خواردنەوە جەستەی مرۆڤ چنگی دەكەوێت كە بەڕێژەیەكی بەرچاو لە خواردەمەنییەكانی وەك گۆشت، ماسی، هێلكە و شیر ڤیتامین B3 بوونی هەیە و لە جەستەدا هەڵناگیرێت، بەڵكو دەبێت بە بەردەوامی جەستە بە ڕێی ئەو جۆرە خواردەمەنییانە پەیدای بكات.

لە توێژینەوەكدا دەركەوتووە لە ڕێی پێوانەكردنی سیفەتی بۆماوەیی Nicotinamide Adenine Dinucleotide (NAD) كە بەڕێژەیەكی یەكجار كەم لەو كۆرپانەدا‌ هەبوو كە گرفتی تەندروستییان‌ تێدا بەدی دەكرێت لە سەرەتای ژیانیانەوە، كە ئەم سیفەتە بۆماوەیییە NAD بەرپرسە لە بەدەستهێنانی وزە لە خانەكانی جەستە و تەندروست گەشەی ئەندامەكان.

پڕۆفیسۆر سالی دونوودی وەك توێژەری سەرەكیی پڕۆژەكە باس لەوە دەكات، بە پێدانی ڤیتامین B3 بەو دایكانەی كە دووگیانن، دەكرێت ڕێژەی NAD بۆ ئاستە تەندروستەكانی بەرز بكرێتەوە و تەواو چارەسەری كێشەی لەبارچوونی كۆرپە و گرفتی ناتەواوی لە‌ كۆرپەی لە دایكبوودا بكرێت، هاوكات دایكان و خێزانەكان لە كێشەی تری خێزانی و دەروونی بەدوور بن كە سەرچاوەكەی لە ئەگەری نەبوونی كۆرپەوە سەرهەڵدەدات.

پسپۆڕانی تەندروستی دایكان و منداڵان باس لە ڕێنوێنیكردن و پێدانی ڤیتامینی هەمە جۆر دەكەن ئێستە بە ڕێژەی 18 ملیگرام ڤیتامین B3 تێدا بەدی دەكرێت، وردتر باس لە توێژینەوەكە دەكەن كە چەند هۆكارێكی تری جەستەیی دەبێت ئاماژەی پێ بدرێت بەر لە بەكارهێنانی ڕێژەی زیاتر لە ڤیتامین B3 كە ڕەنگە لێكەوتی نەرێنی هەبێت بۆ تەندروستی دایك و كۆرپە، وەك گرفتی قەڵەویی و بوونی نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك شەكرە كە تا چ ڕادەیەك كاریگەر دەبێت لەسەر ئاستی دروستبوونی NAD. 


د. تۆڵە فەرەج / بەریتانیا

*سەرچاوە: (دەزگەی تەندروستی نیشتمانی بەریتانی NHS و دەزگەی هەواڵی BBCی بەشی تەندروستی).



وشە - باز ئه‌حمه‌د