600 هەزار منداڵ لە مووسڵ گیریان خواردووە

:: AM:11:23:02/11/2016 ‌

رێكخراوی "منداڵان بپارێزن" ئاشكرای كرد، زیاتر لە 600 هەزار منداڵ لە نێو خەڵكی سڤیلی شاری مووسڵی ژێر دەستی داعش بوونیان هەیە و پێویستە ڕەچاوی دۆخی ئەو منداڵانە بكەن و رێڕەوی ئارام و سەقامگیر بۆ ئاوارەكان بكرێتەوە.

ئەو رێكخراوە جیهانییە لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕوونی كردووەتەوە، كە دۆخەكە زۆر هەستیار و قوڕسە بۆ پاراستنی منداڵان و كردنەوەی رێڕەوی ئارام تا ملیۆنێك و 500 هەزار خەڵكی سڤیل شاری مووسڵ لە شەڕدا دەربازیان ببێت، لە نێو ئەو ملیۆن و 500 هەزار كەسەشدا زیاتر لە 600 هەزاریان منداڵن و لە نێو شارەكە گەمارۆ دراون.

بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەو رێكخراوە لە عێراق "ماوریتسیۆ كریفیلارۆ" ڕای گەیاند، هاووڵاتیی سڤیل رووبەڕووی مەترسی زۆر دەبنەوە و هەموو رۆژ مەترسییەكان لە نێو مووسڵ زیاتر دەبێ.

هەروەها گوتی، ناتوانین دابنیشین و چاوەڕێ بكەین مووسڵیش وەك شاری حەلەبی سووریای لێ بێ، پێویستە رێڕەوی ئارام بكرێتەوە بۆ دەربازبوونی منداڵان لە ناوچەكانی جەنگ.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانییان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.

سەرچاوە/ رۆیتەرز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د