هێزه‌كانی وشكایی عێراق به ته‌واوی له هه‌ر چوار میحوه‌ره‌وه گه‌مارۆی شارۆكه‌ی ته‌له‌عفه‌ریان داوه، كه له هێزه‌كانی سوپا و دژه تیرۆری عێراق و پۆلیسی فیدرالی و میلیشیاكان پێكهاتوون، له شه‌وی ڕابردووه‌وه‌ش فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی عێراق به چڕی ده‌ستیان به بۆردمانی تیرۆریستان له نێو شارۆكه‌كه كردووه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان بۆ گرتنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر 35 هه‌زار چه‌كدار گه‌یه‌نراونه‌ته ده‌وروبه‌ری شارۆكه‌كه و له دوێنێوه 13 گه‌ڕه‌كی ته‌له‌عفه‌ر به چڕی فڕۆكه‌كان له ئاسمانه‌وه بۆردمانیان كردوون، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌سپێكی هه‌ڵمه‌تی ڕزگاركردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێ، بۆ ئه‌وه‌ی له ئاسمانه‌وه تواناكانی تیرۆریستان به ته‌واوی تێكبشكێنن، ئنجا له ڕووی زه‌مینییه‌وه هێرش بكه‌نه سه‌ر شارۆكه‌كه.
لیوا نه‌جم جبووری فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوپای عێراق ڕای گه‌یاند، ته‌واوی هێزه‌كان له ده‌وروبه‌ری ته‌له‌عفه‌ر كۆبوونه‌ته‌وه و هه‌موو پلانه سه‌ربازییه‌كه جێبه‌جێ كراوه و ئێسته هێزه‌كانی وشكایی له سه‌عاتی سفردان و چاوه‌ڕایی فه‌رمانی فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق ده‌كه‌ن.
شه‌مسه‌دین محه‌مه‌د ئه‌فسه‌ر و به‌رپری هه‌ڵمه‌ته وشكاییه‌كانی سوپای عێراق له‌وباره‌وه گوتی، ئه‌و بۆردمانانه‌ی له شه‌وی ڕابردوو كراونه‌ته سه‌ر تیرۆریستان، بووه‌ته هۆی كوشتنی 17 تیرۆریستی داعش.
له‌لایه‌كی تره‌وه كۆلۆنێل رایان دیلۆن گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه‌ی دا، له ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان 50 جار بۆردمانی تیرۆریستانیان له شارۆكه‌كه كردووه و بنكه‌كانی به‌رگری و سه‌ركردایه‌تی و وێستگه و كارگه‌كانی تیرۆریستانیان ته‌قاندووه‌ته‌وه.
ته‌له‌عفه‌ر یه‌كێكه له شارۆكه‌كانی سه‌ر به پارێزگای مووسڵ و ده‌كه‌وێته دووری 70 كیلۆمه‌تر له باكوری ڕۆژئاوای مووسڵ و 60 كیلۆمه‌تر له سنووری سووریا و نزیكه‌ی 50 كیلۆمه‌تریش له سنووری توركیا دووره، به‌ر له هاتنی داعش ژماره‌ی دانیشتووانی به 205 هه‌زار بووه، زۆرینه‌ی ڕه‌های دانیشتووانی توركمانی شیعه‌ن، له 15ی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2014 تیرۆریستانی داعش شارۆكه‌كه‌یان كۆنتڕۆڵ كرد و به‌شێكی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌یشی ئاواره‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوون.