باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، له زنجیره‌یه‌ك پۆست‌دا كه له‌باره‌ی یه‌كسانی كردوونی و گوته‌ی ناسراوی ناودارانی به‌كار هێناوه، پله‌ی یه‌كه‌می تویته‌ریان له زۆرترین ڕێژه‌ی لایك و شێر به‌ده‌ست هێناوه.
سێ ملیۆن لایك بۆ یه‌كێك له پۆسته‌كانی ئۆباما هاتووه كه تا ئێسته هیچ پۆستێكی تر له‌و تۆڕه ئه‌وه‌نده‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه، تێیدا هانی خه‌ڵكی ویلایه‌تی ڤیرجینیا ده‌دات واز له ئاژاوه‌گێڕی به‌ناوی ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌وه بهێنن.
ڕۆژی شه‌مووی ڕابردوو له ڕووداوێكی دژوار‌دا له ویلایه‌تی ڤیرجینیایه، كۆمه‌ڵێ سپیپێستی توندڕه‌و كاری گێره‌شێوێنییان كرد و له ئه‌نجامدا ژنێكی ته‌مه‌ن 32 ساڵی ڕه‌شپێست كوژرا و 19 كه‌سی تریش بریندار بوون، دروشمه‌كانیان هه‌مان ئه‌و دروشمانه بوون كه پێشتر له‌لایه‌ن ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌وه ده‌یانگوت، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته واز له سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی بهێنێ.
ئۆباما بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی په‌ره نه‌ستێنێ، به به‌رده‌وامی تویت له‌سه‌ر یه‌كسانی و ته‌بایی ده‌كات، به‌شێكی زۆری ئه‌و تویتانه‌ی دایان ده‌نێ، له گوته به‌ناوبانگه‌كانی نیلسۆن ماندێلا سه‌ركرده‌ی باشووری ئه‌فه‌ریقا وه‌ری گرتوون كه توانی به شۆڕشێكی هێمن، وڵاته‌كه‌ی له ده‌ست ڕه‌گه‌زپه‌رستی بپارێزێ و خۆی له پێش هه‌موو كه‌س دوای ده‌یان ساڵ زیندانی، له‌وانه خۆش بوو كه زیندانیان كردووه، ئه‌م شۆڕشه‌ش به ته‌واوی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و دنیا دروست كرد.
ئه‌و پۆسته‌ی كه زۆرترین لایكی بۆ هاتووه، وێنه‌یه‌كی ئۆبامایه كه ده‌ڕوانێته به‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌ك، له‌وێ چوار منداڵی لێیه سه‌یری ده‌كه‌ن كه هه‌ریه‌كه‌یان له ڕه‌نگ و شێوه‌ی جیاوازن و له‌سه‌ری نووسیویه‌تی: هیچ مرۆڤێك به ڕقوكینه له دژی كه‌سێكی تر به‌هۆی ڕه‌نگ یان ئایدۆلۆجیاكه‌یه‌وه یان ئاینه‌كه‌یه‌وه له دایك نابێ. وێنه‌كه ساڵی 2012 له‌لایه‌ن وێنه‌گری كۆشكی سپی له دایه‌نگه‌یه‌كی نزیك قوتابخانه‌ی ساشای كچی ئۆباما له ویلایه‌تی ماریلاند گیراوه .
باراك حوسێن ئۆباما له چواری ئاب/ئۆگستسی 1961 له ئه‌مه‌ریكا له دایك بووه و له 20ی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2009 وه‌ك 44ه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌كار بووه و سه‌ر به حزبی دیموكراته‌كانه، یه‌كه‌م سه‌رۆكی ره‌شپێست و بیانییه كه پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا وه‌ربگرێت. له بنه‌ڕه‌تدا كوڕی خانه‌واده‌یه‌كی كینیایییه كه كۆچیان به‌ره‌و ئه‌وروپا كردووه، له ساڵی 2005 تا 2008 وه‌ك سیناتۆری ویلایه‌تی ئه‌لینۆی كاری كردووه، له زانكۆی لۆمبیا و سكۆڵی زانكۆی هارڤارد بۆ یاسا خوێندوویه‌تی، پسپۆڕی له بواری زانسته سیاسییه‌كان و پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌یه. پێشتر سوپاسالاری ئه‌مه‌ریكا بووه و له ساڵی 2009 نۆبڵی ئاشتی پێ دراوه، له 2012 خه‌ڵاتی كه‌سایه‌تیی ساڵ هاتووه‌ته هه‌ڵبژاردن. دوای ته‌واوبوونی خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی له 2012، بۆ دووه‌م خولی سه‌رۆكایه‌تی له‌لایه‌ن گه‌لی ئه‌مه‌ریكا هاتووه‌ته هه‌ڵبژاردن، دوای ته‌وابوونی دووه‌م خولیش كه كۆتای ساڵی 2016 بوو، وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی چالاكی وڵاته‌كه‌ی كار بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی گه‌نجان ده‌كات.
له تویتی دووه‌میدا كه ئه‌ویشی له ماندێلا وه‌رگرتووه، نووسیویه‌تی: ڕقوكینه هه‌ستێكن مرۆڤ فێری بووه، ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان بتوانن خۆیان فێری شتێك بكه‌ن، ده‌شتوانن خۆیانی لێ بپارێزن، ده‌شتوانن له جیاتی ئه‌وه خۆیان فێری خۆشه‌ویستی بكه‌ن.
ڕۆژی دوای ڕووداوه‌كه، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڵاوی كرده‌وه كه به توندی دژی هه‌موو كارێكی توندڕه‌وی و ده‌مارگیری و كینه‌یه‌كه و داوا له گرووپه توندڕه‌وه‌كان ده‌كات ڕێز له ده‌ستووری وڵات و یه‌كسانی بگرن، به‌ڵام ئه‌م قسانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هێنده‌ی تویته‌كانی ئۆباما كاریگه‌ری دروست نه‌كردووه، چونكه خۆی به به‌شێك له كێشه‌كان ده‌زانن و دیموكراتییه‌كانیش به توندی ڕه‌خنه‌یان لێ گرت و ڕایان گه‌یاند، ئه‌وه ئه‌نجامی بانگه‌شه‌كانی خۆیه‌تی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كه هه‌مووی هانابردن بوو بۆ نایه‌كسانی و پێشخستنی ئه‌مه‌ریكیی ڕه‌سه‌ن و دروستكردنی جیاوازی له نێوانیاندا.
له تویتێكی تردا ئۆباما نووسیویه‌تی: "خۆشه‌ویستی له ده‌رگه‌ی دڵ ده‌دات به‌ره‌و خۆییبوون، زیاتر له ڕقوكینه"، ئه‌مه‌شی له كتێبی یاداشته‌كانی ماندێلای وه‌رگرتووه به ناوی "گه‌شته درێژه‌كه‌م به‌ره‌و ئازادی".
ڕووداوه‌كه‌ی فیرجینیا له لایه‌ن كه‌سێك به ناوی"جێمس فیڵدز" كه ئه‌فسه‌رێكی پێشووی سوپای ئه‌مه‌ریكا بووه، ده‌ستی پێ كردووه و بووه‌ته هۆكاری ئه‌و ڕووداوه و تا ئێسته هێور نه‌بووه‌ته‌وه. ئه‌و كه‌سه ئێسته گیراوه و بڕیاره بچێته به‌رده‌م دادگا، به تۆمه‌تی كوشتنی خانمێك و هاندانی خه‌ڵك له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زپه‌رستی.
ئۆباما و خانه‌واده‌كه‌ی، له ماوه‌ی هه‌شت ساڵی كۆشكی سپیش هه‌میشه هانی یه‌كسانیان دابوو، به‌پێ بۆچوونی به‌شێكی زۆر له توێژه‌رانی سیاسه‌ته‌كه‌ی یه‌كه‌م سه‌رۆكی ڕه‌شپێستی ئه‌مه‌ریكا، توانیبوووی ئه‌و وڵاته به‌ره‌و قۆناغێكی تر ببات و خۆیشی كاتێك بوو به سه‌رۆك، له گوتاره‌كه‌یدا گوتی، دواجار ئه‌مه‌ریكا خه‌ونه‌كه‌ی مارتن لۆسه‌ر كینگی هێنایه دی.
مارتن كینگ شۆڕشگێڕێكی دژه ڕه‌گه‌زپه‌رستی بوو له ئه‌مه‌ریكا، توانی هانی ملیۆنان ره‌شپێست بدات كه له ڕێی ئاشتییه‌وه داوای مافه‌كانیان بكه‌ن، خۆی توانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ناچار بكات پێشوازی بكات و له به‌رده‌م كۆشكی سپی گوتارێكی بۆ ڕه‌شپێسته‌كان خوێنده‌وه كه به یه‌كێك له مێژوویی‌ترین گوتاره‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو داده‌نرێ. له به‌شێكیدا گوتی، خه‌ونێكم هه‌یه، له خه‌ونمدا له‌م وڵاته ڕه‌ش و سپی هه‌مان مافیان هه‌یه و ڕه‌ش ده‌توانێ به‌ڕێوه‌به‌ری سپی‌پێست بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیان سووكایه‌تی به ڕه‌نگ و جیاوازییه‌كانی ئه‌وی تر بكه‌ن، بۆیه ئۆباما به گرنگی زانی له یه‌كه‌م گوتاریدا ئاماژه به كینگ بدات.