دیڤد هیوم فەیلەسووفە گەنجەكە بناسە

:: PM:11:01:16/08/2017 ‌

بەر لە هیوم، بە زۆری فەیلەسووفەكان بەوە تاوانبار دەكران كە بڕوایان بە خودا نییە، هیوم یەكەم فەیلەسووف بوو ئەم تاوانەی قبووڵ كرد و دانی بەم تاوانەی نا. ئەوەی كەسێك بە كافر ناو ببرێ، بۆ فەیلەسووفەكان یان هەر كەسێكی تر، پێدا هەڵدانێكی بێزاركەر نەبوو. كۆمەڵگە ڕێگەی هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم بیرمەندانەی كە جیاواز بیر دەكەنەوە، هەر لە یۆنانی كۆنەوە (هەڵدانی جامی شەوكەران) تا سەتەكانی ناوەڕاست (دادگەیی پشكنینی بیروڕاكان)ی گرتبووە بەر.

هەر بۆیە فەیلەسووفەكان هەموو هەوڵیان ئەوە بوو كە هەمووان (تەنانەت خۆیشیان)، ڕازی بكەن بەوەی بڕوایان بە خودا هەیە. دانپێدانانی هیوم بە شكستی ئیلاهیات بەڕسوایییەكی گەورە دانرا. بەڵام ئەو هەوڵانەی بۆ باشگەزبوونەوە لەو هەڵوێستەی درا، نەك لە ڕێگەی (Rock)ەوە، بەڵكوو لە ڕێگەی بەڵگاندنی فەلسەفییەوە بوو، ئەم خاڵە بە هەمان ڕادە، كە دەرخەری ڕەوابوونی كۆمەڵگەی بەریتانیایی سەتەی هەژدەمە، دەرخەری كەسایەتی هیومیشە، بەمەشەوە ئەگەر هیوم دەیویست وەفادار بێت، بە فەلسەفەكەی خۆی نەیدەتووانی هەڵوێستێكی تر بگرێتە بەر.

هیوم سەر بە بنەماڵەیەكی ڕەسەنی سكۆتلەندی بوو، ژیاننامەی هیوم لە نووسینی ئەی سی ماسنەرە، كە هەڵگری شەجەڕەنامەی بنەماڵەی هیومە، شەجەڕەكەی هیوم دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆم ئاڤ هووم. دیڤد هیوم لە ٢٤ی ئێپڕڵی ١٧١١ لە ئەدنبوو لەدایك بووە. تەمەنی سێ ساڵ بوو، باوكی مرد. ژمارەیەكی زۆر لە فەیلەسووفان لە تەمەنی منداڵیكدا باوكیان لە دەست داوە، ئەم بابەتە بووە بە سەرچاوەی زۆر تیۆری باوی دەروونشیكارانە.

ئەم تیۆریانە ئەوەیە بێبەریبوون لە سۆزی باوكایەتی، دەبێ بەهۆی ئەوەی ئەو كەسانە پێویستییەكی قووڵیان بە متمانە بەخۆبوون و دڵنیابوون لە خۆ هەیە. ئەم بابەتە خۆی لە خۆیدا، دەبێ بەهۆی ئەوەی منداڵانی ئازار چێشتوو، سیستەمێكی ئابستراكت بخوڵقێنن، كە بوونی فیزیكی خۆیان پڕ بكەنەوە. ئەم جۆرە دەروونشیكارییە ڕەنگە درەوشاوە، سەرقاڵكار و تەنانەت فێركارییانە بن. پێكچوونی ئەم تیۆریانە لەگەڵ ئەو فەیلەسووفانە باسیان لێوە كرا، دەكرێ لە زۆر ڕووەوە ناباو و سەیر و سەمەرە بێت، مەگەر لە ڕووی وردبوونەوە و شیكاری عەقڵانی ئەوانەوە.

هیوم لە ماوەی سێ ساڵدا كتێبی (نامە لە بارەی سروشتی مرۆڤ)ی نووسی. هیوم دواتر گاڵتەی بەم كتێبەی خۆی دەكرد، لەبەر ئەوەی بە فرەوێژی و چەنەبازی گەنجانەی دەزانی، بەڵام هیچ كات پشتی لە فەلسەفەی ئەو كتێبە نەكرد، كە تا ڕادەیەك هەڵگری هەموو ئایدیای فەلسەفەی داهێنەرانەی هیومە، تا ئێستە هیوم بەو هۆیەوە هیوم فەرامۆش نەكراوە و یادی زیندوو ماوەتەوە.

هیوم ساڵی ١٧٣٩ بۆ بەریتانیا گەڕایەوە و پەیامی خۆی بڵاو كردەوە. ئەو دواتر بەو پەڕی ئاسوودەیییەوە دانیشت و چاوەڕوانی هێرشی وەحشییانە و دوژمنانەی ڕەخنەگرانی بوو، بۆ ئەوەی ئەو بەو پەڕی وشیاری و تێگەیشتنەوە وەڵامیان بداتەوە، بەم شێوەیە توانێ كۆمەڵێك شت بە دەست بێنێت، وەك: ناوبانگ، پارە، پەسندان لەلایەن شاعیران و دەوڵەمەندەكانەوە، عەشقی ژنانی شۆخ و ژنانی دەوڵەمەند، ئەوانە هەموو ئەو شتانەن، كە فەیلەسووفێك تازە دەستی كردووە بە نووسین، چاوەڕوانیان دەكات، بەڵام بە داخەوە بڕیار نەبوو، شتەكە بەو شێوە بیت.

ساڵی ١٧٥٢ هیوم وەك "كتێبدار"ی كتێبخانەی پارێزەرانی ئەدینبوور دامەزرا، ئەم كارە ئاسانە، دەرفەتی ئەوەی بۆ خولقاند هەتا وتاری فەلسەفی زێتر لە بارەی بابەتی جۆراوجۆر بنووسێت. لەو سەردەمەدا، وتار، وەك نوێترین ستایلی ئەدەبی ئەو سەردەم، باو بوو.

دیڤید هیوم سەرەتا وەك مێژوونووس ناوبانگی دەركردووە و وەك سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ مێژووی ئینگلیز پشتیان بە كتێبە بەناوبانگەكەی مێژووی ئینگلتەرا بەستووە، یەكەم فەیلەسووف بووە لە سەتەی نوێدا فەلسەفەی سروشت بڵاو بكاتەوە و ئەوەی ڕەت كردووەتەوە كە مێشكی مرۆڤ كۆپیكراوێكی بچووكی مێشكی خواوەند بێت و پێی وابووە, كە جیهان بەدەستی مرۆڤەوەیە و هەموو ئاینەكانی بە مەسیحیەتیشەوە ڕەت كردووەتەوە.

فەلسەفەكەی هیوم بڕوای بە بیركردنەوەی فەلسەفی نەبووە، بەڵام پێی وابووە كە لە دەرئەنجامی شارەزایی زانستێكی نوێ دێتە ئاراوە و شارەزاییش تەنیا لە رێگەی عەقڵەوە دەبێت، هەروەها پێی وا بووە شارەزایی هەموو تاكە كەسێك تەنیا لە ڕێگەی هەست و عەقڵەوەیە، بڕواشی وا بووە, كە جیهانێك هەیە لە دەرەوەی هەستی مرۆڤەوە. لە نێوان ساڵانی ١٧٦٣ بۆ ١٧٦٦ هیوم وەك سكرتێری باڵیۆزخانەی ئینگلیز لە پاریس كاری كردووە و بەناوبانگترین فەیلەسوفە فەڕەنسییەكانی ناسیوە، لە ساڵی ١٧٦٧ بووتە یارەدەری یەكێك لە وەزارەتەكانی فەرەنسا، ساڵی ١٧٦٩ گەڕاوەتەوە بۆ ئەدنبەرەی شوێنی لەدایكبوونی لە ئیسكتلەندا و تادوا ژیانی لەوێ ماوەتەوە.

دوای ماوەیەك نەخۆش بوون، ٢٥ی ئۆگستی ١٧٧٦ هیوم بێ ئەوەی تۆبە بكات مرد. حەشیمەتێكی زۆر بۆ بینی ڕێوەڕەسمی ناشتنی ئەو كافرە گەورەیە، لە ماڵەكەی كۆ ببووەوە، بەلای خەڵكی ڕەشۆكی و جەماوەرەوە هیوم كەسێكی ناخۆشەویست نەبوو، تەنیا لەلایەن كەنیسەوە نەفرەت لی كراو بوو، هەروەها بە پێچەوانەی گەورە فەیلەسووفانی تر، فەلسەفەكەی جێگەی پەسندە و وەردەگردرێ، تەنیا لەمپەرێك هەیە، ئەو كاتەی فەلسەفەی هیوم دەخوێنینەوە، دەزانین وەك ئەو فەلسەفە بیر دەكەینەوە، بەڵام دەزانین وەك ئەو فەلسەفە ناژین، ئاخۆ دەكرێت ئەمجارە فەلسەفە ڕاست بكات و ئێمە هەڵە بین؟

سەرچاوە: المعرفە







وشە - ژیڤان خۆرانی