كۆمیسیۆن پێنج هەزار بنكەی دەنگدان لە ناوچە كوردستانییەكان دەكاتەوە

:: AM:11:01:19/08/2017 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران ئاشكرای دەكات، لەماوەیەكی نزیكدا سەردانی شاری مووسڵ و كەركووك دەكەن بۆ دیاریكردنی ئەو شوێنانەی بنكەی دەنگدانی پێویستە بۆ دەنگدەران.

ئەمڕۆ شەموو 19ـی ئاب/ ئۆگستس، شێروان زرار ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران و گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لەو هەفتەیە كۆ دەبێتەوە چەندان پرسی گرنگ هەیە بڕیاری لەسەر دەدرێت و بە نووسراوی فەرمی حزبەكان ئاگەدار دەكرێنەوە.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی بالای هەڵبژاردن و ڕاپرسی دەڵێت، دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، نووسراوی فەرمی دەكرێت بۆ حزب و ڕێكخراوەكان بۆ چاودێریی پرۆسەكە و كات و وادەی بانگەشەش دیاری دەكرێت.

ئەوەش دەڵێت، تا ئێستە هیچ حزب و لایەنێك تۆمار نەكراوە لە پرۆسەكە و لەو هەفتەیە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

شێروان زیاتر گوتی، بۆ ناوچەكانی مادەی 140 ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران سەردانی كەركووك و مووسڵ و شوێنەكان دەكەن بۆ ئەوەی بزانن چەند بنكەی تریان پێویستە و لەكوێ‌ دایبنێن، بۆیە پێشبینی زیادكردنی پێنج هەزار بنكەی تر دەكرێتە لەناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران ئاشكرای دەكات، ئێستە كۆمیسیۆن هیچ بڕیارێكی نەداوە بۆ دامەزراندنی فەرمانبەر، بەڵكو دەیەوێت هەڵسەنگاندنێكی گشتی بكات بۆ ئەوەی بزانێت بەتەواوی پرۆسەكە بەناوچەكانی مادەی 140 چەند فەرمانبەری پێویستە هەمووی بەیەك لیست ڕادەگەیەنرێت.

لەبارەی وادەی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم و هەڵبژاردن شێروان دەڵێت، دیاریكردنی وادەی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەی ئەو هەفتەیە ڕەنگە بڕیاری لەسەر بدرێت و دوای ڕیفراندۆمیش بانگەشەی حزبەكان بۆ هەڵبژاردن دەست پێ‌ بكات، هەروەها ئێمە پێمان وایە ماوەی مانگێك بۆ بانگەشە زۆرە، بۆیە لە مانگێكیش كەمتر بێت ئاسایییە.

ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان لە نۆ ئەندام پێك دێت و ئێستە دوو ئەركی پێ‌ سپێردراوە كە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە 25ـی ئەیلوول و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان لە یەكی تشرینی دووەم.



وشە - رامیار جەواد