دوو نووسەری میسری:
ئەمەریكا كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كات

:: AM:10:44:20/08/2017 ‌
دوو نووسەری میسری لە بابەتێكدا دووپات لەوە دەكەنەوە، كە ئەمەریكا لە پشت ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانە و واشنتن هانی كوردانی سووریا و توركیا و ئێرانیش دەدا بە هەمان شێوەی كوردانی عێراق هەنگاو بنێن. هێما بۆ ئەوەش دەكەن، پاشگەزبوونەوە لە ڕیفراندۆم ڕوو نادات، چونكە ئەوان هەڕەشە و كۆسپەكانیان لێك داوەتەوە و دەزانن ناتوانرێ لەمپەر لە بەردەم ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دروست بكرێ، بۆیە ئەو هەنگاوەیان ناوە.

دوو نووسەری میسری بەناوی "نەهلە متوەلی و هاجەر دیاب" لە بابەتێكدا لە ژێر ناونیشانی " كورد.. كۆدی دابەشكردنی ناوچەكە" لە ڕۆژنامەی "ئەهرامی مەسائی " بڵاویان كردووەتەوە دەڵێن، مەسعوود بارزانی ڕێبەری هەرێمی كوردستان داوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە عێراق لە 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ كردووە، ئەو نەخشە بۆ بەدیهێنانی خەونی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێ، لە كاتێكدا ئەمەریكا ئەو هێزانە ئاراستە دەكات بۆ دابەشكردنی ناوچە و بۆ دروستكردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ.

ئەو پێشووەچوونانەی لە عێراق هەیە، هاوكاتە لەگەڵ زیاتربوونی هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ كوردانی سووریا كە لە پارێزگاكانی حەسەكە و ڕەقە و دێرزووری باكور بڵاو بوونەتەوە و ئامانجیان دروستكردنی دەوڵەتی كوردستانی دووەمە لەگەڵ ئەوەی عێراق، ئەمەش نیازەكانی واشنتنە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ناوچەكە و دابەشكردنەوەی، بەو شێوەیەی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا جۆرج دەبلیو بوش و وەزیری دەرەوەی ئەوكات كۆندلیزا ڕایس پلانیان بۆ دانابوو.

ئاماژەیان داوە، زیاتر لە 25 ملیۆن هاووڵاتیی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن و كار بۆ دەوڵەتی خۆیان دەكەن، كوردەكان گەورەترین نەتەوەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستە دەوڵەتیان نییە، پێگەی گلۆبال ڕیسێرچی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، كە ئەوان بە شێوەیەكی سەرەكی لە عێراق و ئێران و توركیا و ئازەربایجان و ئەرمینیا و لبنان بڵاو بوونەتەوە، كوردانی سووریاش بە هەمان شێوەی كوردانی عێراق هەنگاو دەنێن، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمەریكا چەند بنكەیەكی سەربازی و فڕۆكەخانەی لە ناوچەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست كردووە، بە ئامانجی پاراستنی وڵاتەكە و مانەوەی ئەمەریكا بۆ ماوەیەكی درێژ لە ناوچەكە، جگەلەوەش ئەمەریكا چەك و تۆپهاوێژی قورسی بە كوردەكان داوە، هانیان دەدا هەمان سیاسەتی كوردانی عێراق پێڕەو بكەن، تەنانەت لە توركیا و ئێرانیش بە نهێنی هەمان كار دەكات، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی كوردستان لە تەواوی ناوچەكانیان دروست ببێ.

لە بەشێكی تری نووسینەكە هاتووە، پرسی كورد لە ئێران پارێزبەندییەكی زۆری لەسەرە و عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دووپاتی لەوە كردەوە، ئێران ڕێ بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لەسەر سنوورەكانی لەگەڵ عێراق نادات، ئەمەش تاران و واشنتن دەخاتە نێو ململانێیەكی قووڵترەوە.

ئەو دوو نووسەرە دەڵێن، هێزە سیاسییەكانی كورد دۆخی عێراقی شێواویان قۆستووەتەوە بەهۆی جەنگ لە دژی تیرۆریستانی داعش، لاوازی و كێشەی تەناهی و سیاسی و ئابووری، دۆخێكی تەواو گونجاویان بۆ دابەشكردنی عێراق دروست كردووە، بەڵام پرسیارەكە لێرەدایە ئایا پرسی ڕیفراندۆم بەردەوام دەبێ بێ ئەوەی هیچ هەڕەشەیەكی ڕووبەڕوو ببێتەوە؟ بابەتەكە ڕوونە و گومانی تێدا نییە ئەو هەنگاوە بە هۆشداری و لێكدانەوەی هەڕەشە سیاسییەكان دەستی پێ كردووە، بۆیە ئەستەمە بگەڕێتەوە دواوە، چونكە ئەمە كاریگەری ئابووری گەورەیشی لەسەر كوردستان و عێراق دەبێ و وەبەرهێنەرێكی نەوتی لە ناوچەكە دروست دەبێ و ڕەنگە كارەسات بۆ وڵاتانی هەناردەكاری نەوتی و ناوچەی عەرەبی دروست بكات.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.




وشە - باز ئه‌حمه‌د