به‌ ئامانجی بردنیان بۆ نێو حه‌شدی شه‌عبی
به‌غدا مووچه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی عه‌شائیری ده‌بڕێت

:: PM:03:35:20/08/2017 ‌

فەرماندەیەكی حەشدی عەشائیری سوننەكان دووپات لەوە دەكاتەوە، حكوومەتی عێراق مووچە و هاوكاری پێشكەش بەوان ناكات و ماوەی سێ مانگە مووچەی پێ نەداون، ئەمەش لە كاتێكدایە مووچەی بەرز و هاوكاری بەردەوامی حەشدی شەعبی دەكرێ، خەڵكی ڕیزەكانی حەشدی عەشائیریش هان دەدەن بچنە ڕیزی حەشدی شەعبییەوە

حەسەن عزی یەكێك لە فەرماندەكانی حەشدی عەشائیری سوننە لە دیالە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەغدا دەیەوێ چارەنووسی حەشدی عەشائیریش وەك چارەنووسی هێزەكانی سەحوە لێ بكات، مووچە و كۆمەك و هاوكاری لێ بڕیوین، تا گەنجەكانمان ناچار بن بچنە ڕیزی حەشدی شەعبییەوە.

هەروەها گوتی، ئەو پەراوێزخستن و نەناردنی مووچەیە بۆ ماوەی سێ مانگ، هۆكاری سیاسیی لە پشتە و ئەوان دەیانەوێ بەم ڕێیە هانی چەكدارانی حەشدی عەشائیری بدەن، ڕیزی هێزەكانیان جێ بهێڵن و پێوەندی بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە بكەن، چونكە ئەوان مووچەیان لێ نابڕێ و بەردەوام هاوكاری دەكرێن.

لەوبارەوە رەعد دەهلەكی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی هاوپەیمانی هێزەكانی عێراق كە لە فراكسیۆنەكانی سوننە پێك هاتووە بۆ "وشە" گوتی، حەشدی عەشائیری هەر لە زووەوە دروست بوون  و خەڵكی سوننەیان لە ناوچە جیاجیاكان لە پەلاماری تیرۆریستانی داعش پاراست.

هەروەها گوتی، ئەو هێزانە هاوشێوەی حەشدی شەعبی و پۆلیس و هێزەكانی تری عێراق ئەركیان پاراستنی خەڵكی ناوچە سوننەنشینەكانە و قوربانی زۆریان لەو پێناوە دا، بۆیە ناكرێ پەراوێز بخرێن و مووچەیان پێ نەدرێت.

حەشدی عەشائیری هێزێكی چەكداریی میلییە و هۆزە سوننەكان لە ناوچەكانی خۆیان دروستیان كردووە و لەلایەن بەغداوە هاوكاری و مووچەیان پێ دەدرێ، بە ئامانجی پاراستنی ناوچەكانیان، بەڵام بەغدا ئێستە مووچە و هاوكاری بۆ ئەو هێزانە ڕاگرتووە.

حەشدی شەعبی لە 13ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 لەسەر بنەمای فەتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف بۆ پاراستنی شوێنە ئاینییە پیرۆزەكانی شیعە و پاڵپشتیكردنی سوپای عێراق دامەزرا، ژمارەیان 140 هەزار چەكدار دەبێت و بودجە و چەكیان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ دابین كراوە و لە میانەی بەشدارییان لە شەڕەكانی ئەنبار و  تكریت و فەلووجە و ناوچەكانی دیالە و باشووری كەركووك پێشێلكاری گەورەیان بەرامبەر بە یاساكانی جەنگ و بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەنجام داوە، لە تكریت ماڵ و سامانی خەڵكیان دزی و لە فەلووجە بە مووشەك هاووڵاتییانی سڤیلیان بۆردمان كرد و لە دیالە و ناوچەكانی تریش نزیكەی 250 مزگەوتیان وێران كردووە و تەقاندوویانەتەوە.

رۆژی شەموو 20 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2016 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەرچوواندنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق دەركرد.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د