داعشێك وەك ئاوارە لە میدیا دەردەكەوێ
كچێكی ئێزیدی: ئەمە تیرۆریستە و مامەڵەی بە كچان دەكرد

:: AM:10:13:22/08/2017 ‌

لە كاتی هەڵاتنی خێزانەكان لە ناو تەلەعفەر و پێشوازیكردنیان لە لایەن حكوومەت و خەڵكەوە، كەناڵەكانی ڕاگەیاندن خەریكی ڕووماڵی دیمەنەكان بوون، كچە رزگاربوویەكی ئێزیدیش داعشێك دەناسێتەوە و دەڵێت، "كڕین و فرۆشتنی بە من كردووە".

ئیڤانا وەلید كچە رزگاربوویەكی دەستی داعشە و ئێستە بە مەبەستی چارەسەری لە ئەڵمانیایە، لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، لە كاتی سەیركردنی كەناڵێكی ڕاگەیاندن چەكدارێكی داعشم بینی، ئەمە وەك بەرپرسی كڕین و فرۆشتنی كچانی ئێزیدی بوو لە تەلەعفەر و داوا لە حكوومەتی عێراق و كوردستان دەكەم بە زووترین كات ئەم تیرۆریستە دەستبەسەر بكەن.

ئیڤانا دەڵێت، من دڵنیام ئەمە ئەو كەسەیە، چونكە بە دەیان جار كڕین و فرۆشتنی بە من كردووە، من ئامادەم بچمە بەردەم دادگا هەموو ئەو تاوانەی كە بەرامبەرم كردوویەتی بیڵێم.

لە ٣ ی ئاب ٢٠١٤ داعش هێرشی كردە سەر شنگال و زیاتر لە شەش هەزار كەس كەوتنە دەستی داعش و زیاتر لە هەزار كەسیش كوژران و ٣٦٠ هەزار كەس ئاوارە كران، ئەمەش بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ئێزیدییانە لە وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان .

بەرەبەیانی رۆژی یەكشەم 19ـی ئاب، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق پرۆسەی ئازادكردنی تەلەعفەری ڕاگەیاند، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەهۆی شەڕی ڕزگاری تەلەعفەرەوە لە ڕاگەیەنراوێكدا پێشبینی ئاوارەبوونی 30 هەزار كەسی لە شارۆكەی تەلەعفەر و دەوروبەری كردووە.

دهۆك/ كاروان باعەدرێ





وشە - رامیار جەواد