میلیشیاكان فەرمانگە گرنگ و هەستیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق كۆنتڕۆڵ دەكەن

:: AM:10:24:10/10/2016 ‌
رۆژنامەیەكی عەرەبی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، میلیشیاكان خۆیان خزاندووەتە نێو سوپا و پۆلیسی فیدراڵی، هاوكات ئێستەش فەرمانگە و پۆستە گرنگ و هەستیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری بەهۆی نەبوونی وەزیر لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنیان دەدرێ، ئەفسەرانی نێو میلیشیاكانی شیعە لە پۆستەكان دادەنرێن، ئەمەش مەترسی هەیە كە لە ئەگەری بەشداری پێ نەكردنی میلیشیاكان بە ئاشكرا لە شەڕی مووسڵ، حەشدی شەعبی لە رێی ئەندامانی لە ریزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و ئەفسەرەكانی لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری لە ژێر پەردەی سوپا و پۆلیسەوە ئامانج و پلانی شیعەكان لە جەنگی مووسڵ بهێننە دی.

رۆژنامەی "العربی الجدید" لە راپۆرتێكدا ئاماژەی داوە، كە لەكاتێكدا هێزەكانی عێراق خۆیان ئامادە دەكەن بۆ رزگاركردنەوەی شاری مووسڵ، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی خەریكن بە كردەیی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ كە بێ وەزیرن دەیخەنە ژێر هەژموونی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمەڵێك ئەفسەری میلیشیا جیاجیاكانی نێو پێكهاتەی حەشدی شەعبییان لە دەزگە و فەرمانگە گرنگ و هەستیارەكانی هەردوو وەزارەتەكە دامەزراندووە، ئەمەش بە هۆكارێك دادەنرێ بۆ دژایەتیكردنی وڵاتانی دنیا لە بەشداری میلیشیاكان لە جەنگی مووسڵدا.



ئەندامێكی لیژنەی تەناهی و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، لیژنەی تەناهی و بەرگری راسپێردراوە بۆ چاودێریكردنی وەزارەت و فەرمانگە تەناهییەكان، توانیومانە پێشێلكاری گەورە لەلایەن میلیشیاكانەوە تۆمار بكەین، لە نێویاندا دامەزراندنی ئەفسەرانی حەشدی شەعبی لە لووتكەی فەرمانگە گرنگەكانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری، دەركردنی ئەو بڕیارانەش بۆ دانانی ئەفسەرانی نێو حەشدی شەعبی بۆ ئەو شوێنە گرنگانە بەتایبەتی فەرماندەیی شەڕكردن مەترسیدارە، چونكە ئەگەری هەیە ئەمە كاریگەری لەسەر جەنگی مووسڵ هەبێ، ئەگەر میلیشیاكانیش لە ژێر پەردەی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ بچنە نێو مووسڵەوە، ئەوا چی لە فەلووجە ڕووی دا، ئاواش لە مووسڵ دووبارە دەبێتەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی تەناهی و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە ناوی ئاشكرا نەكراوە دەڵێ، لە رۆژانی داهاتوو ئەو بابەتە دەخەینە بەردەم پەرلەمان، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ بەهێزبوونی پێگەی میلیشیاكان لە نێو سیستەمی تەناهی و بەرگریی عێراق دابنرێت.

هەروەها دەڵێ، حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانیش لەوە ڕازی نییە كە میلیشیاكان دەیكەن، بەڵام بەهۆی پشتیوانی گەورەی میلیشیاكان لەلایەن هێزەكانی دەرەوەی عێراق بە تایبەت لە رێی پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لبنانی و لەناوخۆش لەلایەن نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقەوە، دەتوانن بە ئامانجەكانیان بگەن.



لەوبارەیەوە محەمەد مەشهەدانی ئەندامی هاوپەیمانی هێزەكانی عێراق بۆ "العربی الجدید" ڕای گەیاندووە، بەهەموو شێوەیەك وەرگرتنی پۆستی گرنگ و هەستیار لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری بۆ ئەفسەرانی سەر بە ئێران و میلیشیاكان ڕەت دەكەینەوە و هیچ كات قبووڵی ناكەین. ئێستە نیمچە كۆدەنگییەك لەسەر بەشداری نەكردنی میلیشیاكان لە شەڕی مووسڵ هەیە، بەهۆی پێشێلكارییەكانیان لە بەغدا و دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار و بابل، عەبادیش بەڵێنی داوە كەسانی لێهاتوو و سەربەخۆ و بێلایەن بكات بە وەزیری نوێی ئەو وەزارەتانە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دایە عەبادی و دەڵێ، بۆچی عەبادی پۆستی وەزارەتەكان پڕ ناكاتەوە، لە كاتێكدا  وڵات لە شەڕی قورسدایە لەگەڵ تیرۆریستان، هۆشداری بە عەبادی دەدەین كە هاوشێوەی مالیكی ئەزموونی ساڵی 2008 دووبارە نەكاتەوە.

لە ساڵی 2008 نووری مالیكی زۆرێك لە ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دوور خستەوە بەتۆمەتی بەعسیبوون و كەسانی ناشارەزا و سیاسی هێنایە نێو سیستەمی ئاسایش و بەرگریی عێراق، لەوكاتەوەش سیاسەت رۆڵی گرنگ بەسەر سیستەمی ئاسایش و بەرگریی عێراق دەگێڕێت.

ئەمەریكا هۆشداری داوە و وڵاتانیش نیگەرانن لە بەشداری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ڕەتی دەكەنەوە ئەو هێزە بەشداری شەڕەكان لە مووسڵ بكات، برێت ماكگۆرك نوێنەری تایبەتی ئۆباما لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشتر ڕای گەیاند، كە نابێ هیچ هێزێك لە دەرەوەی هێزە رێكخراوەكان بۆ شەڕی مووسڵ بەشداری بكەن، پێویستە مافی مرۆڤ و بنەماكانی جەنگ لەبەرچاو بگیرێ و ئەوەی لە فەلووجە ڕووی دا، نابێ لە مووسڵ ڕوو بداتەوە، بەڵام میلیشیاكان ئێستە سەدان سەربازیان لە رێی پۆلیس و سوپا هەیە كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە لەسەر شەڕی كۆڵان راهێنانیان پێ كراوە و خزاونەتە نێو ریزەكانی سوپا و پۆلیسەوە و هاوكات بە وەرگرتنی پۆستی فەرمانگە گرنگەكان لە وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری، دەتوانن بەتەواوی پلانی میلیشیاكان لە ژێر پەردەی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی جێبەجێ بكەن.

فالح شەمەری شرۆڤەكاری سیاسی بە رۆژنامەكەی گوتووە، میلیشیاكان هەوڵ دەدەن بە تەواوی بخزێنە نێو سوپا و پۆلیس و لە زووەوە ژمارەیەكی  چەكدارانیان لە ریزی سوپا و پۆلیسەوە ناردە كەمپەكانی مەشق و راهێنان كەلەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانانەوە مەشقیان پێ دەكرێ، بۆ ئەوەی لە نێو هێزەكان جێگیر ببن و لەكاتی پێویست فەرمانی سەركردە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی جێبەجێ بكەن.



دوای تەقینەوەكەی ناوچەی كەڕادە لە شەوی سێی تەمووز/یۆلیۆ لەكاتی ڕەزامەندا كە كوژرانی 300 كەسی لێ كەوتەوە، محەمەد سالم غەبان وەزیری ناوخۆیی عێراق دەستی لە كارەكەی كێشایەوە. لە رۆژی 25ی ئاب/ ئۆگستسی ڕابردووش پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێكی ئاساییدا بە ئامادەبوونی 245 پەرلەمانتار و بە دەنگدانی نهێنی و بە دەنگی 142 پەرلەمانتار، متمانەی لە خالید عوبێدی وەزیری بەرگریی عێراق سەندەوە و تا ئێستەش ئەو دوو وەزارەتە بێ وەزیرن، ئەمەش لە كاتێكدایە عێراق لە ناوەڕاست و باكورییەوە لە شەڕی قورسدایە لەگەڵ تیرۆریستەكانی داعش كە لە حوزەیران یۆنیۆی 2014ەوە هاتنە عێراق و دواتر دەستیان بەسەر ناوچەیەكی بەرفرەوانی عێراقدا گرت.

وشە/ العربی الجدید، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د