رۆژنامەنووسە ژاپۆنییەكە داعش دەرچوو بۆیە گیراوە

:: PM:12:31:03/11/2016 ‌

بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایان ئەو رۆژنامەنووسە ژاپۆنییەكەی كە گیراوە، لەكاتی لێكۆڵینەوە دانی بەوەدا ناوە كە ویستوویەتی بچێتە نێو رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

كوسوكی سونیوكا رۆژنامەنووسێكی ژاپۆنییە و لە رۆژی سێشەمی ئەم هەفتەیە یەكی تشرینی یەكەم/نۆڤێمبەر گوتەبێژی حكوومەتی ژاپۆن و باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق ڕاگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەدا كە لەلایەن پێشمەرگەوە رۆژنامەنووسێكی وڵاتەكەیان گیراوە و چارەنووسی دیار نییە.

لەوبارەوە دیندار زێباری یاریدەدەری سەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەو رۆژنامەنووسە ژاپۆنییە بە فەرمانی دادوەر و بە تۆمەتی تیرۆر گیراوە و لەمیانەی لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا دانی بەوەدا ناوە، كە ویستوویەتی زانیاری بداتە رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

هەروەها گوتی، چەند رۆژێك پێش ئێستە هێزە تەناهییەكان كوسوكی سونیوكا رۆژنامەنووسێكی ژاپۆنیان لە هەرێمی كوردستان گرتووە و ئێستەش لە گرتووخانەدایە و لەلایەن دژەتیرۆر لە هەولێر لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، بە هۆی بوونی پێوەندی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش.

زێباری ئاماژەی بەوە دا، كە پێشتر ژاپۆنیان ئاگەدار كردووەتەوە كە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسە بكەن، بەهۆی پێوەندی بە تیرۆر، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ یاسایەك لەو وڵاتە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تیرۆر، ئازادكراوە.

كوسوكی سونیوكا لە ساڵی 200 لەسەر دەستی پیاوێكی ئاینی ئیسلام لە ژاپۆن بووەتە ئیسلام و ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ "شامی" ئەو پیاوە ئاینییە باوەڕی پێ هێناوە بچێتە شاری رەقەی سووریا و لەگەڵ چەكدارانی ئەفغانی و شیشانی جیهاد بكات، دواتر چووەتە رەقە و پاشان بەنهێنی گەڕاوەتەوە ژاپۆن.

دیندار زێباری ئاشكرای كرد، كە دەزگە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان بە پشت بەستن بە بڕیاری دادگە، ئەو رۆژنامەنووسەیان گرتووە و ئێستەش لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە، لەمیانەی لێكۆڵینەوەكانیشدا دانی چوونی بۆ رەقە و كاركردنی وەك وەرگێڕ بۆ داعش داناوە و دواتر لەلایەن داعشەوە میدالیایەكی وەك خەڵاتی داعش پێ دراوە و بەر لەوەی بچێتە سووریاش سەردانی ئەفغانستان و چیچانی كردووە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، ئەو هاتووەتە هەولێر و سەردانی سەنگەرەكانی شەڕی دژ بە داعشی كردووە لە میحوەری خازر، بۆ ئەوەی پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە بزانێ و دوو كەسی تریشی لەگەڵدا بووە، رێگە نەداوە بچێتە بەشێك لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان بەهۆی هەبوونی گومان لەخۆی و ئەو كەسانەی لەگەڵیدابوون.

هەروەها گوتی، سونیوكا وەك رۆژنامەنووسێك هاتبوو، بەڵام نوێنەرایەتی هیچ دەزگەیەكی راگەیاندنی نەكردووە و ئێمەش لێی كەوتووینەتە گومان و گیراوە و ئەویش دانی بە بوونی پێوەندی بە داعش ناوە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا دیندار زێباری رایگەیاند، دەزگە پێوەندارەكانی هەرێمی كوردستان پێوەندیان بە باڵوێزخانەی ژاپۆن لە عێراق كردووە و پێیان ڕاگەیاندوون كە هاووڵاتییەكی ژاپۆنی بە تۆمەتی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان گیراوە.

سەرچاوە/ العربی الجدید.




وشە - باز ئه‌حمه‌د