بەپێی پڕۆژە یاسای بودجە به‌شێك له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌درێت به‌ پێشمه‌رگه‌

:: PM:08:04:03/11/2016 ‌
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو پێویستە فەرمانبەرانی ھەرێم ھاوشێوەی عێراق بەشێک لەمووچەکانیان بەھێزی پێشمەرگە بدەن، لەحاڵەتێکدا ئەگەر بەغدا 17%ی بەشە بودجەی ھەرێمی خەرج کرد، بەپێچەوانەوە ھیچ گۆرانکاریەک لەمووچە ناکرێت لەبەر ئەوەی حکومەتی ھەرێم بەشێک لەمووچەی فەرمانبەران پاشەکەوت دەکات.

حاکم سەرحان سلێڤانەیی بە"وشە"ی راگەیاند" لیژنەکەیان دەستیکردووە بە ئامادەکردنی راپۆرت لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو وتێیدا ئالیەتێک دانراوە بۆ ئەوەی بتوانن لەماوەی دوو ھەفتەی راپۆرتی خۆیان ئامادەبکەن، بۆیە کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن تاوەکو راپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن.

حاکم سەرحان سلێڤانەیی گوتیشی، تاوەکو ئێستا ھیچ کوتلەیەک لەبارەی ١٧%ی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان رێگر نیە ولەکۆبوونەوەکانی داھاتوو ئەوپرسە زیاتر ڕوون دەبێتەوە.

سلێڤانەیی وتیشی، لەپڕۆژە یاساکەدا ھاتووە پێویستە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی عێراق 8.4% لەمووچەی فەرمانبەران بدرێتە ھێزی پێشمەرگە، بەڵام لەحاڵەتێکدا ئەگەر بەغدا بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان خەرج بکات، چونکە ئێستا ھەرێمی کوردستان ھەموو مووچەی فەرمانبەران نادات و بەشێکی پاشەکەوت دەکات وناتوانێت ئەو کارە بکات.

باسی لەوەشکرد، ئێمە وەکو کورد ھیچ لاریمان نیە لەوەی ئەوبرە پارەیە لەمووچەی فەرمانبەران بدرێتە پێشمەرگە، چونکە پێشمەرگە خاکی کوردستان دەپارێزێت وخوێن بۆ ئەوخاکە دەرێژێت، بەڵام لەئێستادا ھەرێمی کوردستان لەقەیران دایە وبەشێک لەمووچەی فەرمانبەران پاشەکەوت دەکات و بەتەواوەتی نایدات،ب ەڵام گەر بەغدا بەشە بودجەی ھەرێم بدات ئەوکات دەتواندرێت ئەو رێژەی لە پڕۆژە یاسای بودجە دیاری کراوە بداتە پێشمەرگە.

پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق برەکەی 100 تریلیۆن دینارە و بڕی داھات 79 تریلیۆن دینارە و 21 تریلیۆن دینار کورت ھێنان ھەیە و پشکی ھەرێمی کوردستانیش 17% کەدەکاتە 11 تریلیۆن دینار، ھاوکات لەپڕۆژە یاساکەدا ھاتووە پێویستە لەبەشە بودجەی وەزارەتی بەرگری عێراق 17%ی بدرێت بەھێزی پێشمەرگە.

وشه‌/ بڵند ئیبراھیم


وشە - عه‌لی سدیق