یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان كه ڕێككه‌وتنى ستراتیژیى له‌گه‌ڵ پارتى دیمو‌كراتى كوردستاندا هه‌یه و كاری پێ ناكه‌ن، به‌رده‌وام ناڕه‌زایى ده‌رده‌بڕێت به‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پارتیدا له پۆسته‌كانی حكوومه‌تدا هاوسه‌نگ نین، به‌ڵام پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ئاشكراى ده‌كات هاوسه‌نگى له پۆسته‌كاندا له نێوانیاندا هه‌یه و دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌وان نه‌یانهێشتووه یه‌كێتى شكستى هه‌ڵبژاردنه‌كان و كێشه ناوخۆیییه‌كانى له‌سه‌ر پۆسته‌كان و كه‌مبوونه‌وه‌ى پشكه‌كانیان ڕه‌نگ بداته‌وه.
له دوایین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا، یه‌كێتى ژماره‌ى كورسییه‌كانى بۆ 18 كورسى كه‌م بووه‌وه، به‌ڵام به هه‌مان شێوه‌ى جاران له‌گه‌ڵ پارتیدا پۆسته‌كانیان به‌پێى ڕێككه‌وتننامه‌ى ستراتیژى دابه‌ش كرد، به‌ڵام یه‌كێتى هێشتا نیگه‌رانه و ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ پارتیدا هاوسه‌نگى حكومڕانیان نییه. له كاتێكدا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن هێنده‌ی سێ وه‌زیر و سه‌رۆكی ده‌سته‌یه‌ك مافیان پێ ده‌دات، كه‌چی پێنج وه‌زیر و جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێم و هه‌زاران به‌ڕێوه‌به‌ر تا بریكاری وه‌زیریان بردووه.
عه‌لى عه‌ونى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى به"وشه"ـى ڕاگه‌یاند كه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا وه‌ك هه‌میشه پۆسته‌كانیان یه‌كسانن و وه‌ك ساڵانى ڕابردوو له نێوانیاندا وه‌ك یه‌كن. ئه‌و گوتى، "هه‌ر پۆستێك پارتى سه‌رۆكى بێت جێگره‌كه‌ى یه‌كێتییه، یان هه‌ر پۆستێك سه‌رۆكه‌كه‌ى یه‌كێتى بێت جێگره‌كه‌ى پارتییه، ئه‌وه‌ش ماناى وایه له پۆسته حكومییه‌كاندا یه‌كسانن".
به‌ڵام یه‌كێتى ئاشكراى ده‌كات كه كێشه‌ى ئه‌وان هه‌ر ته‌نیا پۆست نییه، به‌ڵكو پارتى له پرسی حكومڕانى و بڕیارداندا پرس به یه‌كێتى ناكات، ئه‌مه له كاتێكدا به‌پێى ڕێككه‌وتننامه‌ى ستراتیژیى نێوانیان، ده‌بێت بڕیاره‌كان به هاوبه‌شى و ئاگادارى هه‌ردوولا ده‌ربكرێن.
سامان گه‌رمیانى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى، بۆ "وشه"ـى ڕوون كرده‌وه، له شێوه‌ى بڕیاردان و پۆست‌دا نایه‌كسانى له نێوان یه‌كێتى و پارتیدا هه‌یه، چونكه چى پۆستى هه‌ستیار و گرنگه لاى پارتییه. گه‌رمیانی زیاتر گوتى، "به‌ڵام له ڕێككه‌وتننامه‌ى ستراتیژیدا هاتووه كه پۆسته گرنگه‌كان ده‌بێت له نێوان پارتى و یه‌كێتیدا دابه‌ش بكرێن، ڕاسته ئێسته هێزى تریش هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى به‌ر ئه‌و دوو هێزه ده‌كه‌ون ده‌بێت به‌و جۆره دابه‌ش بكرێن".
یه‌كێتى و پارتى، ڕێككه‌وتننامه‌ى ستراتیژى له نێوانیاندایه و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ش، یه‌كێتى و پارتى ده‌یان ساڵ حكومڕانى كوردستانیان كردووه و به‌شێوازى په‌نجا به په‌نجا پۆسته‌كانى حكوومه‌تیان به‌ڕێوه بردووه، به‌ڵام رێككه‌وتنه‌كه سڕ كراوه و یه‌كێتی رێككه‌وتنێكی تری له‌گه‌ڵ گۆڕان له 17ی ئایار/مایۆی رابردوو ئیمزا كرد.
وه‌ك ئه‌ندامه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى پارتى ئاشكراى ده‌كات، پارتى ئه‌وه‌ى ڕه‌چاو نه‌كردووه كه یه‌كێتى له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا چه‌ند ده‌نگى هێناوه، به‌ڵكو به پابه‌ندبوونى به‌و ڕێككه‌وتنه‌ى له نێوانیاندایه وه‌ك جاران مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كردووه و پۆسته‌كانیان له‌گه‌ڵ دابه‌ش كردوون.
عه‌لی عه‌ونی دووپاتی ده‌كاته‌وه كه "كاتێك یه‌كێتى 18 كورسیى په‌رله‌مانى هێنا، ئێمه پێمان نه‌گوت تۆ ده‌نگت كه‌م هێناوه، به‌ڵكو هاتین وه‌ك جاران جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆكى حكوومه‌ت و پێنج وه‌زیرمان پێ دان، كه پارتیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی به‌ركه‌وتووه".
له‌لایه‌ن به‌رپرسانى یه‌كێتییه‌وه به‌رده‌وام ئاماژه به‌وه دراوه كه ڕێككه‌وتنى ستراتیژیى نێوان یه‌كێتى و پارتى كۆتای هاتووه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و ئه‌ندام سه‌ركردایه‌تییانه‌ى هه‌ردوولا باسى ده‌كه‌ن، ڕێككه‌وتننامه‌ى ستراتیژى له‌و هه‌لومه‌رجه نوێیه‌ى له كوردستان دروست بووه، پێویستى به هه‌مواركردنه‌وه‌ى به‌شێكى زۆرى بڕگه و ماده‌كانى هه‌یه و ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبه‌ش بیانه‌وێت له‌سه‌رى به‌رده‌وام بن، ده‌بێت ئه‌و كاره بكات.
به‌و جۆره‌ی یه‌كێتی داوای پۆست و دابه‌شكاری ده‌كات، جۆرێكه له ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی و له گۆڕنانی دیموكراسی، چونكه حزبه‌كان بۆیه ململانێ ده‌كه‌ن تا پێش بكه‌ون و بگه‌نه ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام یه‌كێتی له هه‌موو ئاسته‌كاندا كه قسه ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن پۆستمان كه‌مه له حكوومه‌ت، له كاتێكدا له سنووری پارێزگای سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، یه‌كه كارگێڕییه‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین، پارتی سه‌رۆكی تێبینه‌رانیشی پێ ره‌وا نه‌بینراوه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا زۆربه‌ی به‌رپرسی وه‌زاره‌ته‌كان له هه‌ولێر یه‌كێتین.
به بڕواى چاودێرانى سیاسی، یه‌كێتى و پارتى ته‌نیا له ئاستى سه‌ره‌وه‌دا پۆسته‌كانیان دابه‌ش كردووه و ده‌ڵێن له وردبوونه‌وه بۆ خواره‌وه، به پێچه‌وانه‌وه هه‌ندێ جار ڕێگریش بۆ یه‌ك دروست ده‌كه‌ن.
سیروان كه‌ریم مامۆستاى زانكۆى سلێمانى و چاودێرى سیاسیى به"وشه"ـى گوت، "له سنوورى سه‌وز كوا بڕیار و ڕاوێژ پێكردن به پارتى و له سنوورى زه‌ردیش كوا بڕیار و به‌رپرسه‌كانى یه‌كێتى له هیچ شتێك‌دا پرسیان پێ ده‌كرێت و ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت؟".
ساڵی رابردوو چه‌ند كادرێكی یه‌كێتی رووپێوێكیان كردبوو بۆ پۆسته‌كان له كوردستان و به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی پێی گه‌یشتبوون، یه‌كێتی به‌شی خۆی وه‌رنه‌گرتووه له حوكمڕانیدا، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌شی یه‌كێتی نیوه‌ی پۆسته‌كان بێت، ده‌بێت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه هێزی دووه‌مه و شه‌ش كورسی له یه‌كێتی زیاتره، ته‌واوی پۆسته‌كان بگرێته ده‌ست.
سلێمانى/ شاد كه‌یوان