چه‌پ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه كه به‌رجه‌سته‌ی ره‌وتێكی هزری و سیاسی ده‌كات و هه‌وڵی گۆڕینی كۆمه‌ڵگه بۆ حاڵه‌تێكی زیاتر یه‌كسان له نێوان ئه‌ندامانی ده‌دات، به‌ڵام پارته‌كانی چه‌پ له كوردستان و عێراق بۆچی رۆڵیان نه‌ما و كادرانیان چی‌یان به‌سه‌ر هات. سه‌ركرده‌كانی چه‌پ هۆكاری جیاواز له‌باره‌ی لاوازی رۆڵیان ده‌خه‌نه ڕوو، به‌ڵام هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نادادپه‌روه‌ری هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی كاریگه‌ریی چه‌په‌كانه.
ده‌سته‌واژه‌كانی "چه‌پ و راست" بۆ یه‌كه‌م جار له‌كاتی شۆڕشی فڕه‌نسا سه‌ریان هه‌ڵدا، ئه‌وكاته‌ی نوێنه‌ری هه‌ژاران له به‌ری چه‌پی شا لویسی شانزه‌م و نوێنه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن موڵكه‌كان له به‌ری راستی داده‌نیشتن، به‌ده‌ر له‌وه‌ی زۆر كه‌س تێی گه‌یشتوون هه‌موو شیوعییه‌ك چه‌په، به‌ڵام هه‌موو چه‌پێك شیوعی نییه.
زیره‌ك كه‌مال ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان، به"وشه" ده‌ڵێت، به‌شێك له هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی رۆڵ و كاریگه‌ریی حزب و هێزه چه‌په‌كان پێوه‌ندی به هه‌ڵه و كه‌موكوڕییه‌كانی خۆیانه‌وه هه‌یه، له‌سه‌ر ئاستی ستراتیجی و ته‌كتیكی، له رووی كاركردنیان له‌سه‌ر زه‌وینی واقیع، هه‌ڵه و كه‌موكوڕییان زۆر بووه و نه‌یانتوانیوه خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌مدا بگونجێنن یان شیكردنه‌وه‌یه‌كی زانستییانه بۆ هه‌لومه‌رجه‌كه بكه‌ن.
"به‌شێكیشی پێوه‌ندی به‌و نه‌خشه و پیلانه جیهانی و ناوخۆیییانهوه هه‌یه كه به‌رده‌وام له‌لایه‌ن سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و بیری دواكه‌وتوویی و بنیاتی كۆمه‌ڵگه‌وه پیلانێكی زۆر گه‌وره‌یان له دژی پارته چه‌پ و پێشكه‌وتنخوازه‌كان هه‌بووه و لێنه‌گه‌ڕاون له‌سه‌ر زه‌وینی واقیعدا گه‌شه بكه‌ن و رۆڵی خۆیان ببینن" كه‌مال وای گوت.
لای خۆیه‌وه گۆران جه‌لال ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، به"وشه"ی راگه‌یاند كه بزاوی چه‌پ له هه‌موو دنیا له دوای شكستی بلۆكی سۆسیالیستی تووشی ته‌نگژه هات. به‌گوته‌ی گۆران "پێویسته سه‌ره‌تا باس له‌و ته‌نگژانه بكه‌ین كه رووبه‌ڕووی پرسی حزبایه‌تی بووه‌ته‌وه له كوردستان كه حزبایه‌تی زیاتر بووه‌ته به‌شێك له پیشه، له دامه‌زراندن و پاره و ئیمتیازات و پۆست و پله به‌خشینه‌وه و كه‌متر پره‌نسیپ و ئایدۆلۆجیا و هزر له‌پشتی حزبایه‌تییه".
ئه‌و كادره چه‌په ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه له دوای راپه‌ڕین دۆخێك له كوردستان دروست بووه ورده ورده پرسه نیشتمانی و نهتهوهیییهكان و چه‌پایه‌تی و فیكرییه‌كان فه‌رامۆش كران و ئه‌وه‌نده‌ی پرسی حزبایه‌تی و زیاتر به‌رژه‌وه‌ندییه ته‌سكه‌كانی حزب كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخه‌كه هه‌بوو، جگه له‌وه‌ی چه‌په‌كان دژایه‌تییه‌كی قووڵ ده‌كرێن له‌لایه‌ن هێزه كۆنه‌پارێزه‌كانه‌وه.
"به‌شێك له ده‌سه‌ڵات و پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان له ساڵانی رابردوو گه‌مارۆیان له‌سه‌ر ئه‌و پارته چه‌پانه‌دا داناوه، بۆیه توانای دارایی و قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات و پایه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌لایه‌ن پارته‌كانی بۆرجوازی و ته‌قلیدی له هه‌رێمی كوردستان به‌جۆرێك ره‌فتاریان كردووه كه راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پارته چه‌په‌كان كردووه، جگه له‌وه‌ی پارته چه‌په‌كان كۆمه‌ڵێك گرفتیان هه‌یه و یه‌كگوتاری سیاسی‌یان نه‌بووه" جه‌لال وای گوت.
له‌باره‌ی رۆیشتنی كادرانی چه‌پ بۆ ده‌ره‌وه‌ی بزاوهكه، ئه‌و سه‌ركرده‌ی زه‌حمه‌تكێشان ده‌ڵێ "دوو هۆی هه‌یه، یه‌كه‌میان بابه‌تییه كاتێك خه‌ڵكانێك دێن و دوای ماندووبوونێكی زۆر له ریزی چه‌په‌كان ده‌بینن هێزی كۆمه‌ڵگه له به‌رژه‌وه‌ندی چه‌پ نییه، ره‌نگه به‌رگه‌ی ئه‌و دۆخه نه‌گرن و بچنه ناو پارته‌كانی ده‌سه‌ڵات، به‌شێكیشیان هۆكاره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی كاتێك كادرێكی بێتوانای خۆی دێنێت و هه‌موو ئیمتیاز و پله و پۆستێكی پێ ده‌دات، له‌و كاته‌ی كادرێكی چه‌پی دڵسۆز و خه‌باتگێڕ نان نییه بیخوا، بۆیه ئه‌وه روو ده‌دات. گرنگترین هۆكار ئه‌وه‌یه دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و هاووڵاتیبوون له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێه تا ئاستێكی زۆر بوونی نییه و نادادوهرییهكی زۆر هه‌یه".
لای خۆیه‌وه ئاسۆ كه‌ریم نووسه‌ر بۆچوونی وایه كه هۆكاره‌كه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه له رووی بنیاته‌وه عێراق وڵاتێكی ده‌ستكرد بووه و به‌پێی خواستی پێكهاته‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته دروست نه‌بووه، بۆیه ده‌بینین له هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك ده‌نگ به نوێنه‌رایه‌تی خۆی ده‌دات، ئه‌وه‌ش وای كردووه هێزه‌كانی تر له سه‌رووی نه‌ته‌وه و تایفییه‌ت لاواز بن، هه‌روه‌ها دابه‌شبه‌ندی فیكری و تایفی له عێراق ئه‌وه‌نده قووڵه بواری بۆ حزبه‌كانی به‌ده‌ر له‌وه نه‌هێشتووه‌ته‌وه.
"كولتووری دیموكراسی دروست نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ر بنه‌مای پرۆگرام شتی ده‌نگ بدات، به‌و هۆیه‌ی عێراق وڵاتێكی ده‌ستكرد بووه و له‌لایه‌ن پێكهاته‌كانه‌وه فه‌رمانڕه‌وایی كراوه، شتێك نییه به‌ناوی ئینتیمای عێراقیبوون، ئه‌وه وای كردووه رۆڵی پارته دیموكرات و لیبراڵ و مه‌ده‌نی یان چه‌په‌كان به‌گشتی لاواز بێت" ئاسۆس كه‌ریم وای گوت.
ئه‌و نووسه‌ره بۆ "وشه" زیاتر ده‌پرسێت، به‌ر له 2003 یان 1991 كێ له‌گه‌ڵ چه‌په‌كان بووه؟، ئه‌وان خه‌ڵكی سته‌ملێكراو و ره‌شوڕووت بوون، ئه‌و خه‌ڵكه خوێنده‌وارانه بوون كه بواری ئازادییان پێ نه‌ده‌درا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بیروڕای خۆیان ده‌رببڕن، له كاتێكدا له‌ناو شیعه و كورد و سابیئه و ئێزیدی و كریستیان، حزبی شیوعی و چه‌په‌كان رۆڵی به‌هێزیان هه‌بووه، به‌ڵام دوای ئازادبوون، خه‌ڵكانێكی زۆر له‌وانه‌ی له‌ناو چه‌په‌كان بوون، چوونه ناو پارته‌كانی تر".