بەوێنە..بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی سۆران بە ئاهەنگ پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان دەكات

:: PM:04:46:12/09/2017 ‌


ئەمڕۆ سێشەم، بەڕێوەبەرایەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی سۆران بەمەبەستی پشتگیری ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، رێوڕەسمێكی تایبەتی بۆ كچ و كوڕی شەهیدان رێك خست .

ئەشقی مەلا بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی سۆران بە "وشە "ی راگەیاند، سەعات 10ی بەیانی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا لە هۆڵی پاركی گوڵان لە سۆران، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی دەڤەرەكە و خانەوادەی سەربەزری شەهیدان، 150 قوتابی كوڕ و كچی شەهیدانی شەڕی بەرگری لە خاك و نیشتمان، خەڵاتی رێزلێنان و كەلوپەلی خوێندنی ئەمساڵیان بەسەر دابەش كرا .

مەلا ئاشكرای كرد، هەر لەو رێوڕەسمەدا بەمەبەستی پشتگیریكردن لە پرۆسەی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی، ئاهەنگێكی خنجیلانەیان ساز كرد كە وەك كەسوكاری شەهیدان چۆن بەخوێن خاكی پیرۆزی كوردستانیان لە دوژمنان پاراست، بەهەمان شێوە بە خوێن نووسییان "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان".

دەڤەری سۆران هەر چوار شارۆكەی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز دەگرێتەوە، لە ماوەی شەڕی داعش لە 2014ەوە تا ئێستە خاوەنی 128 شەهید و 800 بریندارە، لە كاتێكدا 41 هەزار پێشمەرگەی دەڤەری سۆران لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ خاك و خەڵكی كوردستان دەپارێزن، هەر بەهۆی ژمارەی زۆری شەهیدانی سۆران، لەلایەن "شادی محێدین هەركی" كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی سۆران مۆزەخانەی یادەوەریەكانی شەهیدان دامەزرێنراوە و كەلوپەل و وێنەی شەهیدانی دەڤەرەكەی تێدا نمایش كردووە .

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژی پێنجی ئەیلوول/سێتپێمبەری وەك سەرەتای وادەی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان تا ڕۆژی 22ی ئەیلوول/سێپتێمبەر دیاری كرد، ئێستەیش لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان و كوردان لە وڵاتانی ئەوروپا دەست بە هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی كوردستان كراوە و پرۆسەكە بەردەوامی هەیە .

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.

سۆران / مورشید برادۆستی



















وشە - سلێمان تاشان