رێكخراوەكانی سلێمانی داوای ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان دەكەن

:: PM:05:54:12/09/2017 ‌
بەشێك لە چالاكوانان و ڕێكخراوەكانی سلێمانی داوای ڕێككەوتنی سیاسی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكەن و داوا دەكەن كە چیتر ئەم دۆخە بەردەوامی نەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 12ی ئەیلوول، لە ڕێگەی یاداشتێكەوە بەشێك لە چالاكوانان و ڕێكخراوەكانی سلێمانی داوای یەكڕیزی و بەستنی رێككەوتنیان لە نێوان حزبەكان كرد و هیوا عەبدوڵا چالاكوانی مەدەنی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا یاداشتەكەی خستە ڕوو ڕای گەیاند، هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی زۆر هەستیاردایە، بۆیە پێویستە هەمووان بە گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتمانیی مامەڵە بكەن.

زیاتر گوتی، داوا دەكەن كە پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە و چیتر ئەو پرسە دوا نەخرێت و بارودۆخی ئابووری خەڵكی كوردستان چارەسەر بكرێت.

" داوا دەكەین هەموو پرسە چارەنوسسازەكان بە یەك ڕیزی و یەك گوتاری  تێبپەڕێنرێت، چونكە دەستكەوتەكان تەنیا بە یەك ڕیزی دێتە دی" ئەو رێكخراوانە وادەڵێن.

هەڵوێستی ئەو ڕێكخراوانە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ چەند كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە لە شاری هەولێر بەمەبەستی كاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەری تەنگژەكان لەنێوان حزبەكان بەرێوە دەچێت.

ئەوە لە كاتێكدایەكە كە هەرێمی كوردستان ئێستە لەنێو بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیدایە كە بڕیارە 25ی ئەیلوول بەرێوە بچێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم