یەكگرتوو: بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەین

:: PM:01:19:13/09/2017 ‌

بەرپرسێكی یەكگرتوو دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی و یەكێتی، ئاشكرای دەكات كە یەكگرتوو بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، هادی عەلی سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەوان دووپاتیان لەسەر ئەوەكردووەتەوە كە پەرلەمان بە بەشداری هەموولایەنەكان كارابكرێتەوە و دوا بڕیار ئەوەیە سبەینێ پەرلەمان كارا بكرێتەوە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوودەڵێت، ئەوەمان بە دەستپێك داناوە بۆ چارەسەركردنی ئەو تەنگژە و كێشانەی لەهەرێمی كوردستان هەیە، تەنگژەی سیاسی ودارایی، سبەینێش فراكسیۆنی یەكگرتوو بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكات ئەگەر دانیشتن بەڕێوە بچێت.

لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمی كوردستانیش هادی عەلی گوتی، لەگەڵ شاندی یەكێتی و پارتیهەموو پرسو راكانمان پێكەوە تاوتوێكرد، گەیشتینە ئەوەی هەرچی زووە پەرلەمان كارابكرێتەوە و ببێتە پاڵپشتێك بۆ سەربەخۆیی، هەروەها هیوادرین سبەی گۆڕان و كۆمەڵیش بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بكەن و ئامادەیییان هەبێت لە دانیشتنەكەدا.

ئێستە خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەیە لەگەڵ ژوورەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ وەڵامدانەوەی یەكێتی و پارتی،پێدەچێت شەو یان سبەی كۆبوونەوەیەكی تر لەنێوان پێنج لایەنەكە لە شاری سلێمانی بۆ گەیشتن بە ئەنجام ساز بكرێت.

دوێنێ‌ مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كۆبوونەوەكە زۆر قسەی راشكاوانەی تێدا كراوە و حەوت خاڵەكەی یەكێتی گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، گۆڕان قسەی خۆیان كردووە و ئەگەر بەم شێوەیە بن، ئەوە موژدەی ڕێككەوتن رادەگەیەنین.



وشە - رامیار جەواد