بابەكر زێباری پۆستی بەرپرسی میحوەرەكانی بادینانی پێ درا

:: PM:02:15:13/09/2017 ‌

سوپاسالاری پێشووی عێراق و فەریقی یەكەم لیوا بابەكر زێباری، بە بڕیارێكی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك فەرماندەی میحوەری بادینانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دیاری كرا.

بابەكر زێباری لە لێدوانێكدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا و منیش نەمتوانی ڕەتی بكەمەوە، هەر كاتیش سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارێك بدات، ئێمە ئامادەین، بە خۆشحاڵییەوەش پێشوازیمان لەو بڕیارەی كرد كە وەك فەرماندەی میحوەرەكانی بادینانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئێمەی دیاری كرد.

هەروەها گوتی، دوای ئەوەی لەو پۆستە سەربازییە نوێیە دانراوم، ئیتر منیش ئامادە بووم و گەڕاومەتەوە سەنگەرەكانی بەرگری لە خاك و نیشتمان و بەردەوام دەبین لە ئەركە سەربازییەكانمان بۆ خزمەتی كوردستان.

پێشتر سوپاسالاری پێشووی عێراق لە چەندان دیدار و لێدوانی ڕۆژنامەوانی بە ڕوونی هێمای بۆ ئەوە كردبوو كە ئەو نە لە عێراق و نە لە كوردستان هیچ پۆستی تر وەرناگرێ، بەڵكو لە ماڵەوە دادەنیشم لەگەڵ خانەوادەكەم دوور لە ئەركی سەربازی تەمەنم بەڕێ دەكەم، بۆیە گەڕایەوە ناوچەی شانیكی سەر بە شارەدێی دینارتەی شارۆكەی ئاكرێ و لەوێ نیشتەجێ بوو.

بابەكر زێباری هێمای بۆ ئەوەش كرد، ڕاستە بەرنامەمان وابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی من شارەزایییەكی باشم لە سنووری پارێزگای دهۆك و بواری سەربازی هەیە، بۆیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دا و منیش شانم داوەتە بەر ئەركەكە و بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی كوردستان.

دینارتە/ نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د