بارزانی بۆ BBC:
بۆ راگەیاندنی دەوڵەت لەگەڵ هەموو لایەنەكان گفتوگۆ دەكەین

:: PM:04:12:13/09/2017 ‌
دوای ئەوەی كوردی عێراق لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن دەسەڵاتی خۆیان لە عێراق فراوانتر كرد، ئێستەش دوای دوو هەفتەی تر خەڵكی هەولێر و هەموو ناوچە كوردییەكان بەشداری ریفراندۆم دەكەن و بە بەغدا دەڵێن ئێمە جیا دەبینەوە. ئەمە پێشەكی راپۆرتێكی مەیدانیی تەلەڤزیۆنی "بی بی سی" یە كە لەبارەی پرسی ریفراندۆم بڵاو كرایەوە.

پیشكەشكارەكەی بی بی سی لەگەڵ ئاشكراكردنی ئەم هەواڵە، ئاماژە بە دیمانەیەكی لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەكات كە پێشتر ئەنجامی داوە و دەڵێت، "بارزانی پێی گوتم ناگەڕێینەوە دواوە."

لەبارەی دواخستنی ریفراندۆم مەسعوود بارزانی دەڵێت، "مافی چارەنووس هەموو لایەنێك دانی پێدا دەنێن، بۆیە ئێمەش داوای ئەو دەرفەتە دەكەین كە میلەتی ئێمە تەعبیر لە رای خۆی بكات، پێمان گوتوون بەدیلتان چییە كە داوا لە ئێمە دەكەن دوای بخەن، بەڵام تا ئێستە هیچ بەدیلێكیان نییە و هەر دەڵێن دوای بخەن."

پرسیاری ئەوە دەكرێت كە بەڕێوەچوونی رێفراندۆم دەبێتە هۆی ئەوەی ئێستە سەقامگیری ناوچەكە تێك بچێت و دوایین شت چییە كە ناوچەكە پێویستی پێی بێت؟ بارزانی لە وەڵامدا پرسیاری ئەوە دەكات "چ كاتێك عێراق یەكپارچە بووە تا ئەوان لێی بترسن و ئەوانەی ئەو قسانە دەكەن بیانوو دەهێننەوە، ئەوجا ئێمە لێی بەرپرسیار نین و كاتێك ٢٠٠٣ چووینەوە بەغدا وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ وابووین، چووین بۆ ئەوەی دەستوورمان هەبێت و عێراقێكی فیدراڵی دیموكراتی دروست بكەین، بەڵام ئەوە دەرنەچوو و كەوتنە دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان."

لە بەشێكی راپۆرتەكەدا پەیامنێری بی بی سی باس لەوە دەكات كە شەڕی هێزەكانی عێراق لەگەڵ شەڕی داعش بەردەوامە و عێراق پێی وایە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەبێتە لەمپەر لە بەردەم بەرەنگاربوونەوەی داعش لە دۆخێكی هەستیاری وەك ئێستە.

سەرۆك بارزانی ئەمە رەت دەكاتەوە و دەڵێت، كاریگەریی لەسەر شەڕ دژی داعش نییە. ئەو گوتی "تەمەنم ١٦ ساڵ بوو كە تفەنگم هەڵگرت و بووم بە پێشمەرگە، هەدەفی من ئەوە بووە كە كوردستان وڵاتێكی سەربەخۆ بێت و بەش بە حاڵی خۆم بۆ ئەوە خەباتم كردووە و لە پێناو ئەم هەدەفە حازرم سەری لەسەر دابنێم."

لە راپۆرتەكە باسی سنووری كوردستان دەكات و دەڵێت، بەشێك لەو سنوورانەی بڕیارە ببێت بە سنووری دەوڵەتی كوردستان، هێزەكانی پێشمەرگە لە میانەی جەنگی دژی داعش رزگاریان كردووە و كەركووكیشی لەگەڵدایە كە دەوڵەمەندە بە نەوت و جگەلەمە عەرەب و توركمانیشی تێدا دەژیت.

لە راپۆرتەكە دەقی قسەی سەرۆك بارزانی بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە  بڵاو دەكرێتەوە كە دەڵێت، "نەمانگوتووە كەركووك تەنیا هیی كوردە، بەڵكو بۆ هەموو پێكهاتەكانە و دەبێت ببێتە نموونەی پێكەوەژیان، بەڵام قەدەغەكردنی كورد لەوەی كە لە كەركووك ریفراندۆم بكرێت، بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵكردن نییە."

بەغدا ریفراندۆمی كورد رەت دەكاتەوە و میلیشیاكانیش بەڵێنی هێرشكردنیان داوە ئەگەر لە كەركووك ریفراندۆم بكرێت، بەڵام سەرۆك بارزانی ئومێدی ئەوە دەخوازێت ناچار نەبێت جەنگ بكات، ئەوانەش كە بە پراكتیكی هەڕەشە دەكەن، دەبێت بزانن دۆخەكە هەروا نابێت و هەر هێزێك بیەوێت واقیعێكی تر لە كەركووك بسەپێنێت، دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بكات هەموو كوردێك ئامادەیە تا دوا هەناسە رووبەڕوویان ببێتەوە.

بارزانی دەڵێت یەكەم جارە كورد ئازادانە رای خۆی دەردەبڕێت و چارەنووسی خۆی دیاری دەكات. بۆ راگەیاندنی دەوڵەتیش لەگەڵ هەموو لایەنەكان گفتوگۆ دەكەن و حەز دەكەن بە خۆشی و لێكتێگەیشتن بە رێككەوتن بگەن بەتایبەتی لەگەڵ بەغدا و چارەسەری پرسی سنوور، ئاو، نەوت و هەموو پرسەكان بكەن. 

لە كۆتای قسەكانیشیدا بارزانی دەڵێت، دەستووری عێراق پیشێل كراوە و هەر بە هۆی دەستوور ئێمە مافی ئەوەمان هەیە ئەم كارە بكەین.





وشە - سلێمان تاشان