قوتابخانەی خومەینی لە بەرتلە كرایەوە
هەڵمەتی بە ئێرانیكردنی پەروەردەی خەڵكی دەست پێ كردووە

:: PM:04:13:13/09/2017 ‌


نوێنەری كوردانی شەبەك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، میلیشیاكان ئەجێندای ئێران لە ناوچەكانی كوردی شەبەك جێبەجێ دەكەن و قوتابخانە بەناوی خومەینی و وێنەی خومەینی لە ناوچەكە بڵاو دەكەنەوە، دووپاتیش لەوە دەكاتەوە كە ئەوان بە تەواوی دژی ئەو ئەجێندایەی ئێران و هەر وڵاتێكی تر له ‌ناوچەكانیان ئەنجامی بدات.

سالم شەبەك نوێنەری كوردانی شەبەك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند،  میلیشیاكان لە ناوچەكانی شەبەك قوتابخانە دەكەن بەناوی خومەینی و وێنەی خومەینی لە ناوچەكە هەڵدەواسن و بڵاوی دەكەنەوە، ئەمە ئەجێندای ئێرانە و ئێمەش ئەوە بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین، ئەمە ئەجێندایەكی زۆر نامۆیە بە ئێمە و بە تەواوی مەحاڵە قبووڵ بكرێ، چونكە ئەمە خیانەتە لە میللەتەكەمان و خەڵكی دەشتی نەینەواش بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین خۆیان رادەستی دەوڵەتێكی تر بكەن، چ ئێران بێ یان هەر دەوڵەتێكی تری ناوچەكە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە ناوچەكانی شەبەك لە دەشتی نەینەوا دەستیان بە قوتابخانە دروستكردن كردووە و دەیانەوێ بە سیستەمی خوێندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران خەڵكی ئەو ناوچەیە پەروەردە بكەن و بە تەواوی پێوەستیان بكەن بە ئێرانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی ڕابردوو لە گوندی خەزنەی سەر بە شارەدێی بەرتلە قوتابخانەی ئیمام خومەینی كراوەتەوە، میلیشیاكانیش بە تەواوی یارمەتیدەر و ڕێخۆشكەر بۆ ئەو كارەی ئێران لە ناوچەكە ئەنجامی دەدات.



وشە - باز ئه‌حمه‌د