ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی، ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه له عێراق ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌حمد جه‌مال گوته‌بێژی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاند، له‌سه‌ر داوای ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له كۆمكاری عه‌ره‌بی، له‌سه‌ر ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان ده‌نگیان دا و به ده‌نگی زۆرینه ڕیفراندۆمه‌كه‌یان ڕه‌ت كرده‌وه، چونكه به‌پێی گوته‌ی ئه‌وان نایاسایییه و له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق ناگونجێ و ئه‌وانیش وا به‌باش ده‌زانن كه كورد ڕێز له سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه بگرێ.
ڕۆژی شه‌موو (نۆی سێپتێمبه‌ر) واته دوو ڕۆژ پێش كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌ب له كۆمكاره‌كه‌یان، ئه‌حمه‌د ئه‌بوغه‌یت ئه‌مینداری گشتیی كۆمكاری عه‌ره‌بی و شاندێكی یاوه‌ری هاتنه كوردستان و له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆ بوونه‌وه، له‌وێشدا باسی له‌وه كردبوو كه ئه‌وان پێیان باشه كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقدا كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات و ڕیفراندۆم دوا بخات.
بارزانی به ڕاشكاوی به ئه‌مینداری گشتیی كۆمكاری عه‌ره‌بی ڕاگه‌یاند كه ڕیفراندۆم بڕیارێكی تاكه‌كه‌سێك نییه به ئاسانی دوا بخرێت، به‌ڵكو بڕیاری خه‌ڵك و هێزه سیاسییه‌كانی كوردستانه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به مێژووی هاوبه‌شی گه‌لی كوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراق و ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌دا كه به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هاتووه و دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه له‌و مێژووه هاوبه‌شه‌دا شه‌راكه‌ت جێبه‌جێ نه‌كرا و سازان و ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كانیش پێشێل كران. سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌یشی دووپات كرده‌وه كه به‌پێی ئه‌زموونه شكستخواردووه‌كان له قۆناغی جۆراوجۆر و جێبه‌جێنه‌بوونی شه‌راكه‌ت و پێشێلكاریی ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كان، متمانه له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا نه‌ماوه، بۆیه گه‌لی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوه و ڕیفراندۆمیش له كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام ده‌ردرێت و گه‌لی كوردستان به ئامرازی ئاشتییانه و دیالۆگ و دانوستاندن مافه‌كانی خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات.
ئه‌م دانیشتنه‌ی خولی 148ی وه‌زیرانی عه‌ره‌ب كه دوێنێ سێشه‌م له شاری قاهیره پایته‌ختی میسڕ و باره‌گه‌ی سه‌ره‌كیی كۆمكاره‌كه به‌ڕێوه چوو، تیشك خرایه سه‌ر دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق كه به‌بێ په‌رله‌مانتاره كورده‌كان، ده‌نگیان به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆمی كوردستان دا و تێیدا جگه له‌و باسه، چه‌ند ته‌وه‌رێكی تریان خسته ڕوو، له‌وانه، ئه‌وان دژی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه هێزه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر سه‌روه‌ریی خاكی عێراق ده‌كه‌ن و داوایان كرد واز بهێنن.
بۆچوونی وڵاتانی عه‌ره‌بی له ده‌ره‌وه‌ی كۆمكاره‌كه جیاوازه له‌و بڕیاره، شا عه‌بدوڵا پاشای وڵای ئوردن له دیمانه‌یه‌كدا بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی BBC ڕای گه‌یاندبوو كه ئه‌وان دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نین، به هه‌مان شێوه وڵاتانی سعوودیه، ئیمارات و كوێت به شێوه‌یه‌كی نیمچه یه‌كلاكه‌ره‌وه كێشه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نییه. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانیش حكوومه‌تی ئیسرائیل به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی دانی به ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان ناوه و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپیش به هه‌مان شێوه ڕازی بوون.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌میش له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له نێوان نوێنه‌ری دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری پێكهاته ئاینییه‌كانی كوردستان ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندووه: دان به ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌نێین.
حه‌وتی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2017 له كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان و حكوومه‌تی هه‌رێم و كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، رۆژی 25ی ئه‌یلوول/سێپته‌مبه‌ری وه‌ك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانه‌وه یان جیابوونه‌وه له عێراق" دیاری كرد.
پێشتر له وتارێكدا عه‌بدوڕه‌حمان ئه‌لڕاشید یه‌كێكه له ناسراوترین نووسه‌ره‌كانی عه‌ره‌ب و سه‌رنووسه‌ری پێشووی ڕۆژنامه‌ی "شه‌رق ئه‌وسه‌ت" و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پێشووی ته‌له‌ڤزیۆنی "ئه‌لعه‌ره‌بییه" بووه نووسیویه‌تی، نیمچه یه‌كلا بووه‌ته‌وه زۆرینه‌ی عه‌ره‌ب جگه له عێراق، سۆزیان بۆ ویستی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ڵمه‌ت و چاوپێكه‌وتنه ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا، به ته‌واوی بۆچوونی مرۆڤی كوردی عێراقی خسته ڕوو كه ده‌یانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بن، ئه‌و خه‌ونه‌ی له ساڵانی شه‌ستی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه له پێناویدا ده‌جه‌نگن.
له وتارێكی تردا كه حازم ساغیه نووسه‌ری ناسراوی عه‌ره‌ب له ڕۆژنامه‌ی "حه‌یات"ی له‌نده‌نی بڵاوی كردووه‌وه، ئه‌و به شێوه‌یه‌كی تۆكمه‌تر چووبووه ناو گرفته‌كانی كورد و نووسیبووی: ده‌بێ كورد چ دڵێك به داهاتووی عێراق خۆش بكات، له كاتێكدا هه‌موو ڕژێمه‌كانی 60 ساڵی ڕابردوو، یه‌ك له یه‌ك خراپتر بوون بۆی.
هه‌روه‌ها نووسیبووی: ئێمه‌ی عه‌ره‌ب له كاتێكدا ئه‌و ڕابردووه شێواوه‌مان هه‌یه، به‌و هه‌موو خوێنه‌وه، بۆچی بینه‌قاقه‌ی كورد بگرین و ناچاریان بكه‌ین تا سه‌ر له‌گه‌ڵمان له‌م زیندانییه بمێننه‌وه، وه‌ك بڵێی خزمه‌تكاری مزگه‌وت بن، له‌گه‌ڵمان بن ئه‌گه‌ر نا خیانه‌تكارن!