پیلانێكی داعش دژی كەركووك ئاشكرا دەبێ

:: AM:10:11:14/09/2017 ‌

لە نووسراوێكی نهێنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك هاتووە، كە تیرۆریستانی داعش لە ڕۆژانی داهاتوو لەگەڵ نزیكبوونەوە لە وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پیلانی ڕفاندن و كردەی تیرۆریستان لە كەركووك دژ بە كارمەندان و میدیاكاران هەیە، بۆیە داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیسی كەركووك دەكات ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگری لە تیرۆریستان بگرنەبەر.

بەگوێرەی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای كەركووك كە وێنه‌یه‌كی ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌ و ڕۆژی 12ی ئەم مانگە ئاراستەی بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكە و شارەدێكان و بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشاری كەركووك كراوە، بە ناونیشانی "زانیاری" كە بەشێوەیەكی نهێنی نێردراوە و تێیدا هاتووە، زانیاریمان لە دەزگەی هەواڵگری نیشتمانی عێراق بە نووسراوی 3267 و ڕێكەوتی نۆی ئەیلوول لە 12ی ئەم مانگە پێمان گەیشتووە و تێیدا زانیاری و نیازی تیرۆریستانی داعش لە ئەنجامدانی كردەی ڕفاندن و بە ئامانج گرتنی كارمەندان و میدیاكان لە ناو شاری كەركووك خراوەتە ڕوو.

لە بەشێكی تردا هاتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش دەیانەوێ كردەی ڕفاندنی كارمەندانی فەرمانگەكان و میدیاكان لە ناو شاری كەركووك بڕفێنن، ئەو كردە تیرۆریستییانەش لەلایەن تیرۆریست "ئەحمەد محەمەد حوسێن ئەلحەسانی" بەرپرسی ئاسایشی تیرۆریستانی داعشی ویلایەتی كەركووك ئەنجام دەدرێ، كە پێشتریش لە 18ی ئاب/ئۆگستسی 2017 سەرپەرشتی هێرشكردنە سەر ماڵی "ئەفسەر فەرحان ئەحمەد زركان ئەلعەزاوی" كردووە كە ئەفسەری پۆلیسی شارۆكەی دووبز بووە لە گوندی ملح، ئەو تیرۆریستە پێنج چەكداری تریشی لەگەڵ خۆی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە ماڵی باوكی لە گوندی باجوان هێشتووەتەوە لە ژێر ناوی ئاوارە ماونەتەوە.

لە نووسراوەكە هاتووە، تیرۆریست محەمەد حوسێن ئەلحەسائی دواتر هاتووەتە كەركووك و لە گەڕەكی واست بەرامبەر شوقەكانی غاز كردەی تیرۆریستی ئەنجام دراوە، تا ئێستە ماڵەكەی دەستنیشان نەكراوە، بۆیە ئێستە ڕێوشوێنیان گرتووەتە بەر بۆ ڕفاندنی قەیس خەلەف عەلی كارمەندی كۆمپانیای نەوتی باكور، مەروان ئیبراهیم خەلیل بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە پارێزگای دهۆك، بۆیە چی پێویستە بیگرنەبەر و لە ڕێوشوێنەكان ئاگەدارمان بكەنەوە، لە كۆتای نووسراوەكەیشدا واژووی عەمیدی پۆلیس خەتاب عومەر عارفی بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركووكی لەسەرە و ئاراستەی تەواوی لایەنە پێوەندارەكان كراوە.






وشە - باز ئه‌حمه‌د