بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق نانیشتمانی و نایاسایییە

:: AM:11:50:14/09/2017 ‌

یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان دژایەتی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند لە بڕیاری دژ بە ڕیفراندۆم، بە بڕیارێكی نایاسایی و نانیشتمانی دەزانێت و یەكڕیزی لایەنەكانیش بە باشترین وەڵام دەزانێت.

 ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، نیعمەت عەبدوڵا سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بە توندی بڕیاری پەرلەمانی عێراق ڕێسوا و مەحكوم دەكەین و داواش لە ڕای گشتی و ئازادیخوازانی عەرەب و دنیا دەكەین ئەم هەڵوێستە نایاسایی و نانیشتمانییە شەرمەزار بكەن.

سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان دەڵێت، باشترین وەڵامدانەوە بۆ ئەم بڕیارە ناشایستەیە یەكڕیزی گەلی كوردستان و وەڵامی یاسایی پەرلەمانی كوردستانە، بۆیە پێویستی بە خێرایی لە پەرلەمانی كوردستان وەڵامیان بدەنەوە.

سێشەم 12ی ئەیلوول، پەرلەمانی عێراق جارێكی تر بەبێ‌ ئەوەی لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەدا بێت، بە بڕیارێك ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستانی خستە دەنگدان و بڕیاری ڕەتكردنەوەی درا، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق كاردانەوەی لێ كەوتەوە و پەرلەمانتارانی كورد بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.

دوێنێ‌ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گوتارێكیدا لە كەرنەڤاڵێكی پشتگیری سەربەخۆیی لە شارۆكەی ئاكرێ‌ ڕای گەیاند، پەرلەمانی عێراق بەم بڕیارە ناتوانێ‌ ئیرادەی گەلی كورد بشكێنێت.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.



وشە - رامیار جەواد