ناوچەگەری كوردی دابەش كردووە..شۆڕشی برایم خان زیندووترین نموونه‌

:: AM:10:08:05/11/2016 ‌

مانگی رابردوو لە كفری پرسێكی نەتەوەیی زیندوو كرایەوە، یادی شۆڕشگێڕێكی نەتەوەی كورد دژی ئینگلیزەكان، بەڵام رۆشنبیران و نەتەوەیییەكانی ناوچەكە لەم یادەدا نائومێدبوونی خۆیان لە وەلاخستنی پرسە نەتەوەیییەكان ناشارنەوە و پێیان وایە، هێشتا ناوچەگەریی و خێڵەكی باڵی بەسەر رەوتی رۆشنبیری كورددا گرتووە، بۆیە كورد لە هەڵەیەكی مێژووییدایە، دەبێت پرسە نەتەوەیییەكان پێش بخرێت.

د. حوسێن دەلۆیی مامۆستای زانكۆ، پسپۆڕی مێژوو لەبارەی شۆڕشی برایم خان لە كفری بە"وشە"ی راگەیاند، برایم خان دوو برای لەسەر دەستی عوسمانییەكان شەهید كراون كەمەرخان و حەمەخان، خۆیشی شۆڕشی بەرپا كردووە دژی عوسمانییەكان، لە بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕ و كوردپەروەر بووە. 

زیاتر گوتی، لە سەردەمێكدا پەیماننامەی سیڤەر واژوو كراوە بەپێی سەرچاوە مێژوویییەكان، 62 كەس لەو سەردەمە داوای دەوڵەتی كوردییان كردووە و واژوویان كۆ كردووەتەوە لە كەسایەتیی كوردی و شۆڕشگێڕەكان كە 58 كەسن و تا ئێستە بە سەرچاوەی مێژوویی ساغ كراوەتەوە، برایم خان ناوی لە رێزبەندی 30  هاتووە. 

روونی كردەوە، كاتێك ئینگلیزەكان حكوومیان كردووە، تارجۆن مێجەر جێگری حاكمی ئینگلیز ناوی "سەلمۆن" بوو، زاڵم بووە و ستەمی لە خەڵك كردووە، بێگاری بە دانیشتوانی ناوچەی كفری كردووە و باج و سەرانەی لە خەڵك بە زۆر وەرگرتووە، ئەوكات خەڵكیش داوایان لە برایم خان كردووە، رێگری لە ئینگلیزەكان بكات، ئەوەش بووەتە هۆیەك تا برایم خان شۆڕش دژی ئینگلیزەكان بەرپا بكات. 

لە بارەی گرنگیدان بە پرسی مێژوویی لە ناوچەی كفری و شۆڕشی برایم خان ئەو پسپۆڕە روونی دەكاتەوە "پرسی مێژووی برایم خانی دەلۆ چەند كتێبی لەسەر نووسراوە، لە مێژوودا ناوی هەیە، لە كتێبی قوتابخانە ناوی هەیە و شۆڕشەكەی بەسەر دەكرێتەوە، بەڵام دەرنەكەوتنی ناوی برایم خان وەك شێخ مەحموودی حەفید، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كفری شارێكی بچووكترە لەچاو سلێمانی كە رۆشنبیر و نووسەری زۆرتر بووە و رووداوەكانیان یاداشت كردووە". 

"بەشی دووەمی خاڵێكی هەستیارە بە نموونەیەك روونی بكەمەوە، ئەم رێوڕەسمە بێ ئەوەی دەستی حزب و عەشیرەتی لە پشت بێت، ئێمە وەك بنەماڵەی برایم خان لەگەڵ ئەنیستیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوكردنەوە دروستمان كردووە، بەڵام دوو پەیامنێری ناوچەكە كە لە كەناڵەكانی راگەیاندن كار دەكەن لەبەرئەوەی خێڵەكانیان سەردەمی ئینگلیز دژی ئیبراهیم خانی دەلۆ بوون، بەداخەوە ئامادە نەبوون رێوڕەسمەكەمان رووماڵ بكەن، ئەم خاڵە دەستنیشان دەكەم، تا ئێستە دەمارگیریی ناوچەگەری و خێڵەكی و هۆزایەتی و تەنانەت خانەوادەگەریش، دوژمنی پرسە نەتەوەیییەكانمان بووە، بۆیە بە یەكسانی شۆڕشگێڕ و كەسە نەتەوەیییەكان باس ناكرێن" دەلۆیی وای گوت.  
دەقێكی سۆسۆلۆجی ئەمەریكی هەیە دەڵێت: هەر نەتەوەیەك نەتوانێت كەڵك لە مێژووی خۆی وەربگرێت، هەرگیز ناتوانێت قەوارەی نەتەوایەتی دروست بكات. دكتۆر حسەین دەلۆ دووپاتی دەكاتەوە "كورد ئەم دەقەی بەسەردا جێبەجێ بووە و نەیتوانیوە سوود لە مێژوو وەربگرێت و دووبەرەكی وەلا بنێن، بۆیە مێژووی (میرنشینە كوردییەكان) دووبارە دەكەینەوە، بۆیە دەبێت قەوارەی نەتەوەیی دروست بكەن و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بنیات بنێین". 

بەرەبەیانی رۆژی ٢٢ی ئاب/ئۆگستسی ١٩٢٠، برایم خانی دەلۆ و شۆڕشگێڕەكانی هاوڕێی، سەركەوتنە سەر شاخی (باوە شاسوار)، دەستیان بەسەر بنكەی ئینگلیزەكاندا گرت، دواتر كەوتنە گولەبارانكردنی مەركەزی دەرەكی (پۆلیسخانە)، بەم كارەش راپەڕین دەستی پێ كرد، (سالمون) هەرزوو كەوتە خۆ و بەشوێن هەندێك لە پیاوماقوڵانی شاریدا نارد تا چارەسەرێك بۆ دامركاندنەوەی شۆڕش بدۆزنەوە و لەگەڵیدا سەردانی برایم خان بكەن، بەڵكو دەست لە شۆڕش هەڵبگرێت، هەرچەندە ئامۆژگاری سالمون كرا هەنگاوی لەو بابەتە نەهاوێژێت، بەڵام بێ هوودە بوو، سەرئەنجام (سالمون) بەدیلی گیرا.

شار لەو رۆژەدا لە دەست (داگیركەران رزگار كرا و حكوومەتێكی كاتی بەسەرۆكایەتیی برایم خان دامەزرا كە ئەندامەكانی بریتی بوون لە (ئەكبەر خان، وەیسی بەگی دەلۆ، حەمید عەبدوڕەحمان كارێزی، حەمەجانی رۆغزایی، حاجی محەمەد تەرخانی و كاكەمەند ئەمین دروێش)، دامودەزگەكانی بەڕێوەبردنی كاروباری هاووڵاتییان وەك شارەوانی و پۆلیس و دارایی و خۆراكی خەڵك و …هتد، رێك خرایەوە و ئاڵووێركردن بەرووی هەندێ لە بازاڕدا قەدەغە كرا و بەشێوەیەكی كاتی دراوی عوسمانی بە گەڕ خرایەوە، ئەو دانەوێڵە و خۆراكانەی كە لە كۆگەدا هەبوون دەستیان بەسەردا گیرابوو، بەپێی ژمارەی خێزان و بێ بەرامبەر، بەسەر هاووڵاتییان دابەش كرا. 

دوای ئەوەی ئینگلیز بۆیان دەركەوت كە بەهێز و لوولەی تفەنگ ناتوانن زاڵ بن و سەركەوتن مسۆگەر بكەن، بۆیە ناچار بوون زمانی گفتوگۆ و دانوستان دەست پێ بكەن، پاش ئەوەی لە رێگەی دانوستانەكانەوە داگیركەران ئەو راستییەیان لەلا ئاشكرا بوو كە ئەم شۆڕشە مەغزا و رەهەند و ئامانجێكی نەتەوایەتی هەیە، چونكە یەكەم داوایان ئازادكردنی (شێخ مەحموود) بوو، بۆیە ناچار بوون هەموو هێزەكانی خۆیان لە كەركووك و ناوچەكانی تر كۆ بكەنەوە تا ئەو شۆڕشە سەركوت بكەن، پاش ئەوەی شارۆكەی كفری ماوەیەك لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە بەڕێوە برا، لە ئاكامی ئەو هێرشە فرەوان و بەربڵاوە لە دوای بەرگرییان، چەندین كەس شەهید بوون، ئینگلیزەكان جارێكی تر شاری كفرییان خستە ژێر ركێف و دەسەڵاتی خۆیانەوە. 


وشە - ڕێبین محه‌مه‌د