دوو مووشەك ئاراستەی كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگری ئەمەریكا كرا

:: PM:01:25:10/10/2016 ‌
شەوی رابردوو بە مووشەك هێرش كرایە سەر كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگری ئەمەریكا لە دەریای سوور، بەرپرسانی سوپای ئەمەریكاش رای دەگەیەنن، ئەو مووشەكانە لە ناوچەكانی ژێردەستی حوسییەكانی یەمەنەوە هاوێشتراون.

ئەمڕۆ دووشەم 10ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا ئاماژەی دا، شەوی یەكشەم نۆی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە ماوەی دوو سەعاتدا، دوو مووشەك بە كەشتی فڕۆكەهەڵگری "USS"ی ئەمەریكاوە لە نزیك گەرووی "باب مەندب"ی دەریای سوورەوە نرا كە لە وڵاتی یەمەن "ناوچەكانی ژێردەستی حوسییەكانەوە" هاوێشتراوە.

زیاتر روون كراوەتەوە، هەردوو مووشەكەكە لە پێكانی ئامانجەكەیان سەركەوتوو نەبوون و كەوتوونەتە ناو ئاو و هیچ زیانێكیان بە كەشتییەكە نەگەیاندووە.

ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی داوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی یەكەم مووشەك لە فڕۆكەهەڵگرەكە، سیستەمی دژە ئاسمانی كەشتییەكە كەوتووەتە كار، بەڵام روون نییە كە سیستەمەكە رێڕەوی بە مووشەكەكە گۆڕیوە یاخود نا.

هاوكات لەگەڵ ئەو هێرشە، مووشەكێكی تریش كراوەتە سەر بنكەی سەربازی تایف لە نزیك شاری مەكەی سعوودیە و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەیش رای گەیاند، ئەو مووشەكە لەلایەن یەمەنەوە هاوێشتراوە و سیستەمی دژە ئاسمانی سعوودیە توانیویەتی هێرشەكە پووچەڵ بكاتەوە.

حوسییەكانی یەمەن لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و تا ئێستە چەند جارێك ئێران بە پێدانی چەك بەو گرووپە تۆمەتبار كراوە.

وشە/VOA-BBC- هیدایەت جان


وشە - هیدایه‌ت جان