41 گوند لە داعش پاك كرایەوە و 225یشیان كوژران

:: PM:12:21:23/09/2017 ‌

هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی لە بەردەوامی پێشڕەوییەكانیان لە میانەی هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی حەویجە، لە قۆڵی شەرگات توانیویانە 41 گوند لە تیرۆریستان لە دوێنێوە پاك بكەنەوە و 225 چەكداری سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیشیان كوشتووە.

فەریق رائید جەودەت شاكر فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە، ڕای گەیاند كە لە چوارچێوەی دەست پێكردنی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی حەویجە، ئەمڕۆ لە بەری ڕاستی شەرگات هێزەكانمان بەردەوامن لە پێشڕەوی و بەگشتی تا ئێستە 41 گوند لە تیرۆریستانی داعش پاك كراونەتەوە.

هەروەها گوتی، زیانی گەورەمان بە داعش گەیاندووە و تا ئێستە 225 چەكداریان لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵییەوە كوژراون و 24 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعش لەناو براون و دەست بەسەر 171 پارچە چەك و تەقەمەنی گیراوە.

حەویجە یەكێكە لە شارۆكەكانی سەر بە پارێزگای كەركووك و دەكەوێتە نزیكەی 60 كیلۆمەتر باشووری ڕۆژئاوای شارەكە و زۆرینەی دانیشتووانی عەرەبی سوننەن، لە 2014 دوای ھاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق و گرتنی مووسڵ و ھەڵاتنی سوپای عێراق، ئەو شارۆكەیەش كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش و تا ئێستەش لە ژێر كۆنتڕۆڵی تیرۆریستاندایە و پێشبینی دەكرێ نزیكەی سێ ھەزار چەكداری سەر بە داعش لە نێو حەویجە بوونیان ھەبێ، ھەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی شارۆكەكەیش لە ڕۆژی 21 ئەیلوول/سێپتێمبەر بە بەشداری سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و دژە تیرۆر و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە دەستی پێ كرد، تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د