ژنەكەی دەبێت بە سەلەفی و خێزانەكەی هەڵدەوەشێتەوە

:: PM:08:22:23/09/2017 ‌

خێزانێك لە هەولێر لەبەر ئەوەی ژنی ماڵەكە دەبێت بە سەلەفییەكی توندڕۆ، لەیەك هەڵدەوەشێتەوە و كوڕێكی تەمەن پێنج ساڵێش لەنێوان دایك و باوكەكەدا دەبێت بە قوربانی، ئەو منداڵە دەیەوێت لەگەڵ باوكیدا بژیت و دادگا داویەتی بە دایكی، ئەو پیاوە داوای وەرگرتنەوەی كوڕەكەی دەكاتەوە.

(زانا)، هاوسەری پێشوی ئەو ژنەیە كە بووە بە سەلەفییەكی توندڕۆ، ئەو كە ئێستە لە هەوڵی ئەوەدایە دووبارە كوڕە تاقانەكەی بگەڕێنێتەوە لای خۆی و لە دادگا داوای وەرگرتنەوەی كوڕەكەی كردووە ئەو دەڵێت تەنانەت ئامادەیە دووبارە ژنەكەی مارە بكاتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی منداڵەكەی چیتر نەبێتە قوربانی لەنێوانیاندا، (زانا) چیڕۆكی ژیانی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت:

من و (زەینەب) لە ڕێستۆرانت یەكترمان ناسی و پێوەندی خۆشەویستیمان دروست كرد، دوای ماوەیەك چوومە داوای، ماڵی باوكی ڕازی نەبوون بیدەن بە من، چونكە من زۆر دەوڵەمەند نەبووم و ئەویش كچێكی تاقانە بوو، بەڵام دوای ئەوەی دووجار (زەینەب) هەوڵی خۆكوشتنی دا ئیتر ڕازی بوون و هاوسەرگیریمان كرد.

(زەینەب) و (زانا)، بۆ ماوەی چاوار ساڵ ژیانێكی بێكێشە دەژین و دەبن بە خاوەنی كوڕێك، (زانا) دەڵێت تەنیا كێشەی من و (زەینەب) لەو ساڵانەدا لەسەر ئەوە بوو كە دەچووینە دەرەوە، جلوبەرگی زۆر نا داپۆشراوی لەبەر دەكرد، بەڵام دوای ماوەیەك هەموو شتێك بەشێوەیەك گۆڕا كە چاكبوونەوەی زۆر ئەستەم بوو.

(زانا) و (زەینەب) بڕیار دەدەن كە كوردستان جێبێڵن و بچنە دەرەوەی وڵات، هەر بۆیە (زانا) دەچێت و بە نیازی ئەوەی كاتێك ئەو دەگاتە شوێنی مەبەست ژن و كوڕەكەشی ببات، بەڵام زانا ناگات و دوای سێ مانگ دەگەڕێتەوە، ئەو كاتەشی دەگەڕێتەوە هیچ شتێك وەك خۆی نییە، تەنانەت ئەو ژنەشی كە ڕۆژگارێك تاڵی و شیرینیان پێكەوە چەشتووە.

(زانا) باسی گۆڕانی ژنەكەی و ماڵەكەی دەكات، هەندێكجار كە بە تەلەفۆن لەگەڵ خێزانەكەمدا قسەم دەكرد زۆر شتی دەگوت كە بەلامەوە زۆر سەیر بوو، بەڵام وا بیرم دەكردەوە كە لە دووری من وایە و لەگەڵ گەڕانەوەمدا باش دەبێت، بەڵام كاتێك گەڕامەوە ئەو ژنەی كە بە جلێكی نیمچە ڕووت منی بەڕێ كرد، ئێستە بە پەچەوە پێشوازیم لێ دەكات، هەروەها لە ماڵەكەمدا هەر لە تەلەڤزیۆن تا ئەو وێنانەشی كە خێزانی بوون و هەڵواسرابوون لابرابوون.

زیاتر دەڵێت، سەرەتا پێم خۆشبوو و گوتم داپۆشراوی و گەڕانەوە بۆلای خوا زۆر باشترە لەهەر شتێكی تر، بەڵام دواتر شتەكان پێچەوانە بوونەوە.

(زانا) ئاماژە بەوە دەكات كە (زەینەب)ی ژنی لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكەوە گرووپێكی سەلەفی زۆر توندڕۆی ناسیوە و مێشكیان تێك داوە، تەنانەت هەموو شتێكی لەخۆی و  منداڵەكشی قەدەخە كردووە (لە سەیركردنی تیڤی و چوونە دەرەوەی خێزانی و لەبەركردنی جلی كورت بۆ من و كوڕەكەم و گۆرانی و سەردانیكردنی خزمەكانمان و تەنانەت ڕێگەی نەندەدا من دایكی ئەویش ببینم)، ئەو دەڵێت، ئەوانە شتی زۆر كەمن لەچاو ئەوەی من لەماوەی سێ مانگ لەداوای گەڕانەوەم لەگەل ئەودا چەشتم.

(فاتیمە)، دایكی زەینەبە بۆ زیاتر بەدواداچوونی بابەتەكە، "وشە" پێوەندی پێوە كرد و ئەویش دەربارەی بارودۆخی كچەكەی لەوەڵامدا بە گریانەوە گوتی، مێشكی كچەكەمیان تێك داوە و من و مێردەكەی و باوكی هیچ نەما نەیكەین بۆ ئەوەی ئاسایی ببێتەوە، بەڵام نەكرا، ئێمە هەموومان دەزانین كە سەلەفیبوون بەم شێوەیە نییە كە كچەكەی من تێگەیەنراوە، بۆیە چەند جارێك كەسی زۆر دیار و زیرەكی سەلەفیمان هێناوە و قسەی لەگەڵدا كردووە، بەڵام بێسوود بووە.

دایكی (زەینەب) نایشارێتەو كە ئەوان زۆر بەداوای ئەو كەسانەدا گەڕاون كە كچەكەیان ڕوبەڕووی ئەو حاڵەتە كردووەتەوە، بەڵام بێسود بووە، ترسیشی لەوە هەیە ئێستە كچەكەیان لەگەڵ ئەو گرووپەدا كار لەسەر گۆڕینی مێشكی خەڵكی تریش بكەن.

كێشە لەنێوان (زانا) و (زەینەب) گەورە دەبێت و ماڵی باوكی هەدووكیان هەوڵی چارەی دەدەن، بەڵام تاكە مەرجی زەینەب بۆ ژیان لەگەڵ زانادا ئەوە بووە كە ببێت بە سەلەفی و وەك و خۆی بیر بكاتەوە و وەك خۆشی بژیت، (زانا) بەم داوایە ڕازی نابێت و لەیەكتر جیا دەبنەوە.

(زانا) ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە ئەو كەسێكی زۆر پابەند (مولتەزیم) بووە بە دینەوە، بەڵام نەیتوانیوە وەك ژنەكەی بێت، هەر بۆیە جیا دەبێتەوە، بەڵام دادگا منداڵەكەی دەدات بە ژنەكەی و ئێستە (زانا) لە هەوڵی ئەوەدایە كوڕەكەی بگێڕێتەوە بە ڕێگەیەكی یاسایی، چونكە دەڵێت نایەوێت منداڵەكەی بەو جۆرە بیركردنەوەی دایكی پەروەردە ببێت.
 
هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل