هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا دەستی پێ كرد

:: AM:10:30:24/09/2017 ‌
دەرگەی بنكەكانی دەنگدان بە ڕووی زیاتر لە 61 ملیۆن دەنگدەری ئەڵمانیا كرانەوە و پرۆسەی دەنگدانیش تا سەعات شەشی ئێوارە بەردەوامی دەبێ، تەواوی پێوانەكان و ڕاپرسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەنجێلا مێركلی ڕاوێژكاری ئێستەی ئەڵمانیا بۆ جاری چوارەم هەڵبژاردن دەباتەوە و لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە.

ڕاپرسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، حزبەكەی مێركل زۆرترین كورسی پەرلەمان دەباتەوە، بەڵام دابەشبوون لە ناو ڕەوتە سیاسییەكانی ئەڵمانیا دروست بووە و حزبە توندڕەوەكانی ئەو وڵاتەیش دوای 50 ساڵ پێشبینی دەكرێ بچنەوە نێو پەرلەمان و دەنگی پێویست بەدەست بهێنن.

ڕكابەری مێركل لەو هەڵبژاردنە مارتن شۆلتسی كاندیدی میانڕەوانی ئەڵمانیایە كە بەر لە هاتنی وادەی هەڵبژاردنی ڕكابەرەكەی مێركل ئاشكرای كرد، كە ناتوانێ بەسەر مێركل سەر بكەوێ و جارێكی تر ئەنجێلا مێركل دەبێتەوە ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و دانی بە شكستی خۆیدا نا.

مێركلی تەمەن 63 ساڵ ئێستە لە وادەی سێیەمی خولی ڕاوێژكاری ئەڵمانیادایە و لەمیانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی دووپاتی لەوە كردەوە، كە پشتیوانی ئەڵمانیایییەكان دەكات بۆ پێشكەوتنی زیاتر و بە هێزبوونی زۆرتر، بەتایبەت لە ڕووی ئابووری و پەرەپێدانی چەرخی تەكنەلۆجیا لە ئەڵمانیا و چارەسەركردنی پرسی كۆچبەران و بەرگری وڵاتەكەی و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی جیابوونەوەی بەریتانیا و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمەریكا لە هەموو ئەو تەوەرانە مێركل باشترین بژاردەی پێشكەشی خەڵكی ئەڵمانیا كردووە.

وڵاتانی ئەوروپاش بە تەواوی پشتیوانی مانەوەی مێركل لە پۆستی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا دەكەن، لەو دۆخە هەستیارەی یەكێتیی ئەوروپا پێیدا تێپەڕ دەبێ، بوونی مێركل بە گرنگ دەزانن بۆ چۆنیەتیی داڕشتنەوەی سیاسەتەكانی یەكێتیی ئەوروپا دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتییەكە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د