پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ شەڕی حەویجە ڕێك كەوتن

:: AM:10:38:24/09/2017 ‌

هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕێك كەوتن لەسەر شێوازی بەشداری پێشمەرگە لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆكەی حەویجە و سنوورەكانی دەوروبەری كە هێزی پێشمەرگە دەبێتە هێزی پشتیوانی.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، ڕائید محەمەد كەركووكی بەرپرسی پلان لە سنووری باشووری كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ سوپای عێراق ڕێككەوتنێكمان واژوو كردووە بۆ ئازادكردنەوەی تەواوی سنووری حەویجە، دەبێت ئێمە ڕێ لە كەركووكەوە بكەینەوە بۆ هێزە عێراقییەكان تا بتوانن بەرەو حەویجە بڕۆن و لەهەر شوێنێك داوای‌ هاوكاریی لە پێشمەرگە و بەهاناوە هاتنی‌ لێ بكرێت لەلایەن سوپای‌ عێراقەوە، پێشمەرگە دەبێت ئامادە بێت و ئەو ئەركە لە ئەستۆ بگرێت.

ئو ئەفسەرەی پێشمەرگە دەڵێت، هێزەكانی‌ پێشمەرگە هاوكاریی ئەو ئاوارانە دەكات كە لە حەویجە هەڵدێن و هێزەكانی سوپای عێراق دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە، لە سەرجەم ئەو ناوچانە دەكشێنەوە و هێزەكانی پێشمەرگە جێگیر دەبن لە سنوورەكە.

كەركووكی زیاتر گوتی، هێزەكانی‌ پشتیوانی‌ دووی‌ پێشمەرگە لەگەڵ دەستپێكی‌ شەڕەكەدا دەست بەبۆردمانی‌ حەویجە دەكات و پێشمەرگە لە سەرجەم ئەو شوێنانە دەمێنێتەوە كە  لە سنووری‌ كەركووك تێیدایەتی‌ و هیچ داوایەكی‌ لێ ناكرێت بۆ ئەوەی‌ پاشەكشە بكات.

ڕۆژی چوارشەمی ڕابردوو پرۆسەی ڕزگاركردنەوەی سنووری حەویجە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاگەیەنرا.



وشە - رامیار جەواد