ئەمڕۆ گۆڕان خۆی یەكلا دەكاتەوە

:: PM:03:15:24/09/2017 ‌
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆ ببێتەوە و دوایین هەڵوێستی خۆیان لەبارەی دەنگدان بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەیەنن.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ی ئەیلوول، چالاك موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆ دەبێتەوە و پرسی سەرەكیی كۆبوونەوەكە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەبێت.

زیاتر گوتی، گۆڕان ئەمڕۆ خۆی یەكلا دەكاتەوە لەسەر پشتیوانیكردن لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان و دواتر هەڵوێستی خۆمان بەفەرمی ڕادەگەیەنن.

هاوكات سەرچاوەیەكی نێو بزووتنەوەی گۆڕان كە پێی باش نەبوو پێش كۆبوونەوەكە ناوی بڵاو بكرێتەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێ دەچێت جڤاتی نیشتمانی لەو كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، جەماوەرەكەی ڕابسپێرێت كە دەنگ بە "بەڵێ‌" بدەن یان ئازادیان بكات لەسەر دەنگدانی خۆیان.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لێدوانەكەی لە كاتێكدایە كە تا ئێستە گۆڕان بە فەرمی ڕای نەگەیاندووە كە پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان ناكەن و دوێنیش "وشە" لە زاری بەرپرسانی باڵای گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بڵاوی كردەوە كە ئەوان لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانن، بەڵام چەند تێبینییەكیان هەیە.


 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم