باشوور و رۆژئاوای كوردستان چۆن دەبنە قووڵایی ستراتیجی بۆ یەكتر

:: AM:09:43:25/09/2017 ‌

ئێستە چاوی وڵاتانی دنیا روو لە باشوور و رۆژئاوای كوردستانە، لێرە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بەڕێوە دەچێت و لەوێش پاككردنەوەی ناوچەكانیان لە داعش و خۆسازدان بۆ قۆناغی داهاتوو، بەگشتی ئێستە كورد یاریكەرێكی بەهێزە لە بەرامبەر دۆخ و نەیارانێكی بەهێز، بەڵام ئاخۆ باشوور و رۆژئاوای كوردستان دەتوانن ببنە قووڵایی ستراتیجی یەكتر. شارەزایان دەڵێن, زۆرینەی ئەو نەخشانەی بۆ داهاتووی ناوچەكە بڵاو دەكرێنەوە، ئاماژە بۆ ئەو راستییە دەكەن كە سەربەخۆبوونی باشووری كوردستان رەنگدانەوەی بۆسەر رۆژئاوا دەبێت و لە دواییدا یەك دەگرن لە شێوەی كۆنفیدراڵیدا.

سەرسام خەلیل مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان،بە"وشە"ی راگەیاند، ئێستە هەرێمی كوردستان لە قۆناغی پێش دەوڵەتبوونە و كاریگەری بۆسەر هەموو بەشەكانی تری كوردستان هەیە، باشووری كوردستان وەك ماڵی گەورەیە.

زیاتر گوتی، پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئاستی دەوڵەتانە، بۆیە ئەوكاتەی دەوڵەت نەبووین توانیمان تەحەدا بكەین لە بەرامبەر عێراق و توركیا و هێز رەوانەی كۆبانی لە رۆژئاوای كوردستان بكەین، ئاخۆ دوای بەدەوڵەتبوونمان چی بۆ رۆژئاوای كوردستان دەكرێت؟، رۆژئاوا بە حوكمی ناوچە ستراتیجییەكەی زۆرینەی بیرمەندانی سیاسی وای دەبینن كە دەروازەی گەیاندنی كوردستانە بۆسەر دەریا.

خەلیل روونی كردەوە، "زۆرینەی ئەو نەخشانەی بۆ داهاتووی ناوچەكە بڵاو دەكرێنەوە، ئاماژە بەو راستییە دەكەن كە سەربەخۆبوونی كوردستان رەنگدانەوەی بۆسەر رۆژئاوا دەبێت و دواجار یەك دەگرن لە شێوەی كۆنفیدراڵیدا. ئاخۆ لە داهاتوو رۆژئاوای كوردستان چۆن دەبێت و مامەڵەی باشوور لەگەڵ رۆژئاوا لەرێی كێوە دەبێت؟، چونكە ئەو ئیدارەی ئێستەی رۆژئاوا بەرجەستەی بۆچوونی هەموو لایەنەكانی ئەو بەشەی كوردستان ناكات".

ئەو مامۆستایە دووپاتی كردەوە كە قووڵایی رۆژئاوای كوردستان، باشووری كوردستانە. چونكە بەگوتەی ئەو "باشوور پێش ئەوەی هەنگاو بەرەو دەوڵەتبوون بنێت، دەرگەی بەڕووی ئەو هەموو ئاوارەی رۆژئاوا كردەوە بەو دۆخە خراپەی دارایی و بەردەوامیی جەنگی داعش، بۆیە پێویستە ئەو پێوەندییە لەو قۆناغە مێژوویییە بگات بە ئاستێكی مێژوویی و بۆ پێوەندی باشوور و هەموو بەشەكانی تر قووڵایییەكی ستراتیجی دابنرێت، بەشێوەیەك قووڵایی نەتەوەیی ببێتە بناغەی پێوەندییەكان".

روونی كردەوە، بەگشتی وەك باشوور چەندان بەرژەوەندیمان لەگەڵ رۆژئاوادا هەیە، لە داهاتوودا بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی و سەربازیشمان دەبێت وەك ئەوەی پێشتر لە كۆبانی رووی دا، هەروەها ئەگەر هەردوولا ببن بە دەوڵەت، دەتوانن دامەزراوەی ئابووری و سیاسیی هاوبەشمان هەبێت. 

لای خۆیەوە كاوە ئازیزی ئەندامی لیژنەی ناوەندی پارتی دیموكراتی سووریا، بە"وشە" دەڵێت، باشوور و رۆژئاوای كوردستان لە رووی جیۆگرافی و ستراتیجییەوە تەواوكەری یەكترن و رۆژئاوالە رووی دانیشتوان و جیۆگرافییەوە گرنگییەكی گەورەی هەیە لە بوونی وەك دەروازەیەك بۆ گەیاندنی باشوور بە دەریای سپی و گەیاندنی بە دنیا، هەروەها فاكتەری ستراتیجی و نێودەوڵەتیش پێك دێنێت بۆ گواستنەوەی وزە و كەلوپەل لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ ناوەڕاستی ئاسیا.

زیاتر گوتی، كوردانی باشوور و رۆژئاوای كوردستان لە كولتوور و دێرۆكی تێكۆشاندا هاوتا بوون و هاوشانی یەكتر خەباتیان كردووە،كوردی رۆژئاوا بەشداری شۆڕشەكانی باشووریان كردووە، كوردی باشووریش زۆر یارمەتی رۆژئاوایان داوە، بۆیە دوو جەستەین بە یەك رۆح، ئێستە رۆژئاوای كوردستان كاراترین پاڵپشتن بۆ ریفراندۆمی باشوور، بۆیە هەردوو كوردستان لەبەردەم دەستكەوتی زۆر گەورەن و ئەوان یەكتر تەواو دەكەن.

لای خۆیەوە حەمید دەربەندی نوێنەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری رۆژئاوا، بۆ "وشە" روونی كردەوە، دروستبوونی ئەو قەوارە سەربەخۆیییەی باشووری كوردستان دەبێتبە ناسنامە بۆ هەموو كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان و دنیایش، بۆیە ئەوەی باشوور كاریگەرییەكی رۆحی بۆسەر هەموو كورد دەبێت.

دەربەندی زیاتر گوتی"دەبینین ئێستە هەوڵ و تەقەلایەكی زۆر هەیە لە ناوەندەكانی نێودەوڵەتی لەناو ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ داڕشتنەوەی دەستوور و دامەزراوەكانی سووریا، بۆیە ئەگەر كورد ئێستە خاوەنی گوتارێكی یەكگرتووی سیاسی بێت، دەتوانێت شتی زۆر باش بەدەست بێنێت".

"دەكرێ باشوور و رۆژئاوا قووڵایییەكی ستراتیجی باشی یەكتر بن و ئێستە و داهاتوویش تەواوكەر و پاڵپشتی یەكتر بن و گوتارێكی سیاسی هاوبەشیان هەبێت.زۆرینەی ئەو چالاكی و كەرنەڤاڵانەی لە ناوخۆ و دەرەوەی رۆژئاوا بۆ پاڵپشتی ریفراندۆم دەكرێت پێشانی دەدەن كە رۆڵی سەرەكییان هەبووە، بۆیە لەسەر ئاستی جەماوەریی، كورد هاوچارەنووسن و ئەو سنوورە دەستكردەكان سەپێنراون، ئەگەر نا كورد هەریەكە" دەربەندی وای گوت.

ئاماژە دا كە پاڵپشتیكردنی یەكتر دوولایەنی هەیە، لایەنی نەتەوەیی كە هیچ كێشەیەكمان نییە دیاریشە و لایەنی سیاسیكە پێوەندی حزبەكانی هەردوولایە، لە نێوان پارتەكانی رۆژئاوا لەگەڵ یەكتر و رۆژئاوا و هەرێمی كوردستان لەلایەكی ترەوە، بەداخەوە ئەو پشتگیرییەمان لەلایەنی بەرامبەر نەبینیوە، ئەگەر ئەوەیان هەبێت دەتوانرێت زۆر شت بكرێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل