بارزانی و عه‌بادی كۆبوونەوە

:: PM:11:06:05/11/2016 ‌
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتە شاری هەولێر دواتر لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵی و تایبەتیش لە نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.

لەمیانەی بەسەركردنەوەی میحوەرەكانی شەڕی ڕزگاری مووسڵ، ئێوارەی ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی شارۆكەی بەرتلەی رۆژهەڵاتی شاری مووسڵی كرد و پاشان بە هەلیكۆپتەرێكی سەربازی و بەیاوەری شاندێكی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر عەبادی و شاندی یاوەری لەلایەن مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و كەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیان لێ كرا.

دواتر لە نێو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان و بەغدا بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی زانیارییەكان دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی شاندی كوردستان و بەغدا، هەریەك لە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵی و تایبەتیان ئەنجام داوە.

زانیاریەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، كە تەوەری سەرۆكی كۆبوونەوەی بارزانی و عەبادی پرسی هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی شاری مووسڵ بووە، كە لە 17 ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ئەمساڵ پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق دەستیان بە پێشڕەوی كرد بۆ كۆنتڕۆڵ كردنەوەی مووسڵ و وەدەرنانی تیرۆریستانی داعش لەو شارە.

هەماهەنگی و هاوكاری نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و قۆناغی داهاتووی شەڕی مووسڵ و كاردانەوە و لێكەوتەكانی شەڕەكە باسی سەرەكی كۆبوونەوەی نێوان فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بووە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د