عەبادی: دانوستاندن لەسەر جیابوونەوەی كوردستان ناكەین

:: AM:09:02:26/09/2017 ‌

سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ئاشكرای كرد، ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی كوردستان نادەستوورییە و دانپێدانانی نێودەوڵەتی نییە و ئەوانیش مامەڵەی لەگەڵ ناكەن و گفتوگۆیش لەسەر ئەنجامەكانی ناكەن.

ئەو قسانەی عەبادی لەمیانەی سەردانێكی هات بۆ بارەگای فەرماندەیی كردەوەگەلی هاوبەشی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق. زیاتر دواو گوتی، هێزەكانی ئێمەیش قوربانیی زۆریان دا، بەڵام نەهاتوون فیتنە هەڵبگیرسێنن، دادگای فیدراڵی بڕیاری دا كە ڕیفراندۆم نادەستوورییە، بۆیە ئێمە ئامادە نین كە گفتوگۆ لەسەر ئەنجامەكەی بكەین و مامەڵەیشی لەگەڵ بكەین.

ئاماژەی دا، ئێمە سەپاندنی ئەمری واقیع بە زەبری هێز ڕەت دەكەینەوە، پێویستە پشت بە دەستوور ببەستین و دادگای فیدراڵی پێویستە ناكۆكییەكان یەكلا بكاتەوە، بە ئەنجامی ڕیفراندۆم ڕازی نابین و بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تر بۆ دژایەتیكردنی ئەنجامدانی ئەو ڕاپرسییە و پێویستیشە ناوچە كێشە لەسەرەكان بۆ ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵی بگەڕێنەوە.

پێشتر مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كەرنەڤاڵەكانی پشتیوانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئاشكرای كرد، دوای ڕیفراندۆم ئەگەر ئەنجامەكە بەڵێ بوو، ئەوا لەگەڵ بەغدا دەكەوینە دانوستاندن و گفتوگۆ لەسەر ئەوەی چۆن ببین بە دوو دراوسێی باش، ئەگەر بەغدایش ئامادەی گفتوگۆ نەبوو، ماوەیەك لەسەریان دەوەستین، ئەگەر هەر نەهاتن ئەوا ئێمە بڕیاری خۆمان دەدەین. بەو هۆیەوە قسەكانی حەیدەر عەبادی و هەڕەشە و بڕیارەكانی بەغدا تەواو لە بەرژەوەندی خێراكردنی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانن لێك دەدرێنەوە.

دوێنێ دووشەم گەلی كوردستان لە پارێزگاكانی هەرێم و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بڕیاریان بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان دا، بەگوێرەی دوا زانیاریی كۆمسیۆن ڕێژەی بەشداری دەنگدەران لە ڕیفراندۆمی دوێنێ 72.16% بووە و چاوەڕوان دەكرێ، ئەمڕۆ سێشەم ئەنجامە بەرایییەكان ڕابگەیەنرێن.

تا ئێستە وڵاتی كەنەدا بە فەرمی ڕێزی لە ریفراندۆم و ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە گرتووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو جەستن ترۆدۆی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا ئاشكرای كرد، كەنەدا ڕێز لەو پرۆسەیە دەگرێ كە كوردەكان لە عێراق دەستیان پێ كردووە.

سەرچاوە/القدس.



وشە - باز ئه‌حمه‌د