BBC:
لایەنگرانی سەربەخۆیی بە جیاوازییەكی زۆر سەركەوتن

:: AM:09:57:26/09/2017 ‌


میدیاكانی دنیا لە نزیكەوە چاودێری ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانیان كرد، دوای كۆتاهاتنی ریفراندۆمیش ئەنجامە بەرایییەكانی ئەم ریفراندۆمەیان گواستەوە.

بی بی سی بڵاوی كردەوە كە سەرووی ٧٢%ی دەنگدەران بەشدارییان لەم ریفراندۆمە كردووە و شەوی رابردووش خەڵك لە شەقامەكانی كوردستان بە هەڵپەڕكێ  خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی.

سەرچاوەكە نووسیویەتی ریفراندۆم لە شاری كەركووكیش بەڕێوە چوو و كوردەكانی ئەم شارە دەڵێن كەركووك سەربە كوردستانە و هەرگیز لەو نیشتمانە جیا نابێتەوە.

بی بی سی باسی لە هەڕەشەی حەشدی شەعبی كردووە كە گوتوویەتی ئەگەر فەرمانیان پێ بكرێت، ئەوا ئامادەن بچنە ناو كەركووكەوە و لە دژی پێشمەرگە بجەنگن. پەیامنێرەكەی بی بی سی لە كەركووكەوە باسی لەوە كردووە كە لەوپەڕی ئارامی و ئاسایشدا خەڵك لە شەقامەكان شادی و خۆشی خۆیان دەردەبڕن و هاتوچۆ تەنانەت لە گەڕەكە عەرەبی و توركمانەكانیش زۆر ئاسایییە.

لە ماوەی رابردوودا گوشارێكی زۆر خرایە سەر مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تا ریفراندۆم دوا بخات، بەڵام ئەو گویێ بە هیچ لایەنێك نەدا و ریفراندۆمەكەی بەڕێوە برد.




وشە - سلێمان تاشان