حزبی دیموكراتی كوردستان: بە یەكگرتوویی ئەم ئیرادە نیشتمانییە سەربخەن

:: PM:01:20:26/09/2017 ‌

دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی سەركەوتنی ڕیفراندۆمی باشووری كوردستان و خرۆشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكە ریفڕاندۆم لە ڕۆژی دیاریكراوی خۆیدا، بە سەركەوتوویی و بە بەشداریی بەرچاوی كۆمەڵانی خەڵكی ئەم بەشە لە كوردستان بەڕێوە چووە، بۆیە وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵكی خاوەن هەڵوێستی باشووری كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان، ئاواتی ئەوە دەردەبڕین هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان یەكگرتووانە كار بۆ جێخستنی یەكجاریی ئەم ئیرادە نەتەوەیی و نیشتمانییە بكەن.

حدك باسی لەوەش كردووە كە له سەرجەم گوتار و پەیام و لێدوانه ڕەسمییەكانی بەر لە ریفراندۆمیش، پێشوازی و پشتیوانیی خۆی له ئیرادەی سەروەریخوازانەی برا كوردەكانیان له باشووری كوردستان و پێویستیی گوڕ و تین بەخشین بەم ئیرادەیه دەربڕیوه.

لە راگەیەنراوەكە ئاماژە بە هەڵوێستی كۆمەڵانی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش كراوە كە وەك ئامادەكاریی بۆ كرابوو، لە ئاستێكی بەربەریندا پشتیوانییان لە پرۆسەی رێفراندۆمەكەی باشووری كوردستان دەربڕی و بە كۆبوونەوە لە دەوری یەكتر لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەكان یەكگرتووانە، كەڕنەڤاڵی شایی و خۆشییان گێڕا. 

لە بەشێكی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، "خەڵكی خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و چالاكانی سیاسی و مەدەنی، بە پشتبەستن بە داوای حزبە سیاسییەكانی خۆیان و بە وەڕێخستنی چەندان كەمپەینی دەیان ‌هەزار كەسی، هاوكات لە گەڵ نزیكبوونەوە لە كۆتاهاتن بە كاتی دەنگدان لە باشووری كوردستان، بە دەیان هەزار كەس بە كۆبوونەوەیان لە شوێنە گشتییەكانی شارەكانی كوردستان، بە هەڵكردنی "ئاڵای كوردستان” و خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی” ئەی رەقیب” شایی و خۆشحاڵیی خۆیان بەم بۆنەوە دەربڕی."

هەروەها هاتووە داوایان لە خەڵكی رۆژهەڵات كردبوو، "ئێستە كه گەلی كورد له باشوور لە بەردەم شیپانەی قۆناغێكی بێ وێنه له مێژووی خۆیدا ڕاوەستاوه، به هەموو شێوەیەكی گونجاو و له ڕێی ئاشتییانه و مەدەنییانەوه بەتایبەتی له ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆیان لەو هەنگاوەی گەلەكەمان له باشووری كوردستان دەرببڕن. ئەوەبوو كە خەڵك وێڕای حزووری بەرچاوی خۆیان و دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان لە بەڕێوەچوونی ئەم پرسە دەربڕی."





وشە - سلێمان تاشان