ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان بۆ ڕۆژنامەیەكی عێراقی:
ئەو وێنەیە ناخ و كولتوور و ڕەوشتتان پیشان دەدات

:: PM:03:18:29/09/2017 ‌

دوای بڵاوكردنەوەی وێنەیەكی نەشیاو لەلایەن ڕۆژنامەیی نەهاری عێراقی ژمارەیەكی زۆر لەڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ناڕەزایەتییان دەربڕی كە سووكایەتیە بۆ ئافرەت ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە ڕاگەیەندراوێكی دەڵێت، ئەو وێنەیە ناخ و كولتوور و ڕەوشتتان پیشان دەدات.

ئەمڕۆ هەینی 29ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە ڕاگەیەندراوێكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان هاتووە، لە رۆژنامەی (النهار)ـی  عێراقی لە كاردانەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا كاریكاتێرێكیان بڵاوكردۆتەوە، چەند پیاوێكی چاوبرسیان كردۆتە هێمای "هێز"ی چەند وڵاتێكی دەوروبەر، گورگ ئاسا چاویان بڕیوەتە خانمێكی گەنج وەك هێمایەك بۆ كوردستان دایانناوە بە هەمووان چاوەڕوانن پەلاماری بدەن بۆیە خودی ئەو وێنەیە گوزارشت لە ناخ و كولتور و رەوشتی "النهار" و هاوڕەوشتەكانیان دەكات كە پیاو وەك دڕندە و ژن وەك هێمای لاوازییە لای ئەوان.

لەبەشێكی ڕاگیەندراوەكە هاتووە، بەتوندی ئەو كولتوورە قێزەونە سەبارەت بە ئافرەت رەتدەكەینەوە، لە هەمانكات بە هەڵگرانی ئەو كولتوورە ڕادەگەیەنن، پێوەری مروڤ بوون و جوامێری و مەردایەتی لای كوردستانیان بەهای بەرزن، لای كوردستانیان ژن  و پیاو مروڤن هەمان رێزو و بەها و قەدریان هەیە.

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، داوا لە ئازادیخواز و مرۆڤ دۆستانی عێراق دەكەن  بێنە دەنگ و ئەو سووكایەتیە قبوڵ نەكەن، داوا لەنێوەندە نێو دەوڵەتییەكان و ئاژانس و رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین لەو كولتوورە ورد ببنەوە، دەنگ هەڵبڕن ئەو سووكایەتییەی كە لە عێراقدا بە ژن و پیاو دەكرێت قبوڵ نەكەن.






وشە - رامیار جەواد