مەترسیدارترین هۆشبەری دنیا بڵاو كرایەوە

:: PM:01:49:14/10/2017 ‌

میدیاكانی دنیا ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی جۆرێكی نوێی مادە هۆشبەرەكان دەكەن بە ناوی "فلاكا" كە بە مەترسیدارترین جۆری هۆشبەر لەسەر ئاستی دنیا دادەنرێ، نرخەكەی زۆر هەرزانە و بە ئاسایی بازرگانی پێوە دەكرێ، بۆیە هۆشداری دەدەن و داوا دەكەن كە هەموو خەڵكی لەبارەی مەترسی ئەو هۆشبەرە ئاگەدار بكرێنەوە و لێی دوور بخرێنەوە.

فلاكا "ئاكا گراڤێڵ"  داپڵۆسێنەرترین و مەترسیدارترین جۆری مادەی هۆشبەرە لە دنیا و بەم دواییە لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریكا دەركەوتووە، ئەم جۆرە هۆشبەرە دروستكراوێكی كیمیایییە لە C15H21NO پێك هاتووە، لە 15 كاربۆن و 21 هایدرۆجین و نیترۆكسید، گومان دەكرێت ئەم جۆرە هۆشبەرە لە چینەوە هاوردەی وڵاتانی تری دنیا بكرێ، یاخود لە ڕێی تۆڕەكانی ئینتەرنێتەوە شێوازی دروستكردنی بڵاو كرابێتەوە .

بەهۆی هەرزانی نرخەكەی كە لە نێوان سێ بۆ پێنج دۆلارە، ئەگەری بڵاوبوونەوەی خێرایی بە سەرتاسەری دنیا یەكجار زۆرە، چونكە بە بەراورد بە جۆرەكانی تری هۆشبەر نرخەكەی یەكجار كەمە و ئەمەیش وا دەكات زۆرینەی بەكارهێنەران و ئارەزوومەندانی هۆشبەر خولیا و گیرۆدەی ببن.

بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە هۆشبەرە، بازرگانان، كەسانی بێلانە و كەمدەرامەت بەكار دەهێنن، تا ئەو جۆرە هۆشبەرە بگەیەننە ئەو شوێنانەی كە مەبەستیانە، تا ئێستەیش ڕێكخراوی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان بەهۆی نەبوونی بەڵگە و سەرچاوەی تەواو نەیانتوانیوە بە شێوەیەكی هەمیشەیی مامەڵەكردن و بازرگانی بەو مادەیە قەدەغە بكەن، ئەمەیش هۆكارێكی ترە تا بازرگانان بە خێرایی بڵاوی بكەنەوە و مامەڵەی پێوە بكەن، بۆ ئەوەی بخرێتە لیستی قەدەغەكراوەكانەوە، چەند ساڵێكی پێویستە، بۆ ئەوەی داتا و زانیاری پێویستی لەسەر كۆ بكەنەوە.

زیانە مەترسیدارەكانی بەكارهێنانی ئەم جۆرە هۆشبەرە 
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان بەكارهێنانی ئەم جۆرە هۆشبەرە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر مێشكی مرۆڤ جێ دەهێڵێ و پەرچەكردارەكان دەشێوێنێت، بەجۆرێ ڕێژەیەی دەمارگیری لە قوربانییانی بەكارهێنانی ئەم مادە كوشندەیە بێسنوور زیاد دەكات، تا دەگاتە ئازاردانی خۆیان كەسانی چواردەوریان.

جگەلەوە ئەو مادەیە پەستانی خوێن بەرز دەكاتەوە و  زۆر جار مولوولەكان و دەمارەكان دەتەقێن و بەكارهێنەر تووشی خوێنبەربوونی ناوەوە دەبێ و زۆرجاریش خوێنبەربوونی دەرەكی لە دەم و لووت و لێو و گەروو ڕوو دەدات. هاوكات پلەی گەرمی جەستەی مرۆڤ بۆ 105 پلەی فەهرەنهایت بەرز دەكاتەوە و بەردەوام دەبێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تا دەگاتە ئاستێكی مەترسیدار و زۆرتر لە 37 پلەی سیلیزی كە بەرزترین پلەی گەرمییە بۆ جەستەی مرۆڤ.

میدیاكان باس لەوە دەكەن، ئەو مادەیە بە تەواوی مرۆڤ گیرۆدە و ئالوودەی هۆشبەرەكان دەكات و كاریگەری ڕاستەوخۆش لەسەر گورچیلەكان دادەنێ، دەبێتە هۆی لەكارخستنی گورچیلەكان.

دەتوانرێ ئەو مادە هۆشبەرە مەترسیدارە وەك جگەرە بەكار بهێنرێ، یان هەڵمژینی لە ڕێی لووتەوە وەك كۆكایین، یا وەك هیرۆرین بە دەرزی دەكرێتە جەستەوە.

سەرچاوە/ Businessinsider. Recoveryfirst.


وەگێڕانی: ساڤان یاسین.
 







وشە - باز ئه‌حمه‌د