میلیشیاكان هێرشیان كرده‌ سه‌ر یه‌كێتی له‌ كه‌ركووك

:: PM:01:06:18/10/2017 ‌
میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك ئاسایشی یەكێتی و هێزەكەی لاهور جەنگی كه بۆ پشتیوانی میلیشیاكان و چاوساغی كردنیان لە كەركووك بوون و ناپاكیان لە پێشمەرگە كرد، بە توندی ئاگەداركراونەتەوە و مۆڵەتی تا ئێوارەیان بۆ داناون تا ئاسایشی یەكێتی چۆڵ بكەن و لە كەركووك ڕا بكەن.

سەرچاوەیەكی تایبەت لە كەركووكەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لاهور و ئاسایشی یەكێتی بەهۆی خیانەت كردن و چوونە پاڵ میلیشیاكان تا ئێستە لە كەركووك مابوونەوە، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن میلیشیاكانەوە مۆڵەتی تا ئێوارەیان بۆ دانراوە، تا ڕا بكەن و كەركووك جێ بهێڵن، بە پێچەوانەوە لێیان دەدەن و هێرشیان دەكەنەسەر.

ئەو سەرچاوەیە بۆ "وشە" دووپاتی لەوە كردەوە، كە ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان لاهور و پاڤل تاڵەبانی لەگەڵ میلیشیاكان و هادی عامری كراوە، تا ئەو كاتە كاری پێكرا كە میلیشیاكان هاتنە ناو كەركووك و بەهۆی خیانەتی ئەوانەوە سەنگەرەكان چۆڵ كران و میلیشیاكان هاتنە كەركووك، ئێستە حەشدی شەعبی ئیشیان بە لاهور و پاڤڵ نەماوە و ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵیشیان كردوون بوو بە خۆڵەمێش، بۆیە مۆڵەتی تا ئێوارەیان بۆ داناون، بۆ ئەوەی ڕا بكەن، بە پێچەوانەوە هێرشیان دەكەنەسەر.

ئاماژەی دا، لە بەیانییەوە ئاسایشی یەكێتی لە بارەگەی سەرەكی خۆیان خەریكی سووتاندنی پەڕاو و بەڵگەكانی خۆیانن و ئێستەیش دەستیان بە هەڵاتن كردووە و كەركووك بە جێ دەهێڵن.

كاوە مەلا پەروێز بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی لە كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كە بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی خیانەتكارانی ناو لایەنێكی سیاسی لەگەڵ میلیشیاكان ئەنجامیان داوە، دەبوو میلیشیاكان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە ناو كەركووكەوە، بەڵام هەر لە چركەی یەكەمی هاتنە ناو كەركووك، ئەوان ڕێككەوتنەكەیان شكاند و ئێستەیش لە كەركووك بڵاوەیان كردووە و گەڕەكە كوردییەكان تاڵان دەكەن و سوكایەتی بە كوردانی ئەو شارە دەكەن.

شەوی 15 لەسەر 16ی ئەم مانگە، بەهۆی خیانەت كردن لە خەڵكی كەركووك و كوردستان، گرووپێكی لایەنێكی كوردستان چاوساغیان بۆ میلیشیاكان كرد و فەرمانیان بە پێشمەرگەكانی ئەو حزبە كرد پاشەكشە بكەن و ڕێگە بۆ میلیشیاكان چۆڵ بكەن تا كەركووك داگیر بكەن.

كه‌مێك پێش ئێسته‌ كۆسره‌ت ڕه‌سول جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، چه‌ند كاڵفام و لاده‌رێكی ڕێبازی یه‌كێتی، بوونه‌ چاوساغی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هه‌موو ئه‌و كاره‌ساته‌یش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و كاڵفامانه‌ی ناو یه‌كێتی.

كه‌ركووك/ دلۆڤان مه‌جید كاكه‌یی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د