ئێران لە هەڵوێستەكانی پەشیمان دەبێتەوە
ئەمەریکا لەسەر بوونی پاسداران لە کەرکووک دێته‌ ده‌نگ

:: PM:02:35:18/10/2017 ‌


دوو رۆژ دوای رووداوەكەی كەركووك، خەریكە هەموو شتێك بۆ میدیاكان و ناوەندەكانی بڕیاری ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی روون دەبێتەوە و دەركەوتنی راستییەكانیش بە پشتبەستن بە بەڵگە، دەرهاویشتەی جۆراوجۆری لێ دەكەوێتەوە. یەكێك لەو دەرهاویشتانە ئەوەیە سوپای پاسداران بە زەبری هێز پاشەكشەی پێ بكرێت، چونكە ئەمەریكا هەرگیز بەوە رازی نابێت كەركووك لە دەستی ئێراندا بمێنێتەوە.

ئەوانەی لەو رووداوانە قازانجیان كردووە، لەوانەیە ئەنجامەكانی و پێشهاتەكانی داهاتوو بە خراپ بە سەریاندا بشكێتەوە یان ئەوانەی تیایدا زیانمەند بوون، قەرەبووی زیانەكانیان بكرێتەوە و هەندێك شت روو بدات كە پێشبینی ئەوەیان نەدەكرد روو بدات. ئەوانەی لە رووداوەكاندا قازانجیان كردووە و خۆیان بە سەركەوتوو دەزانن، لە ئێستەوە خەریكی هێنانەوەی پاساون و دەیانەوێت خۆیان بێبەری بكەن بۆ ئەوەی پڕیشكی ئەنجامەكانی ئەو هەنگاوەیان بەرنەكەوێت.

لە رووداوەكانی كەركووك سەری مارەكە ئێران بوو و هەر لە سەرەتاوە تا كۆتای كێشەكە ئێران رۆڵی باڵای تێدا بینی و دواجاریش خۆی بە سەركەوتوو هەژمار كرد.

میدیاكانی ئێران دوای ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی گەیشتنە كەركووك، نەیانتوانی دان بە خۆیاندا بگرن و خۆشحاڵییەكەیان بشارنەوە و  بە سەركەوتنەكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك شاگەشكە بوون. جۆری بڵاوكردنەوەی هەواڵەكانیان ئەو راستییەی سەلماند كە حەشدی شەعبی لە لایەن ئێرانەوە سەركردایەتی دەكرێت و هەر جۆرە سەركەوتنێكی ئەو هێزەشیان وەك شانازییەك بۆ فەرماندەكانی سوپای پاسداران هەژمار كرد.

ئەگەر پێشمەرگە یەكگرتووانە جەنگی داعشی كردبایە، هەرگیز حەشدی شەعبی یەك مەتریش نەیدەتوانی بەرەو خاكی كوردستان هێزەكەی بجووڵێنێت، بەڵام لە سایەی پیاو و دەست و پێوەندەكانیان لە ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، توانییان پاشەكشێ بە پێشمەرگە بكەن.

چەند بەرپرسێكی ناپاكی لایەنێكی سیاسی كوردستان بە بێ ئەوەی بۆ سەرووی خۆیان بگەڕێنەوە و لانی كەم پرس بە سەركردایەتیی حزبەكەیان بكەن، ژێربەژێر لەگەڵ قاسم سلێمانی رێك كەوتن و لە بەرامبەر بڕێك پارە و دەستكەوتی شەخسی جگە لە رادەستكردنی كەركووك، خیانەتیان لە پێشمەرگە و هەموو گەلی كورد كرد.

رێككەوتنەكە لە میدیاكانی دنیا بڵاو بووەوە و هەر ئەمڕۆكە كۆسرەت رەسووڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا، ئەوانی بە كاڵفام هەژمار كرد و پەردەی لەسەر ئەو نهێنییانە لادا و گوتی، هۆكاری شكستەكە بۆ كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دەگەڕێتەوە. 

لە دوای بەدەستەوەدانی كەركووك، عەلی ئەكبەر ویلایەتی ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، بۆ میدیاكانی ئێران باسی لە شكستی كورد لە كەركووك كرد و گوتی، "نەمانهێشتووە پیلانەكەی بارزانی سەر بگرێت".

هەر ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەم لە ترسی كاریگەری دەرهاویشتەكانی ئەو دەستێوەردانە، قسەكانی خۆی گۆڕیوە و بە پێچەوانەی دوو رۆژی رابردوو قسە دەكات. ئێران كە بە هەموو هیزێكی سیاسی، سەربازی، تەناهی، هەواڵگری و میدیایی دواجار خۆی بەسەر كەركووكدا زاڵ كرد، ئێستە زۆر لەوە دەترسێت ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمان هەڵوێست وەربگرن و ئەو ریسەیان لێ بكەنەوە بە خوری.

ویلایەتی ئەمڕۆ بە فەرمی رای گەیاند كە ئێران هیچ رۆڵێكی لە پرسی كەركووكدا نەبووە و گوتی، سوپای پاسدران دوور و نزیك ئاگای لە كەركووك نییە و هێزەكانی عێراق رۆڵیان بینیوە.

ویلایەتی كە بە هەنگاوەكەی بارزانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان زۆر نیگەران بوو، رۆژی رووداوەكە نەیتوانی نیگەرانییەكەی بشارێتەوە و گوتی، خەونی كورد بۆ سەربەخۆیی كۆتای پێ هاتووە.

لەم دواییانە دۆناڵد ترەمپ لە ستراتیجی نوێ خۆیدا سزای بەسەر سوپای پاسداراندا سەپاندووە و دەیەوێت بەرامبەر بە ئێران بوەستێت، چونكە لەوە دڵنیایە كە ئێران پاڵپشتی تیرۆر لە ناوچەكە دەكات و بە بێ سنوورداركردنی چالاكییەكانی ئێران و سوپای پاسداران، ئاسایش و ئارامی هەرگیز بۆ ناوچەكە ناگەڕێتەوە.

لە یەكەم رۆژەكانی دوای راگەیاندنی ستراتیجی ترەمپ، دەبینرێت سوپای پاسداران لە جیاتی ئەوەی پاشەكشەی پێ بكرێت، ئەوا زیاتر بەرەوپێش چووە و خەریكە هەر لە كوردستانەوە هیلالە شیعییەكەی خۆی تەواو دەكات كە خەونی مێژووییەتی. لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكەوە چەكداری حەشد بینراوە وێڕای بێڕێزیكردن بە گەلی كورد، وێنەی خامنەیی رێبەری ئێرانی لە پشت سەری خۆی هەڵواسیوە و ئەمەش دەریدەخات ئێران هەر پاساوێك بهێنێتەوە، ناتوانێت خۆی لەوە رزگار بكات ئەوەی لە كەركووك رووی داوە بە هۆی سوپای پاسداران بووە و ئەوە هێزەكانی سەر بە سوپای پاسدارانن كە دەسەڵاتی كەركووكیان بە دەستەوە گرتووە نەك هێزێكی نیشتمانیی عێراقی.

هەر دوێنێ لە میدیا كوردییەكان، كەسانێك لە ناو حەشدی شەعبی قسەیان كرد كە تەنانەت هیچ زمانێكی پێكهاتەكانی عێراق نازانن و بە فارسی قسەیان كردبوو.

جێی باسە سوپای پاسدارانی ئێران رۆڵێكی سەرەكی هەیە لە ناو حەشدی شەعبی و ئەو هێزە هەر لەسەر داواكاری و پێشنیاری ئێران دامەزراوە، لە ناو چەكدارانی حەشدی شەعبیش بە دەیان راوێژكاری باڵای سوپای پاسدارانی ئێران هەن. قاسم سلێمانی كە فەرماندەی هێزەكانی قودسی ئێرانییە، چەندان جار لە نێو چەكدارانی حەشدی شەعبی بینراوە و وێنەكانی بڵاو كراوەتەوە.

ئەگەر ئەمەریكا لەسەر جێبەجێكردنی ستراتیجییەكەی سوور بێت، دەبێت یەكەم هەنگاوی ئەوە بێت پاشەكشێ بە سوپای پاسداران لە كەركووك بكات.





وشە - سلێمان تاشان