نێچیرڤان بارزانی: رێککەوتنێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ قۆناغی دوای داعش نییە

:: PM:12:00:08/11/2016 ‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە دوای داعش هەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەیە دراوسێیەکی ئارام و بێکێشەی هەبێت و گوتیشی هیچ رێککەوتنێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ قۆناغی دوای داعش نییە.

ئەمڕۆ سێشەم  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆنفرانسی ئایینی وەزارەتی ئەوقاف دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت دراوسێی ناوچەیەکی ئارام بێت نەوەک دراوسێی ناوچەیەک بێت پڕبێت لە کێشە و گرفت و ناکۆکی، هەروەها سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و پێشمەرگە پیشانی هەموو جیهانیاندا کە ئاشتیان دەوێ و ئەوەش لە پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەی گرتووە.

نێچیرڤان بارزانی رەتی کردەوە رێککەوتنێکی سیاسی ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی  بۆ قۆناخی دوای داعش هەبێت و بۆ ئەوەی رێگە لە بیری تووندوتیژی بگیرێت داوای لە مامۆستایانی ئایینی کرد هاوکاری دۆخەکە بن.

ئەو سەرکەوتن و قارەمانییەتی پێشمەرگە و هەوڵ و ماندووبوونەکانی هێزەکانی ئاسایشی بەرز نرخاند کە سەرووی دوو ساڵە دژی تیرۆریستانی داعش دەجەنگن و روونیشی کردەوە، پێشمەرگە خاوەنی ئاکارێکی بەرزە و تەنیا بەرگری لە کورد ناکات، بەڵکو بەرگری لە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان دەکات و پەرە بە پێکەوەژیان لە کوردستان دەدات.  بەگوتەی نێچیرڤان بارزانی پێشمەرگە بەو ئەخلاقە بەرزەی هەیەتی بووەتە مایەی شانازی گەلی کورد و ناوچەکە و هەموو جیهان، دیمەنەکانی نوێژکردنی بەکۆمەڵی بەیانیانی پێشمەرگە و هاوکاریکردنی منداڵ و خێزانی ئاوارەکان ئەخلاقی گەورەی پێشمەرگە پیشان دەدەن، کە لە شۆڕشەکانیشدا هەمان ئەو ئەخلاقەی پەیڕەوکردووە.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە وتاری مامۆستایانی ئایینی كرد و گوتی نابێ مینبەری مزگەوتەکان بۆ بڵاوکردنەوەی بیری توندوتیژی بەکار بهێنرێت. ئەو داواشی لە مامۆستایانی ئایینی كرد شانبەشانی پێشمەرگە بەشداربن لە بەرەنگاربوونەوەی بیری تووندڕەوی و تەکفیر و تیرۆر و بنبڕی بکەن.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو کە داعش تێکشکاوە و نابێت رێگە بدرێت دووبارە داعش گەشە بکات، چونکە گەورەترین تاوانی لە کوردستان ئەنجام دا. ئەو سەبارەت بە جەنگی رزگارکردنی مووسڵ دووپاتی کردەوە کە رۆژ بەرۆژ داعش لە پاشەکشەدایە و پشت بە خوا بەمزووانە  و بە کەمترین زیان شارەکە رزگار دەکرێت.

سەرۆکی حکوومەت باسی لەو هۆکارانەش کرد کە بەهۆیانەوە داعش سەریهەڵدا و گوتی "باڵادەستبوونی تایفی و مەزهەبی و پشتگوێخستنی ئەوانی دیکە بەشێک بوو لە هۆکاری دروستبوونی داعش و بەهێزبوونیشی پەیوەست بوو بە دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنی شەش فیرقەی سوپای عێراق، پرسیاری گرنگیش ئەوەیە ئایە هیچ گەرەنتییەک هەیە بۆ سەرهەڵنەدانەوەی داعش لە ناوچەکەدا".


وشە - سلێمان تاشان