بۆچی پیاوان لە مانگی نۆڤێمبەردا سمێڵیان ناتاشن و مەبەست لە "مۆڤێمبەر" چییە؟

:: PM:01:16:08/11/2016 ‌

ئەگەرچی ژمارەیەك لە خەڵك لەو بڕوایەدان، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە هۆی لاوازكردنی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام لە بەرامبەریشدا بەكارهێنەرانی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانە، توانیویانە لە زۆرێك لە ناوچە لە یەكتر دوورەكانی دنیاوە، پێوەندیی بە یەكترەوە گرێ بدەن و لە پێناو ئامانجی هاوبەشدا كۆ ببنەوە و هەڵمەتی بەرفراوان بەڕێوە ببەن، لەو نێوانەشدا هەڵمەتی "مۆڤێمبەر" پێش دروستبوونی ئەو تۆڕانە كەمتر بڵاو بووەوە لەناو خەڵكدا، بەڵام ئێستە لە سەرانسەری دنیادا خەڵكی ئەگەر بەشداریشی تێدا نەكەن لێ ئاگەدارن.

زۆرن ئەو كەسانەی لە زۆرێك لە كۆمەڵگە جیاجیاكانی دنیاوە، ساڵانە بەشداری لە هەڵمەتی "مۆڤێمبەر"ی مانگی نۆڤێمبەر دەكەن و ئامانجیان لە هەڵمەتەكە هەواڵدانە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی تووشبوونی پیاوان بە نەخۆشیی شێرپەنجەی پرۆستات.



ناوی هەڵمەتەكە لە چییەوە هاتووە؟
هەڵمەتەكە بە "مۆڤێمبەر" ناوی دەهێنرێت و هەر بەو ناوەشەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هاشتاگی بۆ دروست كراوە، ناوەكەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە هەڵمەتەكە لە مانگی نۆڤێمبەر بەڕێوە دەچێت و بەشداربووانیش لەو مانگەدا سمێڵیان ناتاشن، جا ناوی هەڵمەتەكە لە لێكدانی هەریەك لە وشەكانی "مۆستاش" كە لە زمانی ئینگلیزی بە مانای سمێڵ دێت و "نۆڤێمبەر"یش كە ناوی ئەو مانگەیە كە هەڵمەتەكەی تێدا بەڕێوە دەچێت، دروست كراوە.



مێژووی دەستپێكردنی هەڵمەتەكە
هەڵمەتی مۆڤێمبەر لە ساڵی 2003ەوە دەستی پێ كردووە و لەو ساڵەدا بۆ یەكەم جار توانی بڕی 560 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی كۆ بكاتەوە، بە مەبەستی هەوڵدان بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی نەخۆشییەكە و دواتریش هەر لەو ساڵەدا، دامەزراوەیەكی تایبەت بە ناوی مۆڤێمبەر دامەزرێنرا، بۆ ئەو مەبەستە و بەردەوامی پێدانی هەڵمەتەكە بە شێوەیەكی ساڵانە.



چۆنیەتیی بەشداریكردن لەو هەڵمەتەدا
بەشداربووانی ئەم هەڵمەتە سەرباری پێدانی بڕە پارەیەك وەك هاوكاری بۆ نەهێشتنی نەخۆشییەكە و هاوكاریكردنی تووشبووان، هەڵدەستن بە هێشتنەوە و نەتاشینی سمێڵیان بە درێژایی مانگی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەم، ئەمەش وەك بیرهێنانەوە و هاندانێكی پیاوان، بۆ ئەوەی بەر لە تووشبوون پێی و تەشەنەسەندنی نەخۆشییەكە، سەردانی پزیشك بكەن و پشكنینی پێویست بۆ خۆیان ئەنجام بدەن.

بەشداربووانی هەڵمەتەكە، كە سمێڵیان دەهێڵنەوە ئەمە وەك بەڵێندانێكیش وایە كە دەبێت پشكینینی پزیشكی بۆ خۆیان ئەنجام بدەن و ئەو بابەتە پشتگوێ نەخەن.



بەشداریكردنی ژنان و منداڵ لەو هەڵمەتەدا
بەشداریكردن لە هەڵمەتی مۆڤێمبەر تایبەت نییە هەر بە پیاوان، بگرە ساڵانە ژمارەیەكی زۆری ژنان و منداڵانیش لە ناوچە جیاجیاكانی دنیا، بە دانانی سمێڵی دەستكرد و بڵاوكردنەوەی وێنەكانی خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پەیوەستكردنی بە هاشتاگی مۆڤێمبەر، بەشداری دەكەن و هانی پیاوان دەدەن بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەكە.



مۆڤێمبەر فاوندەیشن
دامەزراوەیەكی قازانج نەویستە لە ساڵی 2003 دامەزراوە، ئامانجی كۆكردنەوەی بەخشین و هاوكارییەكانە لە پێناو ئەنجامدانی توێژینەوە و هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی تەندروستیی تایبەت بە پیاوان، تا كۆتای ساڵی 2015 ژمارەی ئەو كەسانەی لە پێگەی تایبەتی ئەو دامەزراوەیە ناوی خۆیان تۆمار كردووە و بوونەتە ئەندام تێیدا، ژمارەیان پێنج ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە.

بە گوێرەی پێگەی فەرمیی دامەزراوەكە، ئەم دامەزراوەیە ئامانجی ئەوەی هەیە كە بتوانێت تا ساڵی 2030 رێژەی ئەو كەسانەی كە ساڵانە بە هۆی شێرپەنجەی پرۆستات و شێرپەنجەی گونەوە گیان لە دەست دەدەن، بە رێژەی %25 كەم بكاتەوە.

دامەزراوەكە رای دەگەیەنێت كە لە ماوەی 13 ساڵی رابردووی كاركردنیان، توانیویانە بڕی 710 ملیۆن دۆلار لە میانەی بەخشینەكاندا كۆ بكەنەوە و بەمەش لە 21 وڵاتی جیاواز پڕۆژەكانی خۆیانیان ئەنجام داوە.



نەخۆشیی شێرپەنجە
نەخۆشیی شێرپەنجە یەكێكە لە نەخۆشییە بەربڵاو و كوشندەكان و لە زۆربەی ناوچەكانی دنیادا هەیە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشبووان زووتر بە هۆیەوە گیان لە دەست دەدەن، چەندان جۆری هەیە و لە ئەندامە جیاجیاكانی جەستە دروست دەبیت، ئەمەش وای كردووە لە دنیادا چەندان هەڵمەتی جیاواز، بە گوێرەی تایبەتمەندی كولتووریی كۆمەڵگەكان بەڕێوە بچن، بە مەبەستی كەمكردنەوە و نەهێشتنی، بۆ نموونە هەڵمەتی مۆڤێمبەر كە بریتییە لە هێشتنەوەی سمێڵ دژ بە شێرپەنجەی پرۆستات، یاخود هەڵمەتی تاشینی پرچ بۆ پشتیوانیكردن لە تووشبووانی شێرپەنجەی خوێن.



شێرپەنجەی پرۆستات
یەكێكە لە بەربڵاوترین جۆرەكانی شێرپەنجە لە نێوان پیاواندا، بە دووەم مەترسیدارترین جۆری شێرپەنجە هەژمار دەكرێت، كە ساڵانە دوای نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەكان لە ریزبەندی دووەمدایە لە كوشندەیی تووشبووانی شێرپەنجە و لە دنیادا زیاتر لە 14 ملیۆن تووشبووی هەیە.



هەروەها نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە بریتین، لە ئەستەمی و هەبوونی ئازار لە كاتی میزكردندا، شەوانە چەندان جار میزكردن، پچڕپچڕیی میزكردن، هەستكردن بە ئازار و سووتانەوە لە كۆئەندامی میزدا و هەندێك جاریش بوونی خوێن لەناو میزدا.

سەرچاوە: ئەلعەرەبییە، ویكیپیدیا، سەیدی، ئەلحەیات.


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی